تراژیدیای كەناڵ ئینگلیز؛ پێدەچێت زۆربەی كۆچبەرە خنكاوەكان كوردبن

25-11-2021 03:15
ژمارەیەك كۆچبەر لە كەنار دەریا لە باكوری فەڕەنسا بەلەمێكیان هەڵگرتووە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە

پەرەگراف

زۆرینەی ئەو 27 كۆچبەرەی لە فەڕەنساوە دەیانویست بچنە بەریتانیاو دوێنێ لە ئاوی كەناڵ ئینگلیز خنكان، باوەڕوایە كوردبن.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە تویتێكدا، ڕایگەیاند، هەست بە خەمێكی قوڵ دەكات بۆ گیانلەدەستدانی 27 كۆچبەر، "پێدەچێت ژمارەیەكیان كوردبن، كار بۆ ئەوە دەكەین ناسنامەكانیان دەستنیشان بكەین، هاوخەمی خۆمان بۆ كەسوكارەكانیان دەردەبڕین".

سەرۆكوەزیرانی هەرێم جارێكی دیكە باسلە مەترسیی كۆچی نایاسایی‌و قاچاخچێتیی دەكات كە خەڵك بەرەو مەرگ دەبەن، دەڵێت "پێویستە هەموومان پێكەوە بیانوەستێنین".

كەناڵ ئینگلیز(یاخود نۆکەندی ئینگلیز) ڕێڕەوێكی ئاوییە لە نێوان بەریتانیاو فەڕەنسا، كۆچبەران بە بەلەم بەو ئاوەدا تێپەڕبوون بە ئامانجی گەیشتنە بەریتانیا، بەڵام بەلەمەكەیان نقووم بووە.

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاند، 17 لەو كۆچبەرانەی خنكاون پیاون، 7 ژن كە یەكێكیان دووگیان بووە لەگەڵ سێ هەرزەكار.

ئەوانەی لەو بەلەمەدا ڕزگاریان بووە دوو كەس بوون كە باری تەندروستییان باش نییەو لە نەخۆشخانەن لە فەڕەنسا، ئەو دوو كەسە عێراقییەك‌و سۆماڵییەكن.