فەرماندەیەکی نزیک لە لاھور شێخ جەنگی لە ڕانیە دەستڕێژی گوللەی لێکرا

25-11-2021 07:17

پەرەگراف

نوێکراوەتەوە لە کاتژمێر ٨:٢٠ خولەک

موراد کانی کوردەیی فەرماندەی سەربازیی یەکێتی نزیک لە لاھور شێخ جەنگی، لە ڕانیە دەستڕێژی گوللەی لێکراو کوژرا.

میدیای فەرمیی یەکێتی لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاوی کردەوە، "لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو مورادکانی کوردەیی لەدوای ئەوەی ویستراوە یاسا جێبەجێبکرێت، ڕووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە و کارمەندێکی ھێزە ئەمنییەکان شەھیددەکەن و کارمەندێکی تریش بریندار دەکرێت. لەئەنجامدا ھێزە ئەمنییەکان وەڵامیان داوەتەوە و موراد کانی کوردەیی دەکوژرێت".

سەرەتای ڕووداوەکە سۆشیاڵ میدیای نزیک لە لاھور شێخ جەنگی بڵاویان کردەوە "بەھۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوەو ھەر لەو ڕووداوەدا دوو پاسەوانیشی کوژراون"، بەڵام ئەم زانیارییە بۆ پەرەگراف پشتڕاست نەبووەوە.

ئەوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە لاھور شێخ جەنگی بۆ پەرەگراف وتی "زانیاریی جیاواز ھەیە دەربارەی ئەوەی موراد کانی کوردەیی وپاسەوانەکانی لە ژیاندا ماون یان نا"، پەرەگراف چەندجارێک پەیوەندیی بە پۆلیس و تەندروستی ڕانیەوە کرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە، دواتر میدیای یەکێتی کوژرانی پشتڕاست کردەوە.