ئەنجومەنی ئاسایش: موراد کانی کوردەیی و دوو پاسەوانی کوژران

25-11-2021 11:19

پەرەگراف

ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕووداوەکەی ڕانیە بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند "موراد کانی کوردەیی و دوو پاسەوانی کوژراون"، دەشڵێت، ھەر لەو ڕووداوەدا کارمندێکی ئەمنیی کوژراوەو سێ کەسیش برینداربوون.

روونکردنەوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١ ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی کە لەگەڵیدا بوون رووبەڕووی ھێزەکە دەبنەوە کە لەکاتی ئەرکدا بوون بۆ جێبەجێکردنی سەروەری یاسا، کارمەندێکی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل) شەھید دەکەن و سێ کەسی تریش بریندار دەکەن.

لە ئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشکێنان و ھەڵھاتوان موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی دەکوژرێن.

لێرەوە بۆ رای گشتی رووندەکەینەوە دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون دەکەن بۆ دەستگیرکردنی ھەموو ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەستن بەم رووداوەوە و لەدادگا ھەڵھاتوون و سەرجەم تۆمەتباران راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.