ڕاگەیەندراوێكی هەڕەشەئامێز لە بنەماڵەی موراد كانی كوردەییەوە: بە برینداری و لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی سپاردووە

26-11-2021 02:21

پەرەگراف

بنەماڵەی عەمید موراد كانی كوردەیی كە ئێوارەی دوێنێ‌ لە ناوبازاڕی ڕانیە لەگەڵ دوو پاسەوانی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستڕێژی گوللـەیان لێ‌ كرا، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێن "عەمید موراد بە پیلانێكی هاوبەش و نەخشە بۆ داڕێژراوی دوو دەزگای ئەمنیی یەكێتی، بە برینداری و لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی سپاردووە".

بنەماڵەكەی دەڵێن "عەمید موراد كانی كوردەیی پلەی سەربازیی هەبووە و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پۆلیسی ڕاپەڕین بووە، دوێنێ دەوامی ڕەسمیی خۆی كردووە، هەر داوا و سكاڵایەكی یاسای لەسەر بووبێت، دەكرا بەشێوەیەكی یاسایی و بە ڕێكار و عورفی سەربازی ئاگادار بكرایەتەوە".

"عەمید موراد بە برینداری لە لایەن چەكدارەكانەوە ڕفێندراوە و دوای شەش كاتژمێر پەیوەندی بە كەسوكارەكەیەوە كراوە و پێیان وتوون بڕۆن تەرمەكەی لە پزیشكی دادی لە شاری سلێمانی وەرگرنەوە، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەكەی و توێكاری پزیشكی، دەركەوتووە كە عەمید موراد فیشەك بەر قاچی كەوتووە و نەمردوە، بەڵكوو دوای قۆڵبەستكردنی بە برینداری، بردوویانە و دواتر لەژێر ئەشكەنجەدانێكی زۆر دڕندانە گیانی سپاردووە"، بنەماڵەكەی وا دەڵێن.

لە ڕاگەیەندراوی بنەماڵەی عەمید موراد كانی كوردەیی، گێڕانەوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لەبارەی ڕووداوەكەوە بە "تۆمەتی بێبنەما و چەواشەكاری" ناو براوە كە ئامانج لێی "داپۆشینی كارە قێزەونەكەیانە و دەیانەوێت كەیسەكە بەلاڕێدا ببەن".

بنەماڵەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی یەكێتی دەشڵێن "بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە تا ئەوكاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشكرا نەكرێن و ڕادەستی یاسا نەكرێن، پرسە بۆ شەهیدەكانمان دانانێین و ئەگەر لە ماوەیەكی زۆر كەمیشدا تاوانباران دەستگیر نەكرێن و نەخرێنە قەفەسی زیندانەوە، بە پێچەوانەوە پەتی دانبەخۆداگرتنمان دەپچڕێت و وەڵامی توندمان دەبێت بەرامبەر ئەو تاوانەی دەزگای زانیاری كە دەرهەق بە ڕۆڵەكانی ئێمە ئەنجامی داوە".

ئێوارەی دوێنێ‌ لەناو بازاڕی ڕانیە، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستڕێژی گوللـە لە عەید موراد كانی كوردەیی، فەرماندەی سەربازیی نیزك لە لاهور شێخ جەنگی كرا، دوو پاسەوانی گیانیان لەدەست دا و خۆشی لەلایەن هێزە ئەمنییەوە بۆ بردرا بۆ سلێمانی.

پاش چەند كاتژمێرێك لە ڕووداوەكە، كەسوكارەكەی ئاگادار كرانەوە كە تەرمەكەی لە پزیشكی دادی سلێمانی وەربگرنەوە.

شەوی ڕابردوویش ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا لەبارەی ڕووداوەكەوە وتی "ھێزێكی فەرمی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیركردنی داواكراو (موراد كانی كوردەیی) لە شاری ڕانیە ئەركی دەستگیركردنی ناوبراویان پێ سپێردرا، لە كاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەدا، موراد كانی كوردەیی و پاسەوانەكانی ڕووبەڕووی ھێزەكە دەبنەوە و كارمەندێكی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل) شەھید دەكەن و سێ كەسی تریش بریندار دەكەن. لە ئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەریی یاساشكێنان و ھەڵھاتوان، موراد كانی كوردەیی و دوو لە پاسەوانەكانی دەكوژرێن".

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

ڕاگەیاندراوێك لە خانەوادە و بنەماڵەی شەهید عەمید موراد كانی كوردەیییەوە بۆ ڕایگشتی

وەك ئاشكرایە ئێوارەی دوێنی پێنج شەممە٢٦ی ١١ی ٢٠٢١، عەمید (موراد عەبدولرەحمان عەوڵا) ناسراو بە (موراد كانی كوردەیی ) و دوو لە پاسەوانەكانی بە ناوەكانی (خۆشناو وەیسی و هاوكار نازم) لە كردەوەیەكی تیرۆریستی و ترسنۆكانەدا و بە پیلانێكی هاوبەش و نەخشە بۆ دارێژراوی دوو دەزگای ئەمنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بەشێوەیەكی زۆر نامرۆڤانە شەهیدكران و پاسەوانێكیشی بەناوی (سەركار فاخیر) برینداركراوە و یەكێك لە هاورێكانیشی بەناوی (فرسەت قادر ئەحمەد) فرێندراوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە. لێرەوە بە رایگشتی رادەگەیەنین:-

١- (عەمید موراد كانی كوردەیی) پلەی سەربازیی هەبوە و بەرێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پۆلیسی ڕاپەڕین بووە، دوێنێ دەوامی رەسمی خۆی كردوە، هەر داوا و سكاڵایەكی یاسای لەسەر بووبێت، دەكرا بەشێوەیەكی یاسایی و بە رێكار و عورفی سەربازیی ئاگادار بكرایەتەوە، هەر بۆیە هەموو ئەو تۆمەتە بێبنەما و چەواشەكارییانەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە تووندی رەت دەكەینەوە و رایدەگەیەنین ئەوتۆمەتە بۆ داپۆشینی كارە قێزەونەكەیانە و دەیانەوێت كەیسەكە بەلارێداببەن، لەكاتێكدا خوێن لە جەستەی عەمید موراد دەچۆڕا جارێكیتر بەم تۆمەتە دووجار شەهیدیان كرد و رق و توڕیی بنەماڵەكەشیان زیاتر كرد.

٢- عەمید موراد بە برینداری لە لایەن چەكدارەكانەوە رفێندراوە و دوای شەش كاتژمێر پەیوەندی بە كەس و كارەكەیەوە كراوە و پێیان وتوون برۆن تەرمەكەی لە پزیشكی دادی لە شاری سلێمانی وەرگرنەوە، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەكەی و توێكاری پزیشكی، دەركەوتوە كە عەمید موراد فیشەك بەرقاچی كەتوە و نەمردوە بەڵكو دوای قۆڵبەستكردنی بە برینداری بردویانە و دواتر لەژێر ئەشكەنجەدانێكی زۆر دڕندانە گیانی سپاردوە، بەپێی راپۆرتی زارەكی پزیشكی دادی كە لە كۆیە دووبارە بۆی ئەنجام درایەوە، دەركەوتوە كە شوێنی لێدانی كارەبا لەسەر دڵی و شوێنی چەقۆ و برینەكانی سەر جەستەی بەتایبەت بە پشت و ملیەوە وهەڵواسینی هەردوو دەستی بە روونی دەركەوتووە كە لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی سپاردوە.

لە لایەكی ترەوە هەموو ئەو تۆمەتانەش رەتدەكەینەوە كە باس لەوە دەكرێت، كارمەندێكی ئەمنی كە ماوەی دوومانگە لە دەزگای زانیاری بە شێوەی گرێبەست كاردەكات و ( بێ ئەوەی هیچ جۆرە مەشق و راهێنانی سەربازی كردبێت و بە ئەزمونێكی كەمەوە )، لەو رووداوەدا كوژرابێت، كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان لە لایەن دەزگا ئەمنیەكانەوە پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە كراوە و پێیان وتراوە كە فیشەكی لەدەست دەرچوە و دوای برینداربونی گیانی سپاردوە، دواتر بە ئەمبوڵانسێك تەرمەكەیان ناردۆتەوە، بۆیە هەر لێرەشەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزان و خانەوادەی سەربەرز و تێكۆشەری ئەو كارمەندە دەكەین و داواش دەكەین رێگەنەدەن راستیەكانی مەرگی رۆڵەكەیان بەلارێدا ببرێت و تێكەڵ بەو پیلانە نەگریسەی دەزگای زانیاری بكرێت.

٣- هاورێیەكی عەمید موردا بەناوی (فرسەت قادر ئەحمەد) كە لەوكاتەدا لەگەڵیدابوە، لەلایەن چەكدارەكانەوە رفێندراوە، هەرچەندە شوێنی پەلاماردانەكە لە شوێنێكی دیاری ناو شاری رانیە بووە، بەڵام بۆ داپۆشین و شاردنەوەی راستیەكان، ئاسایش دەستبەجێ هەموو كامێراكانی ئەو ناوچەیەی هەڵگرتۆتەوە، بۆیە نازاندرێت بەرەوكوێ براوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە.

٤- ئێمە وەك بنەماڵەی قوربانیان، كە بەخوێن پشتیوانیمان لە یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان كردوە و دەیان شەهیدمان لە پێناو گەل و خاكی كوردستان بەخشیوەو قوربانیمانداوە، شەهیدبوونی بەناهەقی رۆڵەكانمان بەدەستی ئەنقەستی دەزگا ئەمنیەكانی حزبەكەمان بە توندی ئیدانە و شەرمەزار و رسوا دەكەین، لە هەمانكاتدا بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین كە تا ئەوكاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشكرا نەكرێن و رادەستی یاسا نەكرێن، پرسە بۆ شەهیدەكانمان دانانێین و ئەگەر لە ماوەیەكی زۆر كەمیشدا تاوانباران دەستگیر نەكرێن و نەخرێنە قەفەسی زیندانەوە، بە پێچەوانەوە پەتی دانبەخۆداگرتنمان دەپچڕێت و وەڵامی توندمان دەبێت بەرامبەر ئەو تاوانەی دەزگای زانیاری كە دەرهەق بەرۆڵەكانی ئێمە ئەنجامیداوە.

لەهەمانكاتدا داوا لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژوەندیەكان و سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و سەرجەم ئەندام و كادر و لایەنگرانی یەكێتیی دەكەین كە هەڵوێستی جدییان هەبێت لەسەر رووداوەكانی ئەمدوایەی ناو یەكێتیی و ئەو ڕەشبگیریەی كە ئێستا بەرامبەر بە كادرانی یەكێتیی ئەنجام دەرێت و رێگەنەدەن چیتر دەستە و گروپێكی ئەمنی كە بەفەرمانی راستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی و بەناوی (یەكێتیی نوێ) وە بڕیاردەدەن، یاری بە چارەنوسی یەكێتیی یەوە بكەن و هەركەسێك بەخواست و ڕەزامەندی ئەوان نەبوو، دۆسیەیەكی بۆ دابتاشن و بەعس ئاسا هەڵبكوتنە سەری و شەهیدی بكەن، داواش دەكەین ئەو ڕەشبگیریەی دەستیانداوەتێ كۆتایی پێبهنێندرێت و چیتر ناو و ناوبانگی حزبی شەهیدان لەكەدار نەكەن و خۆیان نەخەنە بەر توڕەیی و ڕاماڵینی جەماوەری یەكێتیی.

لەگەڵ ڕێزدا

بنەماڵەی شەهید عەمید موراد كانی كوردەیی

دەقی ڕوونكردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان:

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١ ھێزێكی فەرمی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیركردنی داواكراو (موراد كانی كوردەیی) لە شاری ڕانیە بەشێوەیەكی مەدەنی و یاسایی ئەركی دەستگیركردنی ناوبراویان پێسپێردرا، لە كاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكە موراد كانی كوردەیی و پاسەوانەكانی كە لەگەڵیدا بوون ڕووبەڕووی ھێزەكە دەبنەوە كە لەكاتی ئەركدا بوون بۆ جێبەجێكردنی سەروەری یاسا، كارمەندێكی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل) شەھید دەكەن و سێ كەسی تریش بریندار دەكەن.

لە ئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشكێنان و ھەڵھاتوان موراد كانی كوردەیی و دوو لە پاسەوانەكانی دەكوژرێن.

لێرەوە بۆ رای گشتی رووندەكەینەوە دەزگا ئەمنییەكان بەدواداچوون دەكەن بۆ دەستگیركردنی ھەموو ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەستن بەم رووداوەوە و لەدادگا ھەڵھاتوون و سەرجەم تۆمەتباران ڕاپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەكرێن.