زیاتر لە ھەزار کەسی دیکە لە ئێران تووشی کۆرۆنا بوون

07-03-2020 02:14

پەرەگراف

 لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) هەزارو ٧٦ تووشبووی نوێ بە كۆرۆنا لە ئێران تۆمار كراوەو ژمارەی كۆیتووشبووان گەیشتووەتە ٥ هەزارو ٨٢٣ كەسی پشتڕاست کراوە، ئەمەش بەپێی دواین ئامار كە كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتیتەندروستی ئێران ڕایگەیاند.

 جەهانپوور ئەوەشی خستە ڕوو، هەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا ٢١ كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ ١٤٥ كەس.

 هەروەها ھەزارو ٦٦٩ كەس كە هەڵگری كۆرۆنابوون لە ئێران چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووەو نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. بەڵام ١٦هەزار كەسی دیكە بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە نەخۆشخانەكاندا خەوێندراون.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕەخنەی لە خەڵکی وڵاتەکەی گرت کە بە باشیی پابەندی ڕێنماییەکان نابن بۆ ئەوەش نمونەی بەگەشتکردن ھێنایەوەو وتی، پارێزگای مازندەران کە پێشتر تووشبووی کۆرۆنای نەبووە ئێستا ٦٠٦ کەس تووشبووی ھەیە، ئەمەش نیشانەیئەوەیە خەڵکێکی زۆر گەشتی ئەنجام داوەو پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون، بەوھۆیەوە مازندەران نزیکبووەتەوە لەوەی ببێتە ژمارە یەک لەڕیزبەندیی لیستی ئەو شارانەی ڤایرۆسەکەیان تێدایە.

ئێران زۆرترین تووشبوو و مردووی بە كۆرۆنا ھەیە لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕست، لە زۆریی ژمارەی مردن بەو ڤایرۆسە ئێران لە دوای چین‌و ئیتاڵیا پلەی سێیەمی هەیە لە دونیادا.

لە ناو تووشبووان‌و مردووان لە ئێران بەرپرسانی باڵا هەن، ئەمڕۆش فاتمە ڕەهبەر پەرلەمانتاری هەڵبژێردراو بۆ خولی نوێی پەرلەمانی ئێران بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.

فاتمە نوێنەری شاری تاران بوو لە پەرلەمان، پێشتر تووشی كۆرۆنا بوبو لەژێر چاودێریی پزیشكدا بووە، ئەو دووەم پەرلەمانتاری ئێرانە بەوڤایرۆسە بمرێت، پێشتر محەمەد عەلی ڕەمەزانی دەستەك هەڵبژێراو بۆ پەرلەمانی ئێران بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.
تووشبوونی 23 پەرلەمانتاری ئێران بە كۆرۆنا ڕاگەیەندراوە كە دەكاتە ڕێژەی لەسەدا 8ی پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە.

لەسەر ئاستی جیهانیش ڤایرۆسەكە بە خێرایی تەشەنە دەكات‌و لە زیاتر لە 80 وڵات‌و ناوچە تۆمار كراوە، تووشبووانی كۆرۆنا نزیكبوونەتەوە لە 102 هەزار كەس كە لە سەدا 80یان لە چینن، دوای چین زۆرترین تووشبوو لە كۆریای باشوورە كە 7 هەزاری تێپەڕاندووەو دوای ئەویش ئێران پاشان ئیتاڵیا دێت.

مردن بەو ڤایرۆسە لە جیهاندا 3 هەزارو 400 كەسی تێپەڕاندووەو زۆرینەیان لە چینن، دوای چین زۆرترین حاڵەتی مردن لە ئیتاڵیایە كە 197 حاڵەتەو پاشان ئێران پلەی سێیەمی هەیە.