كەسوكاری كۆچبەرە كوردەكانی بەلەمە ژێرئاوكەوتووەكە گەیشتنە فەرەنسا؛ دوایین زانیاری دەربارەی ناسنامەیان چییە؟

27-11-2021 02:43

پەرەگراف

كەسوكاری بەشێك لەو كۆچبەرە كوردانەی كە لە ئاوی كەناڵ ئینگلیز لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بەلەمەكەیان ژێر ئاو كەوت و خنكان، بۆ ناسینەوەی تەرمی كۆچبەرەكان گەیشتنە فەرەنسا. دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت "تا ئێستا دەگوترێت 10 كەسی هەرێم لەناو ئەو بەلەمەدا بوون، بەڵام ناسنامەی پێنج كەس لای ئێمە هەیە". بەپێی هەندێك سەرچاوەی دیكەش زۆرینەیان كوردن.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "تەرمی ئەو كۆچبەرانە لە شار لیلی فەرەنسایە و كەسوكاریان ئێستا لە شاری كاڵاسن. بڕیارە لە ڕێگەی بینینیان لەلایەن كەسوكاریانەوە، كاری ناسینەوە بۆ تەرمەكان بكرێت".

ئاری جەلال وتیشی "پێنج كەس لە كەسوكاری ئەو كۆچبەرانە ناسنامەكانیان هێناوەتە لای ئێمە كە دەڵێن كەسوكاریان لەناو ئەو بەلەمەدا بووە كە ژێر ئاو كەوتووە، بەڵام دەگوترێت 10 كەسی هەرێمی كوردستانی تێدایە".

هەر سەبارەت بە ژمارەی ئەو كۆچبەرە كوردانەی لەناو بەلەمە ژێرئاوكەوتووەكەدا بوون، ئامانج عەبدوڵڵا لە فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی - كوردستان، بۆ پەرەگراف وتی "كەسوكاری هەشت كەس لەو كۆچبەرانە ناسنامەكانیان هێناوەتە لای ئێمە".

ئامانج عەبدوڵڵا وتیشی "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، لەسەدا 80 بۆ 85ی ئەو كوچبەرانە كوردن و زۆرینەیان خەڵكی قەڵادزێ‌ و ڕانیە و دەربەندیخانن".

یەكێك لەو كۆچبەرانە ناوی باران نووری، تەمەن ٢٤ ساڵە و خەڵكی قەزای سۆرانە. باران یەكەم كۆچبەری ناو ئەو بەلەمەیە كە كەسوكارەكەی ناسنامەكەیان بۆ میدیا جیهانییەكان ئاشكرا كردووە.

بەهۆی ئەنجامنەدانی كاری ناسینەوە بۆ تەرمەكان، تا ئێستا ڕوون نییە چەند كۆچبەری كورد لەناو ئەو بەلەمەدا بوون كە بەهۆی ژێرئاوكەوتنی 27 كۆچبەر خنكان.

"هەر كۆچبەرێك كەسوكارەكەی لای ئێمە تۆماری نەكەن و پۆلیس پشتڕاستی نەكاتەوە، ناتوانین بڵێین لەو بەلەمەدا بووە، چونكە لە ساڵانی ڕابردوو تووشی ئەو كێشانە بووین، تۆ هەواڵی مردنی خەڵك بدەیت و دواتریش وا نەبێت، خۆش نییە"، ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بۆ پەرەگراف وای وت.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بەلەمێكی چوپیی كۆچبەران لە كاڵاسی فەرەنساوە بەناو ئاوی كەناڵ ئینگلیزدا بەرەو بەریتانیا بەڕێ‌ كەوتووە، كە تا ئێستا ڕوون نییە چەند كۆچبەری هەڵگرتووە، بەڵام دەگوترێت دەوروبەری 30 كۆچبەری پێ‌ بووە، ژێر ئاو كەوت و بەهۆیەوە 27 كەس خنكان و دوانی دیكە ڕزگار كران كە عێراقییەك و سۆماڵییەكن و بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاند، 17 لەو كۆچبەرانەی خنكاون پیاون، حەوتیان ژنن كە یەكێكیان دووگیان بووە، لەگەڵ سێ هەرزەكار.

كەناڵ ئینگلیز (یاخود نۆكەندی ئینگلیز)، ڕێڕەوێكی ئاویی بازرگانیی قەرەباڵغە لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا، كۆچبەران زیاتر بە بەلەمی چووپی بەو ئاوەدا تێدەپەڕن تا خۆیان بگەیەننە بەریتانیا. مەترسیی ڕێگاكە بۆ كۆچبەران، بوونی كەشتیی بازرگانیی گەورەیە كە شەپۆلی گەورە لە ئاوەكەدا دروست دەكەن، كە ڕەنگە ببێتە هۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمی كۆچبەران.

هەر لە كاردانەوەی ڕووداوەكەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە تویتێكدا ڕایگەیاند، هەست بە خەمێكی قووڵ دەكات بۆ گیانلەدەستدانی 27 كۆچبەر كە "پێدەچێت ژمارەیەكیان كورد بن" وتیشی "كار بۆ ئەوە دەكەین ناسنامەكانیان دەستنیشان بكەین، هاوخەمیی خۆمان بۆ كەسوكارەكانیان دەردەبڕین".

سەرۆكوەزیرانی هەرێم جارێكی دیكە باسی لە مەترسیی كۆچی نایاسایی‌ و قاچاخچێتیی كرد كە خەڵك بەرەو مەرگ دەبەن و وتی "پێویستە هەموومان پێكەوە بیانوەستێنین".