پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و پێنجی دیکە بریندارن لە ھێرشەکەی داعش لە کوڵەجۆ

28-11-2021 09:56
ئەو ئۆتۆمبێلەی ھێزەکانی پێشمەرگە کە بۆمبەکەی پێدا تەقیوەتەوە

پەرەگراف

تیرۆرستانی داعش شەوی ڕابردوو  پەلاماری ھێزی پێشمەرگەیاندا لە کوڵەجۆ، لەکاتی بەھاناوەچوونی ھێزەکانی پێشمەرگە دا، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگە دا تەقییەوەو پێنج پێشمەرگە شەھید بوون.

ئەو پێشمەرگانەی شەھید بوون سەرجەمیان لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا بوون، ھەر لەو تەقینەوەیەدا پێشمەرگەیەک بە برینداریی ڕزگاری بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "لە تەقینەوەکەدا ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتووەو پێشمەرگەکان سووتاون"، شەھیدەکان سەرجەمیان خەڵکی دەڤەری شارەزوورن.

بەرلەوەی تەقینەوەکەش ڕووبدات، لە ھێرشەکەی تیرۆرستانی داعش دا چوار پێشمەرگەی دیکە برینداربوون.

وەزارەتی پێشمەرگە، دوای ھێرشەکە ڕایگەیاند: تیرۆریستانی داعش لە پەلامارێکی ترسنۆکانەدا، پەلاماری خاڵێکی پاسەوانی هێزەکانی پێشمەرگەی لیوای ٥ی پیادەیان لە تەپکی (کەڵان) لەسنوری کوڵەجۆ دا (دەکەوێتە قەزای کفری ئیدارەی گەرمیان).

"هێزەکانی پێشمەرگە، بەتوندی بەرپەرچی پەلامارەکەیان داوەتەوەو چەکداران و تیرۆریستانی داعش ـ یان ڕاوناوە، لەئێستادا بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە دایە" وەزارەتی پێشمەرگە وای وت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم، ھاوخەمیی قووڵی بۆ شەھید بوونی پێشمەرگەکان ڕاگەیاند و دەڵێت "فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار وهێرەشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە. بۆیە هاریكاری وهەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی ولەپێشینەیە".

"داوا دەكەین میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عیراقدا بە هاوبەشی وپشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعشو هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە" سەرۆکی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا وادەڵێت.