ئاڕاستەی عوسمانی حاجی مەحمود یەكەم هەنگاوی پڕۆژەیەكی سیاسیی دەست پێ دەكەن

28-11-2021 04:09
عوسمانی حاجی مەحمود. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

ئاڕاستەی عوسمانی حاجی مەحمود كەسایەتیی دیاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، بە كردنەوەی ماڵپەڕێكی ڕۆژنامەوانیی یەكەم هەنگاوی پڕۆژەیەكی نوێی سیاسیی دەست پێ دەكەن.

ماڵپەڕەكە بە ناوی "متمانە نێت" دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكانی دەكەوێتە كار، لە ئێستادا پەیجەكەی لە فەیسبووك كراوەتەوەو تێیدا نووسراوە "پڕۆژەیەكی میدیای سیاسی ھەواڵی شیكاری گشتیە، زمانحاڵ و مینبەری بەشێكی دیاری ئەو سیاسی و كارەكتەرانەیە كە لە دەرەوەی دەسەڵات و ھێزە سیاسیەكانی ئێستا بە ئامانجی گەڕانەوەی ھیواو ئومێد لەھەوڵی بنیاتنانی متمانەیەكی بەردەوام دان".

بێستون فایەق، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، سەرپەرشتیی ئەو پڕۆژە میدیاییە دەكات، بۆ پەرەگراف پشتڕاستی كردەوە میدیاكەیان بەشێكە لە پڕۆژەیەكی سیاسیی عوسمانی حاجی مەحمود‌و بەشێكی زۆر لە كەسایەتییەكانی دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان. ئەو لە ئێستادا ئامادە نەبوو قسەی زیاتر لەبارەی پڕۆژەكەیانەوە بكات.

پەرەگراف زانیویەتی سەرقاڵی گفتوگۆی ناوخۆیی و خۆڕێكخستنەوەن‌و هەنگاوی یەكەمیان ئەو پڕۆژە میدیاییەیە؛ لەو پڕۆژە سیاسییە نوێیەدا، هەریەكە لە؛ عوسمانی حاجی مەحمود‌و سەلاح ڕەشید كەسایەتیی دیارو بەرپرسانی پێشووی گۆڕان، د.محەمەد عەلی، ئەحمەد عەزیز‌و شێخ هیمداد ئەندامانی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، بێستوون فایەق، سەرهەنگ فەرەج‌و دڵشاد حسێن پەرلەمانتارانی پێشووی گۆڕان‌و چەند كەسایەتییەكی دیكەی پێشووی ناو گۆڕان‌و دەرەوەی ئەو بزووتنەوەیەش هەن.

پەرەگراف لە زاری كەسانی ئاگادارو نزیك لە عوسمانی حاجی مەحمود، زانیاریی ئەوەی دەست كەوتووە، كە هەنگاوی كرداریی بۆ پڕۆژەیەكی نوێی سیاسیی، دوای ئەوە دێت كە "بەتەواوەتیی بێئومێد بوون" لە گەڕانەوە بۆ ناو بزووتنەوەی گۆڕان.

دوای شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق، خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزووتنەوەیە كە ڕێكخەری گشتی‌و 6 ئەندامن‌و باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێ كردنە، دەستی لەكار كێشایەوە، گۆڕان بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی داوە كە بە پڕۆژەیەكەوە سەردانی كەسایەتیی‌و گروپە ناڕازییەكان دەكات بە مەبەستی ڕێككەوتن‌و گەڕانەوە بۆ ناو ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە.

پێشتر پەرەگراف دوو كۆبوونەوەی نێوان عوسمانی حاجی مەحمود‌و چیا نەوشیروان مستەفای ئاشكرا كرد كە گفتوگۆیان لەبارەی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق‌و دۆخی گۆڕان‌و قۆناغی نوێی كاری سیاسی‌و ڕێكخراوەیی بزووتنەوەكە كردووە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە عوسمانی حاجی مەحمود بۆ پەرەگراف دەڵێت "وای نابینین گۆڕان نیازی ئەو گۆڕانكارییانەی هەبێت كە ئێمەو جەماوەرەكەی داوای دەكەن ئەوان خەریكی كات كوشتنن نەك گۆڕانكاریی، ئێمە چاوەڕوانی برادەرانی گۆڕان ناكەین كە بەنیازی چین‌و چی دەكەن، كارو پڕۆژەی خۆمان دەست پێ دەكەین لە كوێدا لەگەڵ گۆڕان یان هەر گروپ‌و لایەنێك نزیكبووەوە قسەی خۆمان دەبێت".

عوسمانی حاجی مەحمود، پێشتر ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری باژێڕوانەكانی گۆڕان بوو، مانگی 7ی ساڵی 2017 زۆرترین دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندندا كە 45 دەنگ بوو، بەڵام بەهۆی نیگەرانییەكانی لە گۆڕان، لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 دەستی لەكار كێشایەوەو لەو كاتە بەدواوە دابڕاوە لە كاری ڕێكخراوەیی لەناو بزووتنەوەكە.

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، ئاڕاستەی عوسمانی حاجی مەحمود پێیانوایە؛ دەبێت پەیوەندیی نێوان كۆمپانیای وشەو بزووتنەوەی گۆڕان ڕێكبخرێتەوەو بزووتنەوەكە لە ڕووی ماڵیی‌و داراییەوە سەربەخۆ بێت نەك سەربە كۆمپانیای وشە كە خاوەندارێتییەكەی بۆ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە، بۆئەوەش پڕۆژەیان هەیە بۆ چارەسەری ئەو بابەتە، ئەگەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەی چارەسەری یەكجاریی بن.

لەو پرسانەی دیكە كە ئاڕاستەی عوسمانی حاجی مەحمود بە گرنگی دەزانن بڕیاریان لەبارەوە بدرێت بۆ قۆناغی نوێی گۆڕان‌و گەڕانەوەی ئەوان بۆ كاری سیاسیی لەناو بزووتنەوەكە، بە دامەزراوەیی كردنی ئۆرگانەكانی گۆڕان‌و پرسی پەیوەندییەكانی ئەو بزووتنەوەیەیە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموكرات، ئەمەش بەشداریی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان دەگرێتەوە.

ساڵی 2018 لەكاتی دەست لەكار كێشانەوەی عوسمانی حاجی مەحمود، پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد كە بەشێك لە هۆكارەكانی دەست لەكار كێشانەوەكەی، پەیوەندیی بە "بێئومێدبوون لە چاكسازیی ناوخۆیی"‌و بەشێكی دیكەیشی تایبەت بووە بە "پەیوەندیی نێوان كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەی گۆڕان".

كۆمپانیای وشە خاوەنی ئەو موڵك‌و ماڵەیە كە نەوشیروان مستەفا گۆڕانی پێ دامەزراندو ئەو بزووتنەوەیەی پێ بەڕێوەدەبرد، لەدوای كۆچی دوایی خۆی، خاوەندارێتی كۆمپانیاكە بۆ كوڕەكانی گواسترایەوە، ئەوەش ناڕەزایی‌و هەڵایەكی زۆری لەناو گۆڕاندا دروست كردو لێكەوتەكانی تائێستاش بەردەوامن.

ئێستا كە گۆڕان بە خراپترین ئەنجام لە هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەر هاتە دەرەوە‌و هیچكام لە حەوت كاندیدەكەی دەرنەچوون، جارێكی دیكە پەیوەندیی نێوان كۆمپانیای وشەو پرسی ئەو موڵك‌و ماڵەی بەناوی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوەن، هاتوونەتەوەسەر مێزی گفتوگۆی گۆڕان‌و ناڕازییەكانی ئەو بزووتنەوەیە، بەڵام هێشتا ئاسۆی چارەسەر نادیارەو هیچ هەنگاوێك لەوبارەیەوە نەنراوە.

لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەرو كەسی یەكەمی بزووتنەوەكە لە 2017، چەندین بەرپرس‌و هەڵسوڕاوی ئەو بزووتنەوەیە دوركەوتوونەتەوەو ناچنەسەر كارەكانیان‌و بایكۆتی گردی زەرگەتەی مەكۆی سەرەكی گۆڕانیان كردووە، زۆرینەی ئەو ناڕازییانە هەمان ئەو هۆكارانەیان هەیە كە بەهۆیانەوە عوسمانی حاجی مەحمود وازی لە گۆڕان هێنا.