یەكەم لێدوانی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی كەیسی كوژرانی موراد كانی كوردەییەوە

28-11-2021 10:40

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، دەڵێت "دەركراوەكان یەك ملیۆن ساڵی دیكەیش نایەنەوە ناو یەكێتی". لەبارەی ڕووداوی كوژرانی عەمید موراد كانی كوردەیی و پاسەوانەكانیشیەوە ڕاگەیاند "ڕەسمییەن داوام لە كاك قوباد كردووە لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم كەیسە پێكبهێنێت".

هاوسەرۆكی یەكێتی دەربارەی ڕووداوەكەی ڕانیە جەختی كردەوە كە "بۆمان دەربكەوێت هەر كەسێك بە نایاسایی كوژراوە، دڵنیا بن ئیجرائاتی خۆمان دەكەین".

ئەم قسانەی بافڵ تاڵەبانی پاش تەواوبوونی دیدارێكی هەشت كاتژمێریی هات لەگەڵ خوێندكارانی خۆپیشاندەری زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم.

سەبارەت بە ئەگەری كاركردنەوەیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی و ئەو كەسانەی دیكە كە بڕیاری دەركردنیان لە یەكێتی دراوە، بافڵ تاڵەبانی وەكوو جەختكردنەوە سێ‌ جار وتی "دەركراون" و "قەت قەت یەك ملیۆن ساڵی تریش نایەنەوە ناو یەكێتیی نیشتمانی. زۆر بە وازحی ئەم قسەیەم كردووە، نازانم بۆ تێناگەن؟!".

هاوسەرۆكی یەكێتی پاش كۆبوونەوەیەكی دوور و درێژ لەگەڵ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان وتی "ئەوان چەند داواكارییەكیان هەبوو، بەڕاستی من چاوەڕێم دەكرد حكومەت باشتر ئاگای لێیان بێت، بەداخەوە نەیانتوانیوە وەكوو پێویست داواكارییەكانیان جێبەجێ‌ بكەن".

"میكانیزمێك دەدۆزینەوە كە حیزب بتوانێت داواكارییەكانیان جێبەجێ‌ بكات"، هاوسەرۆكی یەكێتی وا دەڵێت.

بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەی وتی خوێندكاران "هەموو داواكارییەكانیان حەقی خۆیان بوو بە زیادەوە"، بەڵام لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێكدا كە پرسیی ئایا بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكارییەكانتان پێداون، هاوسەرۆكی یەكێتی وتی "نا".