عوسمانی حاجی مەحمود لەبارەی ڕاگەیاندنی حیزبی نوێ ڕوونکردنەوە دەدات

29-11-2021 11:32
عوسمانی حاجی مەحمود. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

عوسمانی حاجی مەحمود لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەی ڕاگەیاندنی حیزب، دەڵێت: لە گفتوگۆیەکی دورو درێژی دۆستانەی بەردەوامدان لەگەڵ چەندین کەسایەتی و کارەکتەری سیاسی بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخی خراپی کورستان، بەڵام لەبارەی پێكهێنانی حزب یان ھەرفۆرمێکی تری سیاسییەوە ھیچ جۆرە بڕیارێك نەدراوە.

ئەو ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوەدێت، دوێنێ پەرەگراف ئاشکرای کرد، ئاڕاستەی عوسمانی حاجی مەحمود كەسایەتیی دیاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، بە كردنەوەی ماڵپەڕێكی ڕۆژنامەوانیی یەكەم هەنگاوی پڕۆژەیەكی نوێی سیاسیی دەست پێ دەكەن.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە لە پەرەگراف، ھەندێک میدیاو پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی ھەواڵەکە زانیارییەکانیان بەوشێوەیە داڕشتەوە کە عوسمانی حاجی مەحمود "حیزبی نوێی ڕاگەیاندووە". لەکاتێکدا پەرەگراف لە ھەواڵەکەیدا باسی ڕاگەیاندنی حیزب و بڕیاری لەوجۆرەی نەکردووەو ئەوەی خستووەتەڕوو لە گفتوگۆو خۆڕێکخستندان.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی عوسمانی حاجی مەحمود کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە

لەهەندێك دەزگای راگەیاندن وا باس دەکرێ كە ئێمە لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاورێ و دۆستان و خەمخۆرانی گەلەكەمان حزبێکی سیاسیمان راگەیاندوە، سوپاس بۆ ئەو میدیا و کەسانەی کە دیارە لە دڵسۆزیان بۆ ئێمەو بۆ خەڵک هەواڵەكەیان بەوشێوەیە دارشتوە، راستیەکەی ئەوەیە کە گفتوگۆیەکی دورو درێژی دۆستانەی بەردەوام لە نێوان ئێمەو چەندین کەسایەتی و کارەکتەری سیاسی دڵسۆز و خەمخۆردا ھەیە بۆچۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخی خراپی کورستان و ژیانی خەڵک و دۆزینەوەی دەرەچەیەکی گونجاو، بەڵام لەبارەی پێكهێنانی حزب یان ھەرفۆرمێکی تری سیاسیەوە ھیچ جۆرە بریارێك نەدراوە.

ماڵپەڕو پەیجی (متمان نێت)یش تەنھا میدیایەکەو ئامانجەکەی خزمەتی خەڵک و ئەو ئاراستەو بیرکردەوانەیە کە لە خەمی دۆزینەوەو بنیاتنانی ھیواو ئومێدن بۆ ئایندەی گەلەکەمان.

عوسمانی حاجی مەحمود

٢٩/١١/٢٠٢١