ھێشتا سێ خۆپیشاندەر لە سلێمانی ئازاد نەکراون

29-11-2021 10:44
خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی. ٢٣-١١-٢٠٢١. وێنە؛ بڕیار نامیق

پەرەگراف

لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، زیاتر لە ٦٠٣ خۆپیشاندەر دەستگیر کرابوون،سەرجەمیان ئازاد کراون جگە لە سێ کەس، بە وتەی پەرلەمانتارێک بۆ پەرەگراف.

پەرلەمانتار ئاشنا عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی پەروردەو خوێندنی باڵاو ئەو لیژنە پەرلەمانییەیە کە ئەمڕۆ سەردانی سلێمانییان کردو لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی و ئیداریی کۆبوونەوە، لیژنەکە ڕاپۆرتێکی تایبەت لەبارەی خۆپیشاندانەکان و تووندوتیژیی و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران ئامادە دەکات و بڕیارە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی کوردستاندا بخرێتە ڕوو.

ئاشنا بۆ پەرەگراف وتی "بەپێی ئەو ئامارەی بە من گەیشتووە، زیاتر لە ٦٠٣ خۆپیشاندەر لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەستگیر کرابوون، ئەمە جگە لە ھەولێر، ئێستا تەنھا سێ کەسیان لە زینداندا ماون".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سێ کەسە 'خوێندکار نین' بە تۆمەتی ھاندان بۆ خۆپیشاندان دۆسیەی یاساییان لە دژ کراوەتەوە، وتیشی "یەکێکیان لە فەیسبووک لایڤی کردووەتەوەو دوانەکەی دیکەش بابەتیان نووسیوە، تۆمەتەکە ئەوەیە کە ھانی خەڵکیانداوە بۆخۆپیشاندان، بەڵام خۆپیشاندان تاوان نییەو بەڵێنمان وەرگرتووە ئەوانیش ئازاد بکرێن".

ئەو سێ کەسە دوانیا لەناو خۆپیشاندانەکانداو کەسێکی دیکەیان لە دەرەوەی خۆپیشاندان دەستگیر کراوە. ئەو دەستگیرکراوانەی ئازادکراون، ھەندێکیان بە کەفالەتی پارەو ھەندێکیان بە کەفالەتی کەسیی ئازاد کراون، بەڵێننامەش بە زۆربەیان پڕکراوەتەوە ک بەشداریی "خۆپیشاندان و کاری تێکدەرانە" نەکەن، ئاشنا عەبدوڵا وای وت.

بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لەسەریەک خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان لە چەند شارێک خۆپیشاندانیان ئەنجام داو لە دوو ڕۆژی کۆتاییدا سەرتاسەری ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، داواکاریی سەرەکییان پێدانی دەرماڵەبوو کە لە ٢٠١٤وە ڕاگیراوە.

ھێزە ئەمنییەکان بە تووندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەوە، لە چەند شوێنێکیش توڕەیی خەڵک تێکەڵ بە خۆپیشاندانی خوێندکاران بوو وچەند شوێنیکی حیزبی و حکومی سووتێندران و تووندوتیژیی ھەڵکشا.

ھێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند، "دەستێکی گێرەشێوێن تێکەڵی خۆپیشاندانەکان بووەو دەستگیریان دەکەین"، تووندوتیژییەکانی دەسەڵات وایکرد خوێندکاران خۆپیشاندان ڕابگرن، بەڵام ھێشتا توڕەیی و ناڕەزاییەکانیان وەکخۆیەتی و داواکانیان جێبەجێ نەکراون.