بافڵ تاڵەبانی: داوای لێبوردن لە خوێندکاران دەکەم و گۆڕانکاریی گەورە دەکەین

30-11-2021 11:53

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی، داوای لێبوردن لە خوێندکاران دەکات بەھۆی ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەراین کران لە خۆپیشاندانەکاندا، دەڵێت: بەڵێنتان پێدەدەم کە گۆڕانکاری گەورە دەکەین لە پێناو داھاتووی ئێوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان.

ئەو وتانەی ھاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا ھاتووە کە تێیدا دەڵێت "ئەو توندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران کرا زۆرنیگەرانی کردم، لە دڵەوە داوای لێبووردن لە کوڕ و کچ و خوشک و براکانم دەکەم، کە بە ئومێدەوە بەرەوە داھاتوویەکی گەش ھەنگاودەنێن لەپێناو نەکوژانەوەی چرای زانست و بژێوی ژیانیان و لەسەر شەقام داوای قوت و مافی خۆیان دەکرد".

"داواتان لێدەکەم بۆ ھەر داواکارییەک پەنا بۆ رێگای مەدەنی و شارستانی ببەن و دووربکەونەوە لە توندوتیژی و یاساشکێنی، رێمەدەنکەسانی ھەلپەرست داوا رەواکانی ئێوە بە لاڕێدا بەرێت ئەمە خزمەت بە خواستەکانتان ناکات، داوام وایە قەت ئەم رێگایە ھەڵنەبژێرن و بیریلێنەکەنەوە" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت.

بەڵێنیش دەدات کە گۆڕانکاری گەورە دەکەن،  "لە پێناو داھاتووی ئێوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، لەمەودوا نزیکتر لەگەڵ توێژی گەنجان و خوێندکاران پێکەوە کاردەکەین لە پێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان بۆ ھەر داھێنان وسەرکەوتنێک، داکۆکیکاری بەدیھێنانی ئاواتەکانیشتان دەبم".

دوو ڕۆژ لەمەوبەر، بافڵ تاڵەبانی، پاش كۆبوونەوەیەكی دوور و درێژ لەگەڵ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان وتی "ئەوان چەندداواكارییەكیان هەبوو، بەڕاستی من چاوەڕێم دەكرد حكومەت باشتر ئاگای لێیان بێت، بەداخەوە نەیانتوانیوە وەكوو پێویستداواكارییەكانیان جێبەجێ‌ بكەن. میكانیزمێك دەدۆزینەوە كە حیزب بتوانێت داواكارییەكانیان جێبەجێ‌ بكات".

لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، زیاتر لە ٦٠٣ خۆپیشاندەر دەستگیر کرابوون،سەرجەمیان ئازاد کراون جگە لە سێ کەس، پەرلەمانتار ئاشنا عەبدوڵا دوێنێ بۆ پەرەگراف وای وت.

بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لەسەریەک خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان لە چەند شارێک خۆپیشاندانیان ئەنجام داو لە دوو ڕۆژیکۆتاییدا سەرتاسەری ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، داواکاریی سەرەکییان پێدانی دەرماڵەبوو کە لە ٢٠١٤وە ڕاگیراوە.

ھێزە ئەمنییەکان بە تووندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەوە، لە چەند شوێنێکیش توڕەیی خەڵک تێکەڵ بە خۆپیشاندانی خوێندکاران بوووچەند شوێنیکی حیزبی و حکومی سووتێندران و تووندوتیژیی ھەڵکشا.

ھێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند، "دەستێکی گێرەشێوێن تێکەڵی خۆپیشاندانەکان بووەو دەستگیریان دەکەین"، تووندوتیژییەکانیدەسەڵات وایکرد خوێندکاران خۆپیشاندان ڕابگرن، بەڵام ھێشتا توڕەیی و ناڕەزاییەکانیان وەکخۆیەتی و داواکانیان جێبەجێ نەکراون.