نەخۆشەكەی هەولێر چۆن تووشی كۆرۆنا بووە؟

07-03-2020 04:55


پەرەگراف

ئەو نەخۆشەی لە هەولێر تووشی كۆرۆنا بووە كۆكەو تەنگەنەفەسیی هەیەو لەژێر چاودێریی تیمێكی تایبەتی تەندروستیدایە، هێشتا دەرنەكەوتووە چۆن تووشی ڤایرۆسەكە بووەو بەركەوتن‌و هەڵسوكەوتی لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەبووە كە لەو وڵاتانەوە گەڕابێتەوە كە ڤایرۆسەكەیان تێدا بڵاوبووەتەوە وەك؛ ئێران یاخود چین.

لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئەو نەخۆشە كە ژنێكی دووگیانی تەمەن 33 ساڵانە، د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر، دەڵێت، ناتوانن بە تەئكیدی ئەوە ڕابگەیەنن كە باری تەندروستیی چۆنە، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەندروستیی جێگیربووەو كەمێك تەنگەنەفەسی‌و كۆكەی هەیە، پێشتر پلەی گەرمای بەزربووە، بەڵام ئێستا دابەزیوەو تیمی تایبەتی پزیشك‌و كارمەندی تەندروستیی بۆ دابین كراوەو لە ژێر چاودێریدایە.

نەخۆشەكە 4 ڕۆژ بەرلەوەی ئاشكرا ببێت كە تووشی كۆرۆنا بووە، سەردانی سێ نەخۆشخانەی تایبەتی كردووە لە هەولێر ئەوەش بەهۆی هەبوونی كۆكەو بەرزیی پلەی گەرمیی لەشی.

"لە كۆتا نەخۆشخانە كە دوێنێ بووە پزیشكەكە گومانی ئەوەی لێكردووە كۆرۆنای هەبێت، ناردوویەتی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ناوەند كە سەنتەری چارەسەركردنی كۆرۆنایە، لەوێ نمونەی خوێنی لێوەرگیراوەو لە دوای پشكنین دەركەوت هەڵگری ئەو ڤایرۆسەیەو دواتر گواسترایەوە بۆ سەنتەری چارەسەری كۆرۆنا كە نەخۆشخانەی پێشمەرگەیەو تایبەت كراوە بەو نەخۆشییە" بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر وای وت.

هاوكات وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، پشكنین بۆ كەسە نزیكەكانی ئەو ژنە كراوەو دەركەوتووە هیچ كام لە كەسە نزیكەكانی هەڵگری ڤایرۆسەكە نین.

د.دلۆڤان محەمەد ئەوەشی خستە ڕوو، تائێستا تیمەكانیان لە لێكۆڵینەوەدان بۆئەوەی بزانن سەرچاوەی ئەو نەخۆشییە چییە بووەو ئەوكەسە لە كوێوە تووشب بووە، "چونكە یەكێك لە ڕێگاكانی دەستنیشانكردنی سەرچاوەی تووشبوونەكە ئەوەیە كە هەڵسان‌و دانیشتنی لەگەڵ یەكێك هەبووبێت كە لەو وڵاتانە گەڕابێتەوە كە ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبووەتەوە وەك ئێران‌و چین‌و ئیتاڵیا، بەڵام تائێستا هیچ لەو كۆنتاكتانەی نەبووە".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، داوای لە ڕاگەیاندنەكان‌و خەڵك كرد سەرچاوەی زانیارییەكانیان دامودەزگا فەرمییەكانی تەندروستیی بن، لەبارەی ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس دەكرێت كە گوایە لەلایەن دوو كەسی ئێرانییەوە ماڵی ئەو كەسە خاوێن كرابێتەوەو لەوانەوە تووش بووبێت، د.دلۆڤان وتی"ئەوانە ڕەتدەكەینەوەو بەپێی ئەوەی خۆی باسی دەكات لەلایەن نەخۆشەكەوە ڕەتكراوەتەوە. لێكۆڵینەوەكانمان بەردەوامە بۆئەوەی بتوانین سەرچاوەی نەخۆشییەكە بدۆزینەوە".

 بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر باسی نەخۆشەكە دەكات