وتەبێژی پارتی: دوو كورسیمان بەتاڵان بردراون. یەکێتی وەڵامی دەداتەوە

30-11-2021 09:16

پەرەگراف

وتەبێژی پارتی دەڵێت، دوو کورسیی حیزبەکەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق "بەتاڵان بردراون" و ھەڵوێستیان دەبێت لەوبارەیەوە. لە وەڵامدا وتەبێژی یەکێتی دەڵێت، ئەو دوو کورسییە ئیستیحقاقی ئەوانەو گەڕانەوەیان سەلماندنی ھەوڵی ساختەکارییە.

ئەو دوو کورسییەی پارتی لە ھەولێرو نەینەوایەو بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ پارتی بووە، بەڵام دواتر کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن ڕایگەیاند، دوو کاندیدی یەکێتی لە شوێنی کاندیدەکانی پارتی دەرچوون و بە فەرمیی ناویان بڵاوکرایەوە.

وتەبێژی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بۆمان دەرکەوت دوو کورسی کە ئیستحقاقی یاسایی دوو کاندیدی پارتیمان بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون، بۆیە لەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستی پارتیمان لەبارەی ئەم کارە ناڕەوایە رادەگەیەنین".

لە وەڵامی وتەبێژەکەی پارتیدا، میدیای یەکێتی لێدوانێکی ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەكێتی بڵاوکردەوەو دەڵێت: گێرانەوەی كورسییەكانییەكێتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان دوای رەچاوكردنی تانە یاساییەكان و سەلماندنی هەوڵی ساختەكاری (تزویر) كارێكی باشە وئێمە پێشوازی لێ دەكەین.

وتەبێژی یەكێتی ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو دوو کورسییە، "ئیستحقاقی ڕەوای یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانن، كە هەر ئیستحقاقی كوردە و لەچوارچێوەی كورسییەكانی كوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق".

ئەو دوو كاندیدەی یەكێتی بریتین لە هەرێم كەمال ئاغا لە بازنەی سێی هەولێر و ڕۆنزی زیاد لە بازنەی دووی نەینەوا، كە بەپێی ئەنجامی پێشووی هەڵبژاردن دوو كاندیدی پارتی دەنگی زیاتر لەوانیان بەدەست هێنابوو.

سووتاندنی دەنگی ژمارەیەك بنكە و وێستەگە بەهۆی بوونی پەنجەمۆری دووبارە و دەركەوتنی جیاوازیی دەنگەكان لە ژماردنەوەی دەستیدا، بووە فریادڕەس بۆ كاندیدەكانی یەكێتی.

چۆن یەكێتی دوو كورسیی هەڵبژاردنی لە پارتی بردەوە؟