بەرھەم ساڵح: پەرلەمانی نوێ گرنگییەکی تایبەتی ھەیەو کاری گەورەی لە بەردەمە

02-12-2021 12:56
کۆبوونەوەی بەرھەم ساڵح و کاندیدە سەربەخۆ سەرکەوتووەکان

پەرەگراف

بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ کاندیدانی سەربەخۆی سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی عێراق کۆبووەوەو دەڵێت: پەرلەمانی نوێ گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و کاری گەورەی لە بەردەمە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی دواین پێشهاتەکانی وڵات وبەرکەوتە نیشتمانییەکانی داهاتوو، "بۆیە دووپاتکرایەوە لە پێویستی پاراستنی سەقامگیری وڵات و ئاسایشی ھاووڵاتییان و ھێنانەکایەی پرۆسەی چاکسازی بنەڕەتی و کۆتایی ھێنان بە دۆسیە ھەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی پەیوەست بە دۆخی بژێوی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستەکانی ھاووڵاتییان".

ھەر لەو دیدارەدا سەرۆککۆمار جەختیکردووەتەوە کە "پەرلەمانی نوێ گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و کاری گەورەی لە بەردەمە، چونکە بەرئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختە و وەڵامدەرەوەی رای گشتییە بۆ ھێنانەئارای چاکسازی بنەڕەتی و باشترکردنی دۆخی گشتی وڵات، بۆیە ھەمووئەمانە پێویستی بە هاوئاهەنگی و یەکخستنی یەکریزی نیشتمانی ھەیە بە ئاڕاستەی ھێنانەدی داوا رەواکان و پێکھینانی حکومەتێکی کارای کاریگەر کە لە ئاست چاوەروانی عێراقییەکان بێت".

ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ـی تشرینی یەكەمی 2021ـی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراو گفتوگۆی بەدەستهێنانی پۆستە سیادییەكان و پێکھێنانی حکومەت باسی گەرم و مامەڵەی نێوان حیزبەكان دەبێت.

لەو پۆستە سیادییانە، كورسیی سەرۆككۆماری عێراقە، پۆستەکە بۆ کورد یەکلایی بووەتەوەو لەناو کوردیشدا یەکێتی بە مافی خۆیی دەزانێت، بەرھەم ساڵح خواستیەتی کە بۆ چوار ساڵی دیکەش لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بمێنێتەوە.