‏پەیامێكی هەڕەشەئامێزی ئێران بۆ ئەمریكا: خراپتر لە ئەفغانستان ناچار بە هەڵاتن دەبن

02-12-2021 03:19

پەرەگراف

‏فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێكی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئەمریكا كرد كە هەرچی زووە ناوچەكە بەجێ‌ بهێڵن، بە پێچەوانەوە "ناچار بە هەڵاتن"یان دەكەن.

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ لە وتارێكدا لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی فەرماندەیەكی سەربازیی ئێران، ڕایگەیاند "وەكوو چۆن پێشتر بە ئەمریكاییەكانمان وتبوو، دووبارە دەڵێین كە تا مۆڵەتتان ماوە لە ناوچەكانی دەوروبەری ئێمە بە هەمان سەرشۆڕییەوە كە تێیدان، بڕۆنە دەرەوە".

قائانی ڕوو لە هێزەكانی ئەمریكا دەشڵێت "ئەگەر ناوچەكە بەجێ‌ نەهێڵن، خراپتر لەوەی ئەفغانستان دەردەكرێن و ناچار بە هەڵاتن دەبن".

"ئەو سەردەمە بەسەر چووە كە هەرچیتان بویستایە دەتان كرد. سەردەمی لە دەرگادان بەسەر چووە، ئەگەر لە دەرگا بدەن، دەبێت بوەستن و وەڵامەكەی بە توندترین شێوە وەربگرنەوە"، فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە وا دەڵێت.

ئیسماعیل قائانی ئاماژەی بەوە كردووە كە "ئەمریكاییەكان جەنگیان لە جیهاندا هەڵدەگیرساند و سوویان لە فرۆشتنی پێداویستیی جەنگی دەست دەكەوت، بەڵام لە شەڕی ئەفغانستان و عێراقدا خۆیشیان هاتوون، كەچی دوای 20 ساڵ بە چی گەیشتوون؟ گفتوگۆیان كرد، هەرچەندە لە گفتوگۆیشدا خیانەتیان كرد و ئەو بارودۆخەیان بەسەر خەڵكی ئەفغانستانجا هێنا".

فەیلەقی قودس كە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی سنووری ئێران، پێشتر لەلایەن فەرماندەی سەربازیی دیاری ئێران (قاسم سولەیمانی) فەرماندەیی دەكرا، كە لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی ئەمریكا لە بەغدا كوژرا.

ئێران لە ڕێگەی گرووپە چەكدارییە شیعەكانەوە بە تایبەت لە عێراق و سووریا، بەردەوام هێرش بۆ سەر بنكە و هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە ئەنجام دەدات، تا ناچار بە كشانەوەی بكات، ئەمریكاش لە وەڵامدا چەندین جار گرووپە چەكدارییەكانی كردووەتە ئامانج.

بەپێی دوایین ڕێككەوتنی نێوان عێراق و ئەمریكایش، ویلایەتە یەكگرتووەكان تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم هێزە شەڕكەرەكانی لە عێراق دەكشێنێتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی عێراق بەردەوام دەبێت.