كۆرۆنا لە چین لاواز بووەو تەنگ بە ئێران‌و ئیتاڵیا هەڵدەچنێت

08-03-2020 07:43
لە فڕۆكەخانەكان ڕێوشوێنی تەندروستیی تووند گیراونەتەبەر


پەرەگراف

لەماوەی یەك ڕۆژدا تەنها 44 كەس لە چین تووشی كۆرۆنا بوون، بەڵام لە ئیتاڵیا هەزارو 492 توشبوو و 133 حاڵەتی مردن هەبووە لە یەك ڕۆژدا، ئێرانیش زیاتر لە 700 تووشبووی نوێ و ٤٩ مردوو.

چین ئەو نەخۆشخانەیەی داخست كە لەماوەی 10 ڕۆژدا لە شار ووهان بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا دروستی كرد، لە ئیتاڵیا 16 ملیۆن كەس كەرەنتینە كران، ئێرانیش هاتووچۆی بۆ چەند پارێزگاو ناوچەیەك قەدەغە كردووە.

عێراقیش ئەمڕۆ مردنی دوو كەسی دیكەی بە كۆرۆنا ڕاگەیاند لەگەڵ 6 تووشبووی نوێ، بەڵام هێشتا لە هەرێمی كوردستان ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردوو ڕانەگەیەندراوە.

كۆرۆنا لە عێراق‌و ئێران

د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، كەسێك لە میسان و كەسێكی دیكە لە بابل كە تووشبووی كۆرۆنا بوون ئەمڕۆ بەھۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستدا.

بەوەش ژمارەی مردوان لە عێراق بە كۆرۆنا بۆ ٦ كەس بەرزبووەوە؛ دوو كەس لە بەغداد لە میسان، بابل، كەربەلاو سلێمانی ھەریەكەی كەسێك.

هەروەها وەزارەتی تەندروستیی عێراق تۆمارکردنی شەش حاڵەتی نوێی کۆرۆنای ڕاگەیاند، لە ھەریەکە لە پارێزگاکانی موسەنا، ئەنبار، زیقار، نەجەف، بەغدادو میسان یەکی یەک حاڵەت تۆمار کراوەو بەوەش کۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتە ٦٣ حاڵەت.

زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوون یاخود بەو ڤایرۆسە مردوون، لە ئێران گەڕاونەتەوە یاخود بەركەوتنیان هەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە.

ئێران زۆرترین تووشبووی هەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و سنورێكی فراوانی لەگەڵ عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیە.

ڕێژەی مردن لە ئێران بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ زیاتر لە دوو ئەوەندەی ڕۆژی پێشووتر بەرزبووەتەوە، لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٤٩ كەس مردوون لە كاتێكدا لە ڕۆژی پێشووتر تەنھا ٢١ حاڵەتی مردن بەو ڤایرۆسە ھەبووە، كۆی گشتیی مردن بەو ڤایرۆسە نزیك بووەتەوە لە ٢٠٠ كەس.

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) 743 تووشبووی نوێ بە كۆرۆنا لە ئێران تۆمار كراوەو ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتووەتە 6 هەزارو 564 كەسی پشتڕاست كراوە، ئەمەش بەپێی دواین ئامار كە كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتیتەندروستی ئێران ڕایگەیاند.

جەهانپوور ئەوەشی خستە ڕوو، هەر لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا ٤٩ كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ ١٩٤ كەس.

هەروەها ٢ ھەزارو ١٣٤ كەس كە هەڵگری كۆرۆنابوون لە ئێران چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووەو نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. بەڵام ھەزاران كەسی دیكە بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە نەخۆشخانەكاندا خەوێندراون.

تاران لە ڕیزی سەرەوەی پارێزگاكانی ئێرانە لە زۆریی ژمارەی تووشبووان و دواتر قوم و پاشان پارێزگای گیلان دێت.

وتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، ھیچ ڕێگایەك نییە بۆ ڕێگریی لە ڤایرۆسەكە تەنھا خۆپارێزیی و مانەوە لە ماڵەكاندا نەبێت، بۆئەوەش داوای لە خەڵك كرد پابەندی ڕێنماییەكان بن و بەتایبەت ھاتووچۆ نەكەن بۆ ئەو شارو ناوچانەی ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبووەتەوە و ڕەچاوی تەندروستیی كەسیی و خاوێنیی بكەن و خۆیان بەدوور بگرن لە قەرەباڵغی.

كۆرۆنا لە جیهان

تووشبوون ڤایرۆسەكە لە زیاتر لە 100 وڵات‌و ناوچەی جیهان تۆمار كراوە، لە دوای چین، كۆریای باشوور دووەم وڵاتە لە زۆریی ژمارەی تووشبووان كە 7 هەزارو 400 كەسی تێپەڕاندووە، دوای ئەویش ئیتاڵیا دێت كە ژمارەی تووشبووانی نزیكە لە كۆریای باشوورو تەنها لە یەك ڕۆژی ڕابردوودا ئیتاڵیا 1492 حاڵەتی نوێی ڕاگەیاندووە.

ئیتاڵیا پلەی دووەمی هەیە لە زۆریی مردن بەو ڤایرۆسە لە دوای چین ئەویش بە تۆماركردنی 366حاڵەتی مردن كە 133یان تەنها لە یەك ڕۆژی ڕابردوودا بووە.

ڤایرۆسەكە لە زیاتر لە 14 پارێزگای ئیتاڵیا بڵاوبووەتەوەو حكومەتی ئەو وڵاتە ڕێوشوێنەكانی تووند كردووەتەوە بۆ ڕێگریی لە تەشەنەسەندنی زیاتر، لەو چوارچێوەیەدا 16 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە كەرەنتینە كراون‌و لەژێر چاودێرییدان‌و قوتابخانەو هۆڵەكانی لەشجوانی‌و یانەی شەوانەو مۆزەخانەكان لە سەرتاسەری وڵات داخران.

ئەمریكاش یەكێكی دیكە لەو وڵاتانەیە كە كۆرۆنا بەخێرایی تێیدا بڵاو دەبێتەوەو ژمارەی تووشبووان نزیكبوونەتەوە لە 500 كەس گیان لەدەستدانی 19 كەسیش ڕاگەیەندراوە.

ئەوانە لە كاتێكدان چین كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوە ڤایرۆسەكەیە خەریكە بە تەواوی زاڵ دەبێت بەسەر كۆرۆناداو ژمارەی تووشبووان بۆ كەمترین ئاست دابەزیوە.

چین ئەو نەخۆشخانەیەی داخست كە لەماوەی ١٠ ڕۆژدا دروستی كرد بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، نەخۆشخانەكە لە شاری ووھان دروستكرا كە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەبوو، ژمارەیەكی كەم نەخۆشی تێدا مابوو ئەمڕۆ ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی دیكە كران، دواتر نەخۆشخانەكە داخرا و تەواوی كەلوپەلەكانی بە ماددەی پاكژكەرەوە خاوێن كرانەوە.

داخستنی ئەو نەخۆشخانەیە دوای ئەوەدێت ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكە لە چین زۆر كەم بووەتەوەو دوێنێ تەنھا ٤٤ حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كراوە، لە كاتێكدا ڕۆژی پێشووتر ٩٩ حاڵەت ھەبووە.

لەسەر ئاستی جیهان تووشبووانی كۆرۆنا نزیكبوونەتەوە لە 106 هەزار كەس كە لە سەدا 80یان لە چینن، مردنیش بەو ڤایرۆسە لە جیهاندا 3 هەزارو 600 كەسی تێپەڕاندووەو زۆرینەیان بەهەمانشێوە لە چینن.