ئێزیدییەكان بە بڕیارێكی مێژوویی دادگایەكی ئەڵمانیا دڵخۆشن؛ چاوەڕێی زیاتریش دەكەن

02-12-2021 11:44

پەرەگراف

دادگایەكی ئەڵمانی ئەو ڕووداوانەی ئێزدییەكان لەسەر دەستی داعش بەسەریان هات، بە "جینۆساید" ناو دەبات، ئەوەش بڕیارێكە كە تا ئێستا لەو وڵاتە هاوشێوەی نەبووە. ئێزیدییەكان ئەمە بە سەرەتای ڕێگایەك دەزانن بۆ ناساندنی ئەو تاوانەی بەرامبەریان ئەنجام دراوە وەكوو كۆمەڵكوژی.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو دادگای فرانكفۆرت بڕیاری زیندانیكردنی هەتاهەتایی بۆ هاووڵاتییەكی عێراقی دەركرد كە چەكداری ڕێخراوی داعش بووە، تاوانباری كرد بە ئەنجامدانی " جینۆساید " بەرامبەر ئێزدییەكان.

دادوەرەكە، تەها جومەیلی بە "تاوانباری جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی كە مردنی لێ كەوتووەتەوە" ناساندووە و ئەو سزایەی بۆ دەركردووە.

لە مانگی ئابی ساڵی 2014 چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر قەزای شنگال و ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی ئێزدی بوونە قوربانی، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ڕووداوەكەی وەك "هەوڵێك بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی" ناساند.

بە ڕای خالیدە خەلیل، ئەندامی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی عێراق، بڕیارەكە گرنگییەكی زۆری هەیە و "ڕێگاخۆشكەرە بۆ ئەوەی دادگاكانی ئەڵمانیا و دادگای نێودەوڵەتی بڕیاری هاوشێوە دەربكەن و ئیدانەی تیرۆری داعش بكەن، بە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی بەرامبەر ئێزدییەكان تاوانباری بكەن".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران كە خۆی ئێزدییە، دەڵێت "ئەو بڕیارە وەك دانپێدانانە بە ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژی".

عیسا سەعدو، چالاكوانێكی ئێزدییە لە ئەڵمانیا، ئاماژە بەوە كردووە كە وەسفكردنی جینۆساید زۆر شت دەگەیەنێت، بەتایبەت كە لە وڵاتێكەوە دەرچووە كە قورسایی خۆی هەیە لە یەكێتیی ئەورووپادا.

"هەرچەندە ئەڵمانیا بە فەرمی دانی بە جینۆسایدی ئێزدییەكاندا نەناوە، وەك چۆن چەند وڵاتێكی دیكە كردوویەتی لەوانە، ئەنجومەنی گشتگیری بەریتانی، كۆنگرێسی ئەمریكا، وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا وەك (فەرەنسا، بەلجیكا، هۆڵەندا)، بەڵام ئەم بڕیارەی دادگاكە پشتگیرییەكە بۆ هەوڵی ئێزدییەكان تاوەكو و ئەوەی بەرامبەریان ئەنجام دراوە وەك جینۆساید بیناسێنن"، سەعدو وا دەڵێت.

ئەو چالاكوانە ئێزدییە ئەوە بە ئەنجامی هەوڵی ئێزدییەكان دەبینێت كە بەردەوام بەدوای چەكدارانی داعشەوەن لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكە، بەتایبەت هەوڵەكانی نادیە موراد و گرووپەكەی.

نادیە موراد ساڵی 2018 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بردەوە، لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا وتی "ئەمە سەركەوتنی ئەوانەیە كە لە جینۆساید ڕزگاریان بوو، ئەوانەی لە توندووتیژیی سێكسی دەرباز بوون، هەروەها هی هەموو ئێزدییەكانە".

عیسا سەعدو دەڵێت "ئەو بڕیارە پەیامێكی ڕوونی ئێزدییەكانە بۆ تیرۆرستان، كە ئەوان لە سزا ڕزگاریان نابێت، ئێزدییەكان بەردەوام لە هەموو شوێنێك بەدوایانەوە دەبن لەڕێی دادگا و یاساوە سزایان دەدەن".

ئەو چالاكوانە لەگەڵ دڵخۆشی بە بڕیارەكەی ئەڵمانیا و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام نیگەرانە لە هەوڵەكانی وڵاتەكەی و دەڵێت "ئەوەی دەكرێت هیچ نییە و ڕێگا بە دەربازبوونی تیرۆرستان دەدات لە سزا".

"چەندین چەكداری گومانلێكراو هەیە كە ئازاد كراون، هەرچەندە حەزم دەكرد عێراق یەكێك بوایە لەو وڵاتانەی مافی ئێزدییەكانی بەدەست بهێنایەتەوە"، عیسا سەعدو وای وتووە.

لەنێوان 1.5 ملیۆن ئێزدی لە جیهاندا، زۆرترینیان لە عێراق دەژین كە ژمارەیان زیاتر لە 550 هەزار كەسە، ژمارەیەكی كەمیشیان لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان دەژین.

بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆریان بەرەو ئەورووپا كۆچیان كردووە، بەتایبەت بۆ ئەڵمانیا كە لە ئێستادا زیاتر لە 150 هەزار كەسیان لەو وڵاتە دەژین، هەروەها ژمارەیەكی زۆریشیان لە سوید، فەرەنسا، بەلجیكا و ڕووسیان.

دوای هێرشەكەی داعش بۆ سەریان، 100 هەزار ئێزدی لە عێراقەوە بەرەو ئەورووپا، ئوستورالیا، ئەمریكا و كەنەدا كۆچیان كرد.

ئێستاش 360 هەزاریان لەناو كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان دەژین، تەنیا چەند هەزارێكیان توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ شنگال، چونكە زۆرینەی ماڵەكان تەختی زەوی بووە، خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی، ئاو، كارەبا، نەخۆشخانە بوونیان نییە.

ئەندامە ئێزدییەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، دادگاكانی عێراق هیچ هەوڵێكی پێویستیان نەداوە، چونكە دۆخەكە لەو ڕووەوە سەقامگیر نییە و فشارێكی زۆری لەسەرە، بۆیە ناتوانێت هیچ ڕێكارێك بگرێتە بەر و دادگایكردنێكی دادپەروەرانە ئەنجام بدات كە لەگەڵ قەبارەی تاوانەكە یەك بگرێتەوە.

خالیدە خەلیل هیواخوازە دادگایكردنێكی دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت و قەرەبووی قوربانییەكان بكرێتەوە ئەگەر بە شتێكی كەمیش بێت، باسی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمیشی كرد بۆ دروستكردنی دادگایەكی تایبەت بە دادگایكردنی ئەوانەی بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید تۆمەتباركراون، بەڵام لەلایەن دادگای ئیتحادییەوە داواكە ڕەتكراوەتەوە.

ئەو لەگەڵ چەند ئەندامێكی دیكەی ئەنجوومەنی نوێنەران پرۆژە یاسایەكیان بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكە پێشكەشكردووە و یەكەم خوێندنەوەشی بۆ كراوە، بەڵام بە هۆكاری سیاسی تەواو نەكراوە و نەخراوەتە دەنگدانەوە.