خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان عەبدولڕەزاق شەریف لە ڕیزەكانی بزووتنەوەكە "دەردەكات"

29-04-2019 01:12
عەبدولڕەزاق شەریف


پەرەگراف

خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، عەبدولڕەزاق شەریف ڕێكخەری ژووری ڕۆژنامەوانی‌و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، لە ڕیزەكانی بزووتنەوەكە "دەردەكات".

میدیاكانی گۆڕان بڕیارێكی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتەوەكەیان بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە"خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا بە دەركردنی عەبدولڕەزاق شەریف ڕێكخەری ژوری ڕۆژنامەوانی لە ڕیزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، چونكە پابەند نەبوە بە پرەنسیپەكانی كاری ڕێكخراوەیی و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان".

میدیاكانی گۆڕان‌و بڕیارەكەی خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزووتنەوەیە هیچ وردەكارییەكیان نەخستووەتە ڕوو لەبارەی پابەند نەبوونی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانییان بە پرەنسیپەكانی كاری ڕێكخراوەیی و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان.

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی‌و هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكە، پەیوەندیكرد بە عەبدولڕەزاق شەریف، بەڵام ناوبراو وتی، "نەمبیستووە".

پەرەگراف پرسیاری لە عەبدولڕەزاق شەریف كرد، هیچ ڕووداوێك هەبووە پێیوابێت بڕیارەكەی خانەی ڕاپەڕاندن پەیوەندیی بەوەوەهەبێت، ناوبراو وتی "غەیری ئەو كۆبوونەوەیەی دوێنێ كە قسەمان تێدا كردووە هیچی دیكە نەبووە، نازانم"، لەبارەی ئەوەی ئەو هەڵوێستی جیاوازی هەبووە لەو كۆبوونەوەیەدا؟ وتی"جارێ بابزانم بابەتەكە چییە".

عەبدولڕەزاق شەریف، بەشداربوو لە كۆبوونەوەی دوێنێی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كە تێیدا بەشداریی گۆڕان لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزووتنەوەكە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی پێیان دەدرێت، تاوتوێ كران.

خانەی ڕاپەڕاندن باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێ كردنە لەناو گۆڕان‌و بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكەیە، ڕێكخەری گشتیی گۆڕان سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی خانەكە دەكات.