چین سەركەوتنی بەسەر كۆرۆنادا ڕاگەیاند؛ ڤایرۆسەكە ئیتاڵیای پەرێشان كردووە

10-03-2020 09:59


پەرەگراف

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 2 كەسی دیكە لە هەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون، وەزیری تەندروستیی داوا لە خەڵك دەكات خۆیان كەرەنتین بكەن‌و لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا ئیتاڵیای پەرێشان كردووەو ژیانی گشتیی لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە پەك خستووە، تووشبوون 10 هەزار كەس‌و مردن 600 كەسی تێپەڕاند.

ڤایرۆسەكە لە چین بە تەواوی لاوز بووەو ئەمڕۆ تەنها 19 تووشبووی نوێ تۆمار كراوە، سەرجەم نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا لە شاری ووهان داخران كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە.

ئەمڕۆ شی جینپینگ لە سەردانێكی چاوەڕواننەكراودا چووە شاری ووهان‌و "سەركەوتن"ی بەسەر كۆرۆنادا ڕاگەیاند.

دۆخەكە لە ئیتاڵیا جیاوازەو كۆرۆنا بە بەهێزیی ڕوبەڕوی خەڵكی ئەو وڵاتە وەستاوە، ئیتاڵیا لە دوای چین بووە بە دووەم وڵات لە دونیادا لە زۆریی ژمارەی تووشبووان‌و مردن بە كۆرۆنا، تەنها ئەمڕۆ 167 كەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە كە ئەوە گەورەترین ڕێژەی مردنە لە ماوەی یەك ڕۆژدا تائێستا تۆمار كرابێت لە دەرەوەی چین.

حكومەتی ئیتاڵیا ڕێوشوێنی زۆر تووندی گرتووەتەبەر، هاتووچۆ لە سەرتاسەری وڵات قەدەغەكراوەو هەموو جۆرە كۆڕو كۆبوونەوەیەكی گشتیی قەدەغەكراوە، ژمارەی كۆی تووشبووان لە ئیتاڵیا بەرزبووەوە بۆ 10 هەزارو 149 كەس‌و گیان لەدەستدان بەرزبووەوە بۆ 631 كەس.

لەسەر ئاستی ئەوروپا ئیسپانیاو فەڕەنساو ئەڵمانیا لە دوای ئیتاڵیا زۆرترین تووشبوویان هەیەو لە هەركام لەو وڵاتانە زیاتر لە هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون، لە هەریەكە ئیسپانیاو فەڕەنسا زیاتر لە 30 كە مردوون‌و لە ئەڵمانیا مردنی 2 كەس ڕاگەیەندراوە.

كۆرۆنا لە هەرێم‌و عێراق‌و ئێران

وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا تەنها 2 كەس لە هەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون، یەكێكیان قوتابییەكی 19 ساڵە لە سلێمانی‌و ئەوەی دیكەشیان پیاوێكی 64 ساڵە لە كۆیە.

د. سامان بەرزنجی ئەوەشی خستە ڕوو، بڕیاریانداوە نرخی نەخۆشخانە تایبەتەكان لەسەدا 25 كەم بكەنەوە بەهۆی ئەو دۆخەی هاتووەتە پێش، داواشی لە خەڵكی كوردستان كرد خۆیان كەرەنتین بكەن لە ماڵەكانیانداو نەچنە قەرەباڵعیی، هەروەها زووزوو دەست بشۆن.

نوێترین حاڵەتی تۆماركراوی كۆرۆنا لە عێراقیش ئەمڕۆ لە نەجەف بوو، تەندروستیی ئەو شارە تووشبوونی دوو كەسی ڕاگەیاند كە لە ئێران گەڕاونەتەوە، بەمەش ژمارەی تووشبووان بۆ زیاتر لە 70 كەس بەرزبووەوەو لەو ژمارەیەش 7 كەس گیانیان لەدەستداوە كە یەكێكیان لە سلێمانی بووە.

زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوون یاخود بەو ڤایرۆسە مردوون، لە ئێران گەڕاونەتەوە یاخود بەركەوتنیان هەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە.

ئێران زۆرترین تووشبووی هەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و سنورێكی فراوانی لەگەڵ عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیە.

كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئەمڕۆ دواین ئاماری كۆرۆنای ڕایگەیاند، وتی: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) 54 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە لە ئێران مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ 291 كەس.

ھەروەھا 881 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسەكە بوون و ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتووەتە 8 هەزارو 42 كەسی پشتڕاست كراوە.

لەسەر ئاستی جیهان تووشبوون بە كۆرۆنا 115 هەزار كەسی تێپەڕاندووە كە لە سەدا 80یان لە چینن‌و بەشێكی زۆریان چاكبوونەتەوەو بەگشتیی نزیكەی 64 هەزار تووشبوو لە جیهاندا چاكبوونەتەوە، مردنیش بەو ڤایرۆسە لە جیهاندا 4 هەزار كەسی تێپەڕاندووەو زۆرینەیان بەهەمانشێوە لە چین بوون.