كۆرۆنا هەڕەشە لە 58 ملیۆن ئەڵمانیی دەكات؛ پزیشكە ئیتاڵییەكان تراژیدیای نەخۆشخانەكان دەگێڕنەوە

11-03-2020 08:21
شوێنێكی چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا لە ئیتاڵیا


پەرەگراف

ڕاوێژكاری ئەڵمانیا هۆشداریی دەدات لە تەشەنەكردنی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی بە جۆرێك 58 ملیۆن هاووڵاتی ئەو وڵاتە بگرێتەوە، ڤایرۆسەكە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە بە جیهانداو ئەمڕۆ ڕێژەی زیاتری تووشبوون‌و مردن تۆمار كرا.

هێشتا ئیتاڵیا خراپترین دۆخی هەیەو لە دوای چین زۆرترین تووشبوو و مردووی بە كۆرۆنا هەیە، ئیتاڵییەكان هۆشداریی بە دونیا دەدەن كە پرسی كۆرۆنا بە جددی وەربگرن‌و كەمتەرخەمیی تێدا نەكەن، تا وەك ئەوانیان لێنەیەت.

لە كوردستان‌و عێراقیش تووشبووی نوێ ڕاگەیەندراو ئێرانیش كە سەرچاوەی گەیشتنی ڤایرۆسەكەیە بە عێراق ئەمڕۆی لە دوێنێ خراپتربوو، ژمارەی زیاتری تووشبوون‌و گیان لەدەستدانی هەبووە.

بەهۆی فراوانبوونی مەترسییەكانەوە، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەمڕۆ جارێكی دیكە نیگەرانیی پیشاندا كە ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەكە "وەك پێویست نییە"، تەندروستی جیهانیی دەڵێت: لە قۆناغی ئێستادا دەكرێت كۆرۆنا وەك پەتایەكی جیهانی پۆلێن بكەین.

كۆرۆنا لە ئەوروپا؛ تراژیدیای ناو نەخۆشخانەكانی ئیتاڵیا

چوار وڵات لە دۆخێكی خراپدان لە ئەوروپا بەدەست كۆرۆناوە، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئیسپانیاو ئەڵمانیا.

ئەنگێلا مێركل، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ئەمڕۆ هۆشدارییەكی تووندی بە خەڵكی وڵاتەكەی ڕاگەیاندو وتی، پێدەچێت تووشبوون بە كۆرۆنا تا لەسەدا 70 دانیشتووانی ئەڵمانیا بەرزببێتەوە كە دەكاتە 58 ملیۆن هاووڵاتیی لە كۆی 82 ملیۆن كە ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتەیە.

هۆشدارییەكەی مێركڵ لە كاتێكدایە، تائێستا مردنی تەنها 2 كەس‌و تووشبوونی هەزارو 296 كەس لە وڵاتەكەی بە كۆرۆنا ڕاگەیەندراوە.

ئیتاڵییەكان لە خراپترین دۆخدان‌و 60 ملیۆن كەس كە دانیشتووی ئەو وڵاتەن كەرەنتینە كراون‌و هاتووچۆ لە سەرتاسەری وڵات قەدەغە كراوەو ژیانی گشتیی ڕاوەستاوە.

پزیشكێكی ئیتاڵی لەبارەی مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر وڵاتەكەی دەڵێت: ڤایرۆسی كۆرۆنا هەڕەشەیەكی زۆر گەورەیە لەسەرمان‌و لە ئێستادا كێشەی كەمیی پزیشك‌و كەسانی شارەزامان هەیە لە بواری ڤایرۆسدا.

ماسیمۆ گالی، پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەی لویگی ساكۆ لە شاری میلانی ئیتاڵیا بە ماڵپەری دێر شپیگڵی ئەڵمانی گوتووە، بارودۆخی ئیتاڵیا زۆر خراپەو ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە.

"ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك تسونامی هات بۆ ئێمە. هەركەسێكیش وا هەست دەكات كە لە ترسناكیی ئەم ڤایرۆسەدا موبالەغە كراوە، تكایە با سەرێك لە ئێمە بدات!" ئەو پزیشكە ئیتاڵییە وادەڵێت.

نەخۆشخانەكانی ئیتاڵیا هێندە نەخۆشیان زۆرە، ئەو كەسانەی تووشی كۆرۆنا نەبوون‌و نەخۆشیی دیكەیان هەیە بەناچاریی فەرامۆش دەكرێن، ئەمە بەپێی گێڕانەوەی پزیشكێك بۆ ماڵپەڕی میترۆی بەریتانی.

ئەو پزیشكە باسلەوە دەكات، توانای نەخۆشخانەكانیان بۆ لەسەدا 200 بەرزبووەتەوە، دەڵێت"پزیشكەكان دەبێت زۆر بە خێرایی بڕیار لەسەر مردن و ژیانی نەخۆشەكان بدەن. دۆخەكە زۆر مەترسیدارە، بڕوا ناكەیت چۆن؟ ژمارەكان هیچ شتێك لە ڕاستییەكان ئاشكرا ناكەن".

پزیشكەكە باسلە دۆخی تراژیدیی‌و باری دەروونی پزیشك‌و كارمەندانی تەندروستیی دەكات‌و دەڵێت، هەموو ژوورەكان بوون بە چاودێریی ورد، نەخۆشەكانی كۆرۆنا بۆری هەناسە و سییەكانیان خەریكە لە كار دەكەون، ئێمەش تەنها ئۆكسجینی دەستكرد هەیە پێشكەیان بكەین‌و هیچی دیكەمان لەدەست نایەت.

"پزیشكەكان هەوڵی زۆر دەدەن‌و بەردەوام كاردەكەن، بەڵام ئەوانیش نەخۆش دەكەون و باری دەرونییان زۆر خراپە، من‌و هاوڕێكانم دەگرین، فرمێسك بە چاوماندا دێتە خوارەوە، خەڵك لەبەرچاومان دەمرن و ئێمەش ناتوانین هیچ بكەین".

هێشتا ئاماری نوێ ڕانەگەیەندراوەو تا دوێنێ 10 هەزار و 149 كەس لە ئیتاڵیا تووشی كۆرۆنا بووبوون، 631 كەسیش گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە وەك خۆیان دەڵێن، لە سەرەتاوە ڕێنماییەكانیان بە جددی وەرنەگرتووە.

كۆرۆنا لە كوردستان‌و عێراق‌و ئێران

ئەمڕۆ 3 حاڵەتی نوێی تووشبوون لە هەرێمی كوردستان‌و 3 حاڵەتی دیكە لە عێراق تۆمار كران كە یەكێكیان گیان لەدەستدان بوو لە كەربەلا.

وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی ھەرێم ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند: كوڕێكی قوتابی تەمەن (32) ساڵ هاوپۆلی توشبووەكەی پێشوو لەشاری هەولێر بە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 تۆماركرا، پێشتر كەرەنتین كرابوو و لەوڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە.

دوای كەمتر لە 2 كاتژمێر لەو ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی تەندروستی دوو تووشبووی نوێی ڕاگەیاندو وتی: دوو هەڵگری دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە شاری هەولێر تۆماركرا، پیاوێك (34) ساڵ و ئافرەتێك (38) ساڵ كە دەكاتە برا و براژنێكی قوتابیە توشبووەكەی گەڕاوە لە وڵاتی ئێران كە پێشووتر كەرەنتین كرابوو.

هەروەها لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاردرا هاتووچۆی هاووڵاتییان لەنێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جگە لە تیمەكانی تەندروستی، دیپۆلۆماسی، رێكخراوەكان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزە ئەمنییەكان لە 14-3-2020 تاوەكو 28-3-2020 ڕابگیرێت.

لە عێراقیش ئەمڕۆ حاڵەتە نوێیەكان لە پارێزگاكانی باشوور بوون، وەزراەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووحاڵەتی نوێی كۆرۆنا تۆمار كراوە، یەكێكیان لە كەربەلاو ئەوەی دیكەیان لە نەجەف، هەروەها كەسێك لە كەربەلا بەو ڤایرۆسە مردووە.

تائێستا 68 كەس لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوون‌و 8 كەس گیانیان لەدەستداوەو 15 تووشبووش چاكبوونەتەوە. لە هەرێمی كوردستانیش 19 حاڵەتی تووشبوون‌و یەك گیان لەدەستدان‌و یەك چاكبوونەوە لە ڤایرۆسەكە هەبووە.

زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی لە كوردستان‌و عێراق تووشی كۆرۆنا بوون یاخود بەو ڤایرۆسە مردوون، لە ئێران گەڕاونەتەوە یاخود بەركەوتنیان هەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە.

ئێران زۆرترین تووشبووی هەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و سنورێكی فراوانی لەگەڵ عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیە.

كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئەمڕۆ دواین ئاماری كۆرۆنای ڕایگەیاند، وتی: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) ٦٣ كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە لە ئێران مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ ٣٥٤ كەس.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٩٥٨ كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتە ٩ ھەزار، ھەروەھا ٢ ھەزارو ٩٥٩ كەس چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.

هەریەكە لە ئیسحاق جیهانگیری جێگری سەرۆككۆماری ئێران‌و دوو وەزیر‌و چەندین پەرلەمانتارو بەرپرسی دیكەی باڵا لەناو تووشبووەكاندان‌و چەند بەرپرسێكیش بە ڤایرۆسەكە مردوون.

لەسەر ئاستی جیهان مردن بە كۆرۆنا 4 هەزارو 300 كەسی تێپەڕاندووەو تووشبوون نزیكبووەتەوە لە 120 هەزار كەس كە لە سەدا 80یان لە چینن‌، بەڵام ئێستا حاڵەتی نوێی تۆمار كراو لە چین زۆر كەم بووەتەوەو ئەو وڵاتە سەركەوتنی بەسەر ڤایرۆسەكەدا ڕاگەیاندووە.