جگە لە چین؛ كۆرۆنا مەترسیی زیاتر دەخاتەسەر جیهان، ئیتاڵیا‌و ئێران خراپتر دەبن

12-03-2020 09:05


پەرەگراف

ئیتاڵیاو ئێران وەك دووەم‌و سێیەم خراپترین وڵاتی دونیا لە دوای چین، ئەمڕۆیان خراپتربوو لە دوێنێ‌و دوێنیشیان لە پێرێ، وڵاتانی دیكەی ئەوروپاو ئەمریكاش بە تووندی گیرۆدەی ڤایرۆسەكە بوون، بەڵام ڤایرۆسەكە لە چین بەرەو نەمان دەڕوات‌و كەمترین حاڵەتی نوێ تۆمار كراوە.

ئەمرۆ لە هەرێمی هووبی چین كە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، تەنها 8 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كراوەو لە سەرتاسەری چین 18 حاڵەت هەبووە، بەڵام ڤایرۆسەكە لە دونیادا زیاتر تەشەنەی كردو وڵاتانی زلهێز هۆشداریی دەدەن، تەنها لە ئێران زیاتر لە هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كراوە.

بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت "خراپترین قەیرانی تەندروستییە لە نەوەیەكدا"و پێیوایە كاتە زۆر خراپەكە ئێستا نییە، بەڵكو چەند هەفتەیەكی دیكەیە، ئەوەش وەستاوە لەسەر مەودای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

لە ئەمریكاش دۆناڵد ترەمپ هەندێك ڕێوشوێنی ڕاگەیاند بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، سەرۆكی ئەمریكا گەشتكردنی لە ئەوروپاوە بۆ ئەمریكا قەدەغەكرد بۆ ماوەی 30 ڕۆژ، بڕیارەكە بەریتانیا ناگرێتەوە كە لە یەكێتی ئەوروپا چووەتە دەرەوە.

دواین ئامارەكان لە ئەمریكا ئەوە پیشان دەدەن زیاتر لە هەزارو 400 كەس تووشی كۆرۆنا بوون‌و 40 كەسیش بەو ڤایرۆسە مردوون.

هێشتا ئیتاڵیا دووەم وڵاتی دونیایە لە دوای چین لە ڕووی ژمارەی تووشبوون‌و مردن بە كۆرۆنا، بەپێی دواین ئامار تووشبوون لە ئیتاڵیا 15 هەزارو 100 كەسی تێپەڕاندووەو تەنها لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 2 هەزارو 204 تووشبووی نوێ هەبووە، تائێستاش زیاتر لە هەزار كەس بەو ڤایرۆسە مردوون كە 189 كەسیان ئەمڕۆ بووە.

ڤایرۆسەكە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا گرتووەتەوەو بە ڕێژەی جیاواز تووشبوون‌و مردن تۆمار كراوە؛ بەتایبەت دۆخی فەڕەنساو ئەڵمانیاو ئیسپانیا خراپە، لە نەرویجیش شاو شاژن‌و چەند بەرپرسێكی باڵای حكومیی كەرەنتین كران‌و خوێندن ڕاگیراو ژمارەی تووشبووان گەیشتە سەرووی 600 كەس.

لە كەنەداش جەستن ترۆدۆی سەرۆك وەزیران لەگەڵ خێزانەكەیدا خۆیان كەرەنتین كرد، بەوهۆیەی ژنەكەی نیشانەی تووشبوون بە ڤایرۆسەكەی هەیەو پشكنینیان بۆ دەكرێت.

كۆرۆنا لە كوردستان‌و عێراق‌و ئێران

ئەمڕۆ 6 حاڵەتی نوێی تووشبوون لە عێراق تۆمار كران كە ٥ یان لە بەغدادو ئەوی دیكەیان لە نەجەفە، بەڵام هێشتا هەرێمی كوردستان ئاماری نوێی ڕانەگەیاندووە.

بەوەش كۆی گشتیی تووشبووان لە عێراق بە ھەرێمی كوردستانیشەوە گەیشتووەتە ٨٣ كەس، ھەروەھا ٢٤ تووشبوو چاكبوونەتەوەو ٨ كەسیش گیانیان لە دەستداوە بە ڤایرۆسەكە كە یەكێكیان لە سلێمانی بووە.

لە هەرێمی كوردستان ڕێكاری نوێ گیرانەبەر، هۆیەكانی گواستنەوە(پاس‌و مینی پاس) ڕاگیران‌و چێشتخانەو چایخانەو شوێنە قەرەباڵغەكان دادەخرێن.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوو ھەفتەی داھاتوو زۆر ھەستیارو چارەنوسسازە، چونكە ڕەنگە ئەوانەی تووشی كۆرۆنا بووبن و نیشانەكانیان دەرنەكەوتبێت لەم دوو ھەفتەیەدا دەردەكەوێت.

وەزیری ناوخۆ تەئكیدی كردەوە، ڕێگا بە ھاتووچۆ لە نێوان پارێزگاكان نادەن و داوای لە خەڵك كرد لە ماڵەكانیان بمێننەوەو نەچنە گەشت و سەیران، وتیشی: ئەگەر بشچن لە ھیچ شوێنێك ڕێگە نادەین لە خێزانێك زیاتر لە شوێنێكدا دابنیشن.

ڕێبەر ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشكرد لە دوای ١٦ی ئەم مانگەوە بە ھیچ جۆرێك ڕێگە نادەن ھاووڵاتییانی ھەرێم لە ئێرانەوە بگەڕێنەوەو دەبێت گەڕانەوەیان بخەنە پێش ئەو ڕێكەوتەو لەكاتی گەڕانەوەشیاندا ڕاستەوخۆ كەرەنتین دەكرێن.

زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی لە كوردستان‌و عێراق تووشی كۆرۆنا بوون یاخود بەو ڤایرۆسە مردوون، لە ئێران گەڕاونەتەوە یاخود بەركەوتنیان هەبووە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە.

ئێران زۆرترین تووشبووی هەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و سنورێكی فراوانی لەگەڵ عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیە.

كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئەمڕۆ دواین ئاماری كۆرۆنای ڕایگەیاند، وتی: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا(نیوەڕۆی دوێنێ تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ) ٧٥ كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە لە ئێران مردوون، بەوەش كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە بەزربووەتەوە بۆ ٤٢٩ كەس.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ھەزارو ٧٥ كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەوەش ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتە ١٠ ھەزارو ٧٥ كەس، ھەروەھا تائێستا ٣ ھەزارو ٢٧٦ كەس چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.

ئێران دوێنێ، 63 حاڵەتی مردن‌و 958 تووشبوونی نوێی هەبوو. هەریەكە لە ئیسحاق جیهانگیری جێگری سەرۆككۆماری ئێران‌و دوو وەزیر‌و چەندین پەرلەمانتارو بەرپرسی دیكەی باڵا لەناو تووشبووەكاندان‌و چەند بەرپرسێكیش بە ڤایرۆسەكە مردوون.

لەسەر ئاستی جیهان مردن بە كۆرۆنا 4 هەزارو 700 كەسی تێپەڕاندووەو تووشبووانیش لە سەرووی 127 هەزار كەسن، كە زۆرینەیان لە چینن‌، بەڵام ئێستا حاڵەتی نوێی تۆمار كراو لە چین زۆر كەم بووەتەوەو ئەو وڵاتە سەركەوتنی بەسەر ڤایرۆسەكەدا ڕاگەیاندووە.

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ڤایرۆسی كۆرۆنای بە پەتایەكی جیهانیی ناساند، ئەوەش بە مانای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە بە سەرتاسەری دونیادا، ڕێكخراوەكە بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری نائاسایی لە دونیادا ڕاگەیاندووە بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆناوە.