مەترسيی لافاو هەیە؛ دوو شەپۆلی بارانی بەخوڕ ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن

15-12-2021 04:21

پەرەگراف

دوو شەپۆلی باران لە دەریای سور و ناوەڕاستەوە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، كەشناسیی هەرێم هۆشداریی لە دروستبوونی لافاو دەدات‌و دەڵێت "بارانی بەلێزمە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی ئاو، لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت".

بژار ئەكرەم، بەڕێوەبەری بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی هەرێم بۆ پەرەگراف وتی، بە دوو قۆناغ بارانبارین لە هەرێم دەست پێدەكات، قۆناغی یەكەم لە كاتەكانی سبەی ئێوارە، پێنج شەممە 16-12-2021 دەبێت و سەرەتا بە شێوەی نمە باران پاشان لە درەنگی شەودا لە تەواوی ناوچەكە باران دەبارێت.

بەڕێوەبەری بەشی پێشبینی ئاماژەی بەوەشكرد، ڕۆژی هەینی كاریگەریی هەردوو نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور درێژدەبێتەوە بۆ سەر ناوچەكە، "بارانی بەلێزمە و بارانی بەردەوام دەبێت، هەندێكات ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە بە تایبەت لەكاتی بارانی بە لێزمە، سنووری پارێزگای هەولێر و سەنتەری پارێزگا ئاستی دابارینی زۆر زیاتر دەبێت لە چاو ناوچەكانی تر".

بەپێی پێشبینییەكان، لە ماوەی ئەم قۆناغەی بارانبارین، ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی‌و ئیدارەی ڕاپەڕین ڕێژەی باران بارینی پێشبینیكراوی زیاتر دەبێت، هەندێ ناوچەی شاخاوی بڕی بارانی پێشبینیكراو لە 50 ملیم زیاتر دەبێت، لە سەنتەری پارێزگاكانیش بە گشتی لە 30 ملیم نزیك دەبێتەوە.

لەم قۆناغەدا بەفربارین تەنها لەسەر ناوچە سنوورییەكان دەبێت، ڕۆژی شەممە قۆناغی یەكەمی باران بارین لاواز دەبێت‌و نمەباران و بارانی مامناوەند لە هەندێ ناوچە بەردەوام دەبێت.

بژار ئەكرەم دەربارەی قۆناغی دووەمی بارانبارین، وتی: قۆناغی دووەمی شەپۆلەكە لە ڕۆژی دووشەممە دەست پێدەكات سەرەتا لە سەر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەكانی تر، ئاستی دابارین لەم قۆناغە مامناوەند دەبێت.

"بارستە هەوایەكی نیمچە سارد كار دەكاتە سەر ناوچەكەمان لە ماوەی ئەم قۆناغەی دووەمدا، بۆیە بەشێك لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان بەفربارینی دەبێت، ڕۆژی سێ شەممەو چوارشەممە ئاسمان بەردەوام هەورو نمەباران و بارانی مامناوەند دەبێت، ڕۆژی پێنج شەمممە كاریگەریی ئەم شەپۆلە كۆتایی دێت" بەڕێوەبەری بەشی پێشبینی لە كەشناسیی هەرێم وای وت.

ئەو دوو شەپۆلی بارانبارینە لەكاتێكدا ڕوو لە هەرێم دەكەن، ئەمساڵ ڕێژەیەكی زۆر كەم بارانباریوە ئەوەش مەترسیی بێئاویی‌و وشكەساڵیی لای خەڵك دروست كردووە.