هاوپەیمانیی 'لە پێناو خەڵك' بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید ڕاگەیەندرا

15-12-2021 05:11

پەرەگراف

هاوپەیمانیی لە پێناو خەڵك بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید بە فەرمیی ڕاگەیەندرا، كە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بزوتنەوەی ئیمتیداد، قەوارەی میللی سەربەخۆ و ژمارەیەك كاندیدی سەركەوتووی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی عێراق پێكدێت، 28 كورسیی پەرلەمانیان هەیە.

هاوپەیمانییەكە لە شاری بەغداد لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بە فەرمی ڕاگەیەندرا، هاوپەیمانییەكە بەشداریی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ناكات و هیچ پۆستێك وەرناگرێت، وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لە ناو پەرلەمانی عێراقدا كار دەكات.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی ھاوپەیمانییەكە، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی "ئامانجەكانی ھاوپەیمانییەكە ئامانجی گەل و تەواوی خۆپیشاندەرانە"، وتیشی "مووچەی هەرێم و هاوتاكردنی موچەی پێشمەرگە بە سوپای عێراق، ماددەی ١٤٠ و چارەسەركردنی پرسی ناوچە جێناكۆكەكان لە بنەماكانی هاوپەیمانیی لەپێناو خەڵكدان".

سەرۆكی ھاوپەیمانییەكە ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتێكدا حزبەكانی دیكە كۆبوونەوە بۆ پۆستەكان دەكەن، "ئێمە دەڵێین كە ھیچ پۆستێكمان ناوێت‌و لە حكومەتی پشك پشكێنە بەشداریی ناكەین".

هاوپەیمانییەكە لە ئێستاداو بۆ خولی نوێی پەرلەمان ژمارەی كورسییەكانی ٢٨ كورسییە، وەك خۆیان دەڵێن، لە داهاتوودا ڕەنگە ژمارەی كورسییەكانیان بگاتە ٤٠ كورسیی.

پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییە لە نێوان هێزێكی كوردیی‌و سەرۆكایەتیكردنی لەلایەن هێزە كوردییەكەوە، یەكەمجارە لە پەرلەمانی عێراقدا ڕوودەدات.

نەوەی نوێ كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەكە دەكات، موفاجەئەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بوو لە كوردستان، ئەو جوڵانەوەیە توانیی لە چوار بازنەی پارێزگای سلێمانی دەنگی یەكەم بەدەست بهێَنێت‌و لە بازنەیەكی دیكەش دووەم بوو بە جیاوازییەكی كەم لەگەڵ یەكێتی.

لە چوار بازنەی هەولێریش لە سێ بازنە كاندیدەكانی سەركەوتن‌و لەو بازنەیەش كە كاندیدەكەی سەركەوتوو نەبووە، دەنگەكانی زیادی كردووە، بەوەش جوڵانەوەكە لە دوای پارتی بوو بە خاوەنی دووەم زۆرترین پەرلەمانتار لە هەولێرو پێش یەكێتی نیشتمانی‌و حزبەكانی دیكەش كەوت.

لە كەركوك نەوەی نوێ هاوشانی پارتی‌و یەكێتی چووە ناو هاوكێشەكانی ئەو شارەوە، بۆ یەكەمجار لەناو حزبە كوردییەكاندا كاندیدێك لە دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی كورسییەكی پەرلەمان لە كەركوك دەباتەوە ئەویش كاندیدی نەوەی نوێ یە.

لە سێ بازنەی دهۆك نەوەی نوێ هیچ كاندیدێكی سەركەوتوو نەبوو، لە دوو بازنە بە ڕێژەیەكی كەم دەنگەكانی كەمی كردووە، بەڵام لە بازنەیەك زیاتر لە دوو هێندە زیادی كردووەو ئەوەش وایكردووە دەنگەكانی جوڵانەوەكە لەسەر ئاستی ئەو پارێزگایە زیاد بكات.

بەم ئەنجامانە، نەوەی نوێ بوو بە موفاجەئەی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق لەناو حیزبە كوردستانییەكان لە پارێزگاكانی هەرێم‌و كەركوك، لە كۆی 14 كاندید 9 كاندیدی دەبنە پەرلەمانتار.

بە زیاتر لە 230 هەزار دەنگ، نەوەی نوێ سەركەوتنی تۆمار كرد لە پڕۆسەیەكدا كە زۆرینەی دەنگدەران بایكۆتیان كردو ئەنجامەكەیش بە دڵی زۆربەی حزبە كوردییەكانی دیكە نەبوو.