مامۆستا بەدەل لە پیشەكەی دوورنەخراوەتەوە؛ كێ‌ بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە دەدات؟

15-12-2021 10:23

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دهۆك نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەی دوو مامۆستای سزادراوی بادینانی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كردووە بۆ پەسەند كردن، بەڵام "پەسەند نەكراون". مامۆستا بەدەل بەرواری دەڵێت "بڕیاری كۆتایی لای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمە".

بەپێی دوو نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆك كە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كراون، داوا كراوە دەستلەكاركێشانەوەی هەردوو مامۆستای سزادراوی بادینان (بەدەل بەرواری و جەمال خەلیل) پەسەند بكرێت.

لەوبارەیەوە مامۆستا بەدەل بەرواری بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەوە ڕێكارێكی یاساییە، ئێمە سزای ساڵك زیندانیمان بەسەردا سەپێندراوە، هەر فەرمانبەرێكی حكومەت دادگایی یان زیندانی بكرێت، دوای تەواوبوونی یرۆسەكە چ بە سزادان یان لێبوردن بێت، دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی خۆی بكاتەوە".

مامۆستا بەدەل ئاماژەی بەوە كرد كە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دهۆكیان كردووە و لەوێ‌ پێیان وتوون كە وەكوو ڕێكاری یاسایی "دەبێت دەست لە كار بكێشنەوە"، دواتر ئەوانیش نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەی پەروەردەی دهۆك كردووە، پەروەردەی دهۆكیش ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی كردووە.

وەكوو مامۆستا بەدەل بەرواری بۆ پەرەگراف ڕوونی كردەوە، وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە كە "ئێمە ناتوانین بڕیار لەسەر ئەوە بدەین فەسڵ بكرێن یان بگەڕێنەوە سەر كارەكانتان". دواتر وەزارەتی پەروەردەیش لەوبارەیەوە نووسراوی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كردووە.

مامۆستا بەدەل بەرواری دەڵێت "ئەوەندەی بەدواداچوونمان كردووە، وتوویانە ئێوە فەسڵ ناكرێن، بەڵام بڕیاری یەكەم و كۆتایی لای ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دەدات ئێمە فەسڵ دەكرێین یان دەگەڕێینەوە سەر كاری خۆمان".

ئەو مامۆستایانە تا ئێستا نەچوونەتەوە سەر كارەكانیان، بەڵام بەرواری بۆ پەرەگراف وتی "مووچەی بنەڕەتیمان بۆ خەرج دەرێت و تا ئەم دوایین مانگەیش مووچەمان وەرگرتووە".

هەر لەبارەی ئاراستەكردنی داوای پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی ئەو دوو مامۆستایە، عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی دەستگیركردن و زیندانیكردنیان بە ستەم بووە و هیچ تاوان و تۆمەتێكیان لەسەر نەبووە، لە هەمان كاتدا دوای ئازادبوونیشیان لە پیشەكانیان كە مامۆستان، دورخراونەتەوە، هەرئەوەش نا بەڵكوو پێنج ساڵیش خراونەتە ژێر چاودێریی وردی دەزگا ئەمنییەكانی دەسەڵات".

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری یاداشتێكی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە و تێیدا داوای كردووە "بڕیاری لەسەر كار لادانی" ئەو مامۆستایانە هەڵبوەشێتەوە و "سەرۆكی پەرلەمان وەزارەتی پەروەردە لە لابردنی ئەو ستەمە ئاگادار بكاتەوە".