پارتی‌و یەكێتی ململانێیانە لەسەر سەرۆككۆمار، نەوەی نوێ دەڵێت ئێمە یەكلایی دەكەینەوە

16-12-2021 06:45

پەرەگراف

لەگەڵ بەردەوامیی ململانێكانی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار، جوڵانەوەی نەوەێ نوێ دەڵێت، یەكلاییكردنەوەی ئەو پۆستە لە دەستی ئە واندایە.

هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە فەیسبووك نووسیویەتی "لە ئێستا بەدواوە پۆستی سەرۆك كۆمار نەوەی نوێ یەكلایی دەكاتەوە و هیچ كام لە هێزە كوردییەكان بە بێ نەوەی نوێ ناتوانن ئەو پۆستە یەكلا بكەنەوە".

"نەوەی نوێ بڕیار دەدات سەرۆك كۆماری داهاتوو كێ بێت" وتەبێژەكەی نەوەی نوێ وادەڵێت.

ئەو لێدوانە دوای ئەوەدێت، نەوەی نوێ سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەك دەكات لەگەڵ چەند لایەن‌و پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراقیی كە لە ئێستادا 28 پەرلەمانتاریان لە پەرلەمانی عێراق هەیەو چاویان لەوەیە هاوپەیمانییەكەیان بگاتە 40 كورسیی لە پەرلەمان.

هاوپەیمانییەكە بەناوی "لە پێناو خەڵك" دوێنێ لە شاری بەغداد بە فەرمی ڕاگەیەندرا‌و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات، هاوپەیمانییەكە بەشداریی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ناكات و هیچ پۆستێك وەرناگرێت، وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لە ناو پەرلەمانی عێراقدا كار دەكات.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی ھاوپەیمانییەكە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئامانجەكانی ھاوپەیمانییەكە ئامانجی گەل و تەواوی خۆپیشاندەرانە"، وتیشی "مووچەی هەرێم و هاوتاكردنی موچەی پێشمەرگە بە سوپای عێراق، ماددەی ١٤٠ و چارەسەركردنی پرسی ناوچە جێناكۆكەكان لە بنەماكانی هاوپەیمانیی لەپێناو خەڵكدان".

ئەو هەڵوێستەی نەوەی نوێ لەبارەی یەكلایی كردنەوەی سەرۆككۆماری عێراق، لەكاتێكدایە پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە ناكۆكن، ھەرلایەكیان پۆستەكە بە مافی خۆی دەزانێت، پارتی كە خولی ڕابردوو تا دواهەنگاو شەڕی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆماری كرد و نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، ئێستاش جارێكیتر خواستی وەرگرتنی ئەو پۆستەی وروژاندووە.

دوای ئەوەی مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی، وتی: خۆمان لە یەكێتی بە شایستەتر دەزانین پۆستی سەرۆككۆمار وەربگرین. لە وەڵامدا ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەكێتی، لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند "ماوەیەكە لێدوانەكانی وتەبێژی پارتی، كە بەداخەوە گوزارشت لە ڕای رەسمی پارتی دەكات، زبرو ناجۆرن وئیستفزازین، لەگەڵ ویستی یەكڕ‌یزی كورد ناگونجێت و یارمەتی هاوهەڵوێستی گەلەكەمان لەبەغدا ویەكڕ‌یزی لە كوردستان نادات".

"پۆستی سەرۆك كۆمار لە عێراقی دوای روخانی رژێمی دیكتاتۆر، ئیستحقاقی كوردو یەكێتیی بووەو جارێكی تریش پێداگری لێدەكەینەوە، جا بە یەكڕ‌یزی یان بەبژاردەی هەڵبژاردن و دیموكراسیش بێت كە هەردووكی تاقیكراوەتەوە" وتەبێژەكەی یەكێتی وای وت.

سەرۆككۆمار؛ لە مێژووی دامەزراندنی عێراقەوە چوار جار بەر كورد كەوتووەو لەناو كوردیش بۆ یەكێتی؛ دوو خول بۆ جەلال تاڵەبانی، یەك خول بۆ فوئاد مەعسوم و خولی ئێستای بەرهەم ساڵح، كە هەوڵی ئەوەدەدات هەمان تەمەنی تاڵەبانی لەو پۆستەدا دووبارە بكاتەوە.