هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستگیركردنی دوو قاچاخچیی چەكی داعشی لە هەولێر ڕاگەیاند

16-12-2021 07:14
لۆگۆی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش

پەرەگراف

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دەستگیركردنی "دوو قاچاخچیی چەكی داعش"ی لە هەولێر ڕاگەیاند و لە تویتێكدا دەڵێت "ئەمڕۆ دژەتیرۆر چەند ئۆپەراسیۆنێكی لە ناوچەی زەیتوونی هەولێر لە عێراق ئەنجام دا، تێیدا دوو قاچاخچیی چەكی داعشی دەستگیر كرد".

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت "ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە دەبنە هۆی ئەوەی كە داعش نەتوانێت قاچاخچێتی بە چەكەوە بكات و چەك كۆبكاتەوە و بگوازێتەوە".

پێشتریش هاوپەیمانییەكە لە ڕۆژی 13-12-2021 ڕایگەیاند "هێزە ئەمنییە كوردییەكان لە ئۆپەراسیۆنێكدا سەركردەیەكی داعشیان لە نزیكی هەڵەبجە دەستگیر كرد".

هاوپەیمانییەكە هیچ زانیارییەكی سەبارەت بە وردەكاریی ئۆپەراسیۆنەكان و ناسنامەی داعشە دەستگیركراوەكان ئاشكرا نەكردووە، هیچ كام لە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیش ڕوونكردنەوەیان لەوبارەیەوە نەداوە.

ئەمە لە كاتێكدایە ڕۆژی 9-12-2021 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد كە "لە ھەڵمەتێكی بەرفراوان و چەند ئۆپەراسیۆنێكی جیاجیادا، ژمارەیەك لە ئەندامانی تاقم و گرووپی نەنستووی تیرۆریستانی داعش لە شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچكەكانی خورماڵ، سیروان و چەند گوندێكی شارەزوور دەستگیر كران".

ئاسایش دەڵێت، ئەو كەسانە "مەرامیان بوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ئاسایشی ھەرێم تێك بدەن".

ئۆپەراسیۆنەكان لە ڕۆژی چوارشەمە 8-12-2021 لەلایەن "بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی/هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، بە هاوكاریی هێزەكانی بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور" ئەنجام دراون.

هەروەها "دەست بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنیشدا گیراوە كە پیلانیان دانابوو لە كردەوە تیرۆریستییەكانیاندا بەكاری بهێنن".

"لێرەوە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ڕوون دەكەینەوە، لەبەر سەلامەتیی لێكۆڵینەوەكان و پاراستنی دۆسیەكە، زانیارییەكانی پەیوەست بەم پیلانەی تیرۆریستان دەھێڵینەوە و لە داھاتوویەكی نزیكدا بە بەڵگە و دۆكۆمێنتی دروست، زانیاریی زیاتر لەبارەی شكستپێھێنانی تێكدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ ڕایگشتی بڵاو دەكەینەوە"، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی وا دەڵێت.