لافاوەکەی ھەولێر؛ گیان لەدەستدان بۆ ١١ کەس بەرزبووەوە

17-12-2021 11:23
زیانه‌كانی لافاوەکەی ھەولێر.

پەرەگراف

نوێکراوەتەوە لە کاتژمێر ١:٥٥ خولەک

ئاماری گیان لەدەستدان بە لافاوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ھەولێر بۆ ١١ کەس بەرزبووەوەو سێ کەسیش چارەنووسیان نادیارە.

نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی ھەولێر ڕایگەیاند، خەڵکی بیانییش لەناو قوربانییەکاندان و کەسێکی خەڵکی تورکیاو فلیپینییەک لەناو ئەوانەدان کە گیانیان لەدەستداوە.

ھاوکات ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، داوا لە خەڵک دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لەماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.

لافاوەکە لەگەڵ زیانی گیانیی، زیانی ماددی زۆریشی بە ھاووڵاتییان گەیاند و دەیان ئۆتۆمبێل ئاوبردوونی، خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل بە ڕۆژنامەنووسانیان گوت، لافاوەکە زیانی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری بە ئەوان گەیاندووە.

ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ڕووی لە ھەولێر کردووە تا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت، بۆ ئێوارە شەپۆلەکە دەگاتە پارێزگای سلێمانی.

بەشی پێشبینی لە کەشناسیی هەرێم هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی قەزای کۆیە و ناحیەی تەقتەق و دەوروبەری، هەروەها ئیدارەکانی  ڕاپەڕین و گەرمیان و دەڵێت "بەگوێرەی پێشبینیمان، لە ماوەی ١٢ کاتژمێری داهاتوودا ئەگەری لێزمەباران و برووسکە هەیە".

بەپێی کەشناسیی ھەرێم، شێوازى دابەش بوونى دابارین لە ماوەى 12 کاتژمێرى رابردوو بەم شێوە بووە لە بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەولێر؛ بەشى باکوورى پارێزگاى هەولێر 83 ملم، سەنتەرى پارێزگا 59 ملم، بەشى باشوورى پارێزگا 77 ملم ھەروەھا زۆرترین رێژەى بارانبارین لە پیرمام بووە کە 83 ملم باریوە.

مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا دەڵێت: بە داخێکی زۆرەوە، بە ھۆی بارانی بەخوڕ و بەھێزی دوێنێ شەو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ ، لافاو لە چەندگوند و ناوچەیەکی شاری ھەولێر دروست بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ھاووڵاتی گیانیان لە دەستدا و زیانێکی زۆری ماددیشی لێ کەوتووەتەوە. پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم لە بنەماڵە و کەسوکاریان دەکەم و ھاوخەمیانم. خوای مەزن گیانیان بخاتە بەر دلۆڤانی خۆی.

"دەزگا پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپاردووە، کە بە پەلە بە ھانای زیانلێکەوتووانەوە بچن و ھەرچی پێویست بێت، بۆ ھاوکاریکردنیان ودابینکردنی پێداویستییەکانیان ئەنجامی بدەن" سەرۆکی حکومەتی ھەرێم وادەڵێت.