كاردانەوەی لافاوەكەی هەولێر، سەرۆكی پەرلەمان پەیامێكی ڕەخنەگرانەی نارد و جێگرەكەی وەڵامی دایەوە

17-12-2021 03:44

پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا سەبارەت بە لافاوەكەی هەولێر دەڵێت "ناكرێت فراوانكردن شار ھەڕەمەكییانە بێت و پێویستە دوور لە بەرژەوەندی و بە ویژدانەوە پلانی گەشەكردنی بیناسازیی شار دابنرێت". جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێت "هیچ لایەك كارەساتی سروشتی بۆ مەرامی سیاسی بەكار نەهێنێت".

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامەكەیدا ڕایگەیاندووە "وێڕای نیگەرانی و ھاوخەمی بۆ كەسوكاری قوربانیان، لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان ڕادەسپێرین كە بە زووترین كات بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە و دووبارە و چەندبارەیە بكەن، كە بووەتە مایەی ھەڕەشەی گیانی و ماڵی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر لەگەڵ ھەر بارانبارینێكدا".

ڕێواز فایەق جەخت دەكاتەوە كە "پێویستە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەدواداچوونێكی جدی بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە بكەن لە ڕەگ و ڕیشەوە، بە تایبەت كە ناكرێت فراوانكردن و گەورەكردنی شار بەشێوەیەكی ھەڕەمەكییانە ببێتە مایەی تێكچوون و شێواندنی تۆبۆگرافیای شارێكی دێرین و تەمەن ھەزاران ساڵ و گۆڕینی ئاڕاستە و ڕێڕەوەكانی ئاو تێیدا".

سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاندووە كە پێویستە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە، سنوورێكی بۆ دابنرێت و ڕابگیرێت و لە خزمەتی گەشەكردنی شار و ژێرخانی كەرتە خزمەتگوزارییەكان ئاراستە بكرێت، دەشڵێت "كەسانێكی شارەزای دوور لە بەرژەوەندی و بە ویژدانەوە پیشەییانە پلانی گەشەكردنی بیناسازیی شار دابنێن، بە جۆرێك ئارامی و دڵنیایی بە هەموو چین و توێژەكان ببەخشێت نەك گەڕەكە هەژارنشینەكان دوودڵ بن لەوەی نزا بكەن تەنانەت خوای گەورە بە ڕەحمەتی باران بەسەریان بكاتەوە".

هاوكات هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی كەسوكاری قوربانییەكانی لافاوەكەی هەولێر كردووە و وەكوو وەڵامێك بۆ پەیامەكەی سەرۆكی پەرلەمان بەبێ ئەوەی ناوی بھێنێت، دەڵێت "لەم كات و ساتانەی كە بەهۆی ڕووداوی سروشتییەوە زیانی گیانی و ماددی بە هاووڵاتیانمان دەگات، دەبێت هەموو لایەكمان بەرپرسانە لە هەوڵی ڕەواندنەوەی خەمی كەسوكاری قوربانیان بین و هیچ لایەك كارەساتی سروشتی بۆ مەرامی سیاسی بەكار نەهێنێت".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت "لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كارەساتە سروشتییەكان بگیرێتەبەر".

گیان لەدەستدان بە لافاوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ھەولێر بۆ ١١ کەس بەرزبووەوەو سێ کەسیش چارەنووسیان نادیارە.

لافاوەکە لەگەڵ زیانی گیانیی، زیانی ماددی زۆریشی بەھاووڵاتییان گەیاند و دەیان ئۆتۆمبێل ئاوبردوونی، خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل بە ڕۆژنامەنووسانیان گوت، لافاوەکە زیانی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری بە ئەوان گەیاندووە.