بافڵ تاڵەبانی پۆستی حزبیی ١٢ بەرپرسی باڵای یەکێتی دەگۆڕێت

18-12-2021 06:39

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی بڕیاریدا بە گۆڕانکاریی لە پۆستی حزبیی ١٢ بەرپرسی باڵای یەکێتی، بڕیارەکانی ھاوسەرۆکی یەکێتی لە ٨ی ئەم مانگەدا دراون و ئەمڕۆ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گشتاندنی بۆ کردوون بەسەر دامودەزگاکانی حزبەکەیدا.

بەپێی بڕیارەکان؛ قوباد تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد، جوان ئیحسان و عەدنانی حەمەی مینا لە ئەندامی سەرکردایەتییەوە پلەیان بەرزکراوەتەوە بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی.

ھەریەکە لە شاڵاو عەلی عەسکەری، خەسرەو گوڵ محەمەدو ئاسۆ مامەند ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پلەیان بەرزکراوەتەوە بۆ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی.

ھەروەھا پۆڵا سیروان تاڵەبانی کراوە بە لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندەكانی دەرەوە، ئارێز عەبدوڵا بە لێپرسراوی مەكتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری، ستران عەبدوڵا بە لێپرسراوی مەكتەبی ڕاگەیاندن، سەركەوت محەمەد زەكی بە لێپرسراوی مەكتەبی ڕێكخستن، جوتیار نوری بە لێپرسراوی مەكتەبی ڕێكخراوە دیموكراتییەكان.

لە دوای ٨ی تەمموزو تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکانی یەکێتی کە بەھۆیەوە لاھور شێخجەنگی سەرجەم دەسەڵاتەکانی ڕادەستکردو دواتر لە یەکێتی دەرکرا لەگەڵ چەند سەرکردایەتییەکی نزیکیدا، یەکێتی بڕیاریدا گۆڕانکاریی فراوان لە حیزب و پشکی حکومەتیان ئەنجام بدات.

بۆ ناوخۆی حیزب دەسەڵات دراوە بە بافڵ تاڵەبانی و بۆ پۆستە حکومییەکانی پشکی یەکێتیش دەسەڵات بە قوباد تاڵەبانی دراوە گۆڕانکاریی بکات.