كێشەی ئاوەڕۆی هەولێر و چەندبارەبوونەوەی لافاو چۆن چارەسەر دەبێت؟ لە توانای حكومەتدایە؟

18-12-2021 10:10
دیمەنێك لە لافاوەكەی هەولێر. فۆتۆ: k24

پەرەگراف

كێشەی ئاوەڕۆی هەولێر و دروستبوونی چەندبارەی لافاو، لەو بابەتانەیە كە بووەتە جێی مشتومڕ و پرسیاری ئەوە دەكرێت: ئایا ئەو كێشەیە قابیلی چارەسەرە و حكومەت دەتوانێت چارەسەری بكات؟ ئەندازیارێك بە "بەڵێ‌" وەڵامی ئەو پرسارە دەداتەوە و نموونەی پرۆژەیەك دەخاتە ڕوو كە زەوییەكەی 18 مەتر قووڵ بووە كێشەی ئاوەڕۆكەیان چارەسەر كردووە.

لافاوەكەی شەوی 16 لەسەر 17ی ئەم مانگەی هەولێر كە ژمارەیەكی زۆر قوربانی و زیانی ماددیی گەورەی بەدوادا هات، جارێكی دیكە كاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی حیزب و بەرپرسان و هاووڵاتیانیش بەدوای خۆیدا هێنا، زۆرینە باس لە بوونی "كەمتەرخەمی و بێپلانی" دەكەن و دەپرسن بۆچی كێشەی ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەر ناكرێت؟ ئایان قابیلی چارەسەر نییە؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، پەرەگراف قسەی لەگەڵ ئەندازیارێك كرد كە ١٧ ساڵ ئەزموونی كاری ھەیە لە بواری ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ. ئەو دەڵێت كە كێشەی ئەو گەڕەكانەی هەولێر كە لافاوی لێ دروست بووە، "بە حكومەت چارەسەر دەكرێت. ڕاستە پارەی دەوێت، بەڵام لە توانای حكومەتدایە".

ئەندازیار هەندرێن فاروق، بۆ پەرەگراف وتی "هەر شوێنێك چاڵ بێت، دەبێت ئاوەڕۆی سندووقیی بۆ دروست بكرێت، دەبێت بە شێوەیەك ئاوەڕۆی بۆ بكرێت كە توانای ئەو ئاوەی هەبێت دەچێتە سەری، نموونەشمان زۆرە و ئێستا ئیشێكمان كردووە لە قڕگە بەو شێوەیەیە".

هەندرێن فارووق كە لە دروستكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی ئەڵمانیدا لە شاری سلێمانی كاری كردووە، دەڵێت "گوندی ئەڵمانی ١٨ مەتر لە ئاستی شەقامی شەستمەتری سلێمانی قووڵتر بوو، بەڵام بە دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی و بەرزكردنەوەی بە مەنهۆڵ بۆ سەرەوە و دواتر پڕكردنەوەی شوێنەكە تا ئاستی شەقامەكە و كوتینەوەی، چارەسەر كرا".

ئەو ئەندازیارە دەربارەی هۆكاری چەندبارەبوونەوەی لافاو لە شاری هەولێر بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، بۆ پەرەگراف وتی "بەشێك لەو زەوییانەی كە كراون بە بینا، ڕێڕەوی ئاوبوون، بەهۆی دروستكردنی بینا ڕێرەوی ئاوەكە گیراوە، یان گۆڕاوە بە ئاڕاستەیەكی خراپ بۆ ئەو گەڕەكانە".

سەبارەت بە چارەسەریش جەخت دەكاتەوە كە "دەبێت (ئەو ئاوی باراناو و لافاوە) لەسەر ڕێڕەوی ئاوەكە بە ئاوەڕۆی سندووقی دەربكرێتە دەرەوەی شار".

"پێویستە جگە لە ئاوەڕۆی سندووقی، ڕێڕەوی ئاو لەو ناوچانە بگۆڕدرێت بە شێوەیەكی زانستی و ئەندازیاری"، ئەندازیار هەندرێن فارووق وای وت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دوێنێ‌ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دوایین ئاماری ئەو كەسانەی گیانیان لەدەست داو ١٢ كەسە و تەرمی ١١ كەس دۆزراوەتەوە، دوو هاووڵاتیی عەرەب، دوو هاووڵاتیی نیپاڵی، كوردێكی ئێزدی و هاووڵاتییەكی توركیان لەنێودایە. گەڕان بەدوای منداڵە نەدۆزراوەكەشدا بەردەوامە".

جگە لە منداڵێكی 10 مانگان كە تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، گەنجێكی 20 ساڵانیش بە ناوی ئومێد كە شوان بووە، لافاو بردوویەتی و هێشتا بێسەروشوێنە. هەر بەهۆی لافاوەكەوە سەدان خانوو و ئۆتۆمبێل زیانی گەورەیان بەركەوتووە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەربارەی لافاوەكەی هەولێر ڕایگەیاند "ئەمە كارەساتێكی سروشتییە كە بەهۆی بارینی بارانێكی زۆرەوە ڕووی داوە، جگە لەوەی ئینسان شوكرانەی خوا بكات، هیچی تری پێ‌ ناكرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستی بە بەدواداچوونیش هەیە كە ئەگەر لە هەر شوێنێك كەمتەرخەمییەك هەبووبێت، دەستنیشان بكرێت".

سەرۆكی حكومەت وتیشی "یەكێك لە هۆكارەكان گرتنی ڕێڕەوی ئاوەكە بووە لەو ساڵانەی ڕابردوو، لەوانەیە بە شێوەیەكی پێویستی ئەندازیاری ڕەچاوی ئەوە نەكرابێت ڕێڕەوی ئاوەكە نەگیرێت، بۆ ئەمەش لیژنەیەكی تایبەتمان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە بكەن بزانن كەمتەرخەمییەكان چین و لەكوێ‌ كێشە هەبووە، ئەگەر لە پرۆژەیەكدا دەستدرێژی كراوەتە سەر ڕێڕەوی ئاوەكە، دەبێت هەمووی دەستنیشان بكەن تاكو چارەسەر بكرێن".

هەر لە کاردانەوەى لافاوەکەدا، ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند "وێڕای نیگەرانی و ھاوخەمی بۆ كەسوكاری قوربانیان، لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان ڕادەسپێرین كە بە زووترین كات بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە و دووبارە و چەندبارەیە بكەن، كە بووەتە مایەی ھەڕەشەی گیانی و ماڵی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر لەگەڵ ھەر بارانبارینێكدا".

ڕێواز فایەق جەخت دەكاتەوە كە "پێویستە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەدواداچوونێكی جدی بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە بكەن لە ڕەگ و ڕیشەوە، بە تایبەت كە ناكرێت فراوانكردن و گەورەكردنی شار بەشێوەیەكی ھەڕەمەكییانە ببێتە مایەی تێكچوون و شێواندنی تۆبۆگرافیای شارێكی دێرین و تەمەن ھەزاران ساڵ و گۆڕینی ئاڕاستە و ڕێڕەوەكانی ئاو تێیدا".