شەپۆلێكی دیكەی باران و بەفربارین لە هەرێم دەست پێ‌ دەكات؛ چەند ڕۆژ بەردەوام دەبێت؟

19-12-2021 02:23
ديمه‌نى دواى به‌فر بارين - حاجى ئۆمه‌ران

پەرەگراف

بەپێی پێشبینیی كەشناسیی هەرێم، شەپۆلێكی دیكەی باران و بەفربارین لە سبەینێوە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و سێ‌ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم دەڵێت "قۆناغی دووەمی كاریگەریی ئەو شەپۆڵەی ڕووی لە ناوچەكەمان كردووە، لە سبەی دووشەممەوە چالاك دەبێتەوە. ڕۆژی دووشەممە لە دوای نیوەڕۆ بارانبارین دەست پێ دەكاتەوە، لە كاتەكانی شەودا بارانبارین زیاتر دەبێت و بارانی مامناوەند و هەندێ جار لێزمەباران دەبێت".

هەر بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێم، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ئاستی دابارین زیاتر دەبێت، هاوكات بارستە هەوایەكی سارد ڕوو لە ناوچەكە دەكات و بەفریش دەبارێت. دەشڵێت "كاریگەریی ئەم بارستە هەوا ساردە، زیاد دەكات و ئاستی بەفر بارین زیاتر دەبێت و زۆربەی ناوچە شاخاوییە بەرزەكان بەفری دەبێت".

ڕۆژی چوار شەممەیش بەفر و بارانبارین لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، هەندێك كات تەم دروست دەبێت و مەودای بینین كەم دەكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم دەڵێت "كاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ڕۆژی پێنجشەممە كۆتایی دێت، بەڵام نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بەردەوام دەبێت، پێنجشەممە و هەینی لە ناوچە شاخاوییەكان بۆ ژێر سفر نزم دەبێتەوە و لە سەنتەری پارێزگاكان لە سفر پلەی سیلیزی نزیك دەبێتەوە".

"ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاستی بەفری زیاتر دەبێت لە چاو ناوچەكانی تر"، كەشناسی وا دەڵێت.

بارى کەشوهەواى ئەمڕۆى چوار پارێزگاکەى هەرێم و کەرکووک