ناوەرۆكی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی؛ هەردوولا كۆكن پشتیوانیی حكومەت بكەن بۆ چارەسەری كێشەكان

19-12-2021 03:18
كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتی. فۆتۆ: PUKMEDIA

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتیدا، گفتوگۆ دەربارەی پێشهاتەكانی هەرێم و عێراق، هەڵبژاردن و ئیستیحقاقەكانی كورد كراوە. هەردوو لا "كۆك بوون كە پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە هەموو ڕوویەكەوە".

ئەمڕۆ شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە شاری سلێمانی و لە دەباشان لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە ئامادەیی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێكی "گرنگ" كراوە، تایبەت بە "دۆخی سیاسیی عێراقی دوای هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو و ئیستیحقاقەكانی كورد و یەكخستنی كورد و یەكخستنی هەڵوێستی كوردستانی و سەرجەم دۆسیە گرنگە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لە بەغدا".

پارتی و یەكێتی دەڵێن "هەوڵدان بۆ گەڵاڵەی كۆتایی كارنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی لەسەر بنچینەی شەراكەتی ڕاستەقینە و تەوافوق و تەوازونی دەستووری، وەك لە عێراقی نوێدا لەسەری پێكهاتبووین، بەشێكی تر بوو لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە".

هەروەها "هەردوولاش كۆكبوون لەسەر ئەوەی پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە هەموو ڕوویەكەوە، بە تایبەتی لە ڕووی گوزەران و مووچە و شایستە داراییەكانی سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان بە توێژی خوێندكاران و قوتابیانیشەوە".

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە: