لە فڕۆكەخانەی سلێمانی ژمارەیەك ڤیزەی شنگنی ساختە ئاشكرا كران و خاوەنەكانیان دەستگیر كران

20-12-2021 11:44

پەرەگراف
نشینگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاشكراكردنی حەوت ڤیزەی شنگنی ساختەیان ڕاگەیاند كە خاوەنەكانیان هەوڵیان داوە لە ڕێگای ترانزێتەوە بگەنە وڵاتی ئەڵمانیا. پێشتریش لە فڕۆکەخانەى سلێمانى دەستگیرکردنى گرووپێکى ٢٤ کەسى ڕاگەیەندرا کە هەوڵیان دابوو بە ڕێگەیەکى ساختەکارى بچنە ئەڵمانیا.

بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی سلێمانی دەڵێت "ئەفسەران و كارمەندانی بنكەی نشینگەی فڕۆكەخانەی سلێمانی كە سەر بەڕێوەبەرایەتیمانە، لە ڕۆژی (20/12/2021) لە گەشتی (سلێمانی- بەیروت) توانییان حەوت گەشتیار دەستگیر بكەن كە هەستابوون بە ساختەكردنی حەوت ڤیزای شنگنی وڵاتی ئەڵمانیا، دەیانویست بەهۆیەوە لە ڕێگای بەیروتەوە گەشت بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بكەن".

ئەو حەوت گەشتیارە "پێنج كەسیان هەڵگریی پاسپۆرتی عێراقی و دوانەكەی دیكە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی بوون".

بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی سلێمانی دەڵێت "دوای ئاشكراكردنی ساختەكەرییەكەیان، هەر حەوت گەشتیارەكە ڕادەستی بنكەی پۆلیسی فڕۆكەخانە كران و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە".

"ئەفسەران و كارمەندانی بنكەی نشنیگەی فڕۆكەخانە، لە ماوەكانی ڕابردوودا چەندین جار بەڵگەنامەی گەشتكردنی ساختەیان ئاشكرا كردووە و خاوەنەكانیان ڕووبەڕووی یاسا كردووەتەوە"، نشینگەی سلێمانی وا دەڵێت.

پێشتریش لە ڕۆژی (5/10/2021) فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاند "بە هاوكاریی ئاسایشی فڕۆكەخانە لە ‏گەشتی (سلێمانی- دوسلدۆرف) توانییان ڕێگری بكەن لە ‏هەوڵێكی ساختەكاریی گرووپێكی گەشتیاران كە ژمارەیان ٢٤ گەشتیار بوو بەنیازبوون گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن".

فڕۆكەخانەكە وتبووی "دوای وردبینی لە دۆكیومێنت ‏و بەڵگەكانیان، دەركەوت هەڵگری جۆرێك لە دۆكیومێنتن كە هیچ بەڵگەیەكی ‏فەرمییان نەبووە بۆ سەفەركردن بۆ دەرەوەی وڵات".

ھاوكات سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەی سلێمانی، بە پەرەگرافی وت كە ئەو كەسانە لە چوارچێوەی گرووپێكی گەشتیاریدا لەلایەن قاچاخچییەوە ڤیزای ساختەی وڵاتی ئەندۆرا-یان بۆ كراوە بە بڕی ١٤٠ هەزار دۆلار (١٤ دەفتەر). ویستویانە لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە بەو ڤیزایە بچنە وڵاتی ئەڵمانیا، بەڵام لە فڕۆكەخانە دەستگیركراون و رەوانەی لێكۆڵینەوە كراون.