وەزیری پێشمەرگەو باڵیۆزی ئەمەریكا ئاستەنگەكانی بەردەم چاكسازیی تاوتوێ دەكەن

20-12-2021 04:59

پەرەگراف

وەزیری پێشمەرگەو باڵیۆزی ئەمەریكا كۆبوونەوەو ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی چاكسازیی لە ڕیزەكانی پێشمەرگەو لابردنی بەربەستەكانیان تاوتوێ كرد، باڵیۆز دڵنیایی دا، یارمەتیەكانی وڵاتەكەی بۆ جێبەجێكردن و سەركەوتنی چاكسازیی بەردەوام دەبێت.

ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە یاوەریی وەفدێكی دیبلۆماسیی‌و سەربازیی وڵاتەكەی، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی كردو لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو پلەدارانی وەزارەت كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە كۆبوونەوەكەدا شۆڕش ئیسماعیل تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە چاكسازی پڕۆسەیەكی حەتمییەو بەردەوامی هەیە، "ئەگەرچی لەمپەڕو ئاستەنگەكان زۆریش بن، بەڵام ئیرادەی سەركەوتن و جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیە بەهێزترەو، لەجێبەجێكردنیشیی ناوەستین".

باڵیۆزی ئەمەریكا‌و وەزیری پێشمەرگە، گفتوگۆی "بەرهەمداریان" لەسەر گرفتەكانی سەر ڕێی پڕۆسەی چاكسازیی كردووە، "باڵیۆزی ئەمریكا دووپاتیكردەوە، وەك ئەمریكا بەردەوام دەبن لە نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی دێنەبەردەم پڕۆسەی ڕیفۆرمی پێشمەرگە".

ماسیۆ تۆلەر، پێزانینی ئەمەریكای بۆ قوربانییەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش خستووەتەڕوو، تەئكیدی لە بەردەوامیی هاوكاری‌و پشتیوانییەكانی وڵاتەكەی بۆ پێشمەرگە كردووەتەوە.

"یارمەتیەكانی ئێمە لە ڕووی جێبەجێكردن و سەركەوتنی چاكسازی بەردەوامی دەبێت، بەو پێیەی تاوەكو وەزارەتی پێشمەرگە بەهێز بێت، ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە پارێزرراو دەبێت" باڵیۆزی ئەمەریكا وادەڵێت.

بەشێكی دیكەی گفتوگۆكانی وەزارەتی پێشمەرگەو وەفدە ئەمەریكییەكە، شەڕی دژ بە داعش بووە، وەزیری پێشمەرگە باسی لەوە كردووە، بە بایەخەوە لە هاوكاری و هەماهەنگییەكانی ئەمەریكا دەڕوانن.

لە بارەی جموجوڵەكانی داعش، شۆڕش ئیسماعیل وتی "دەبینین داعش دەستی بە چالاكی و جوڵە‌و كردەوەی تیرۆریستی كردۆتەوە، ئەمەش وا پێویست دەكات قەبارەی هاوكاریی و یارمەتیەكان بۆ هێزی پیشمەرگە زیاتر بكرێت، تا بنبڕكردن‌و لەناوبردنی تەواوەتی ئەو تیرۆریستانە،‌ كە تائێستاش مەترسی جدییان ماوە".

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق وەزیری پێشمەرگە ئاشكرای كرد، لەئێستادا دڵنیایی زیاتر لەنێوان هەردوولا هەیە‌و چەندین جار دەستپێشخەرییان كردووە لە گەیشتن بەڕێككەوتنی كۆتایی بەقازانجی سەقامگیری ئەو ناوچانەی كە بۆشایی ئەمنییان تێدایەو تیرۆریستان دەرفەتی لێ وەردەگرن و خەڵكی بێ تاوان دەكەنە ئامانج.

"ئێستا پەیوەندیی و گفتوگۆ‌كان بەردەوامی هەیەو خوازیارین زەمینەسازی زیاتر لەوبارەیەوە بكرێت و لەكاتێكی زوودا بگەینە ڕێككەوتن" وەزیری پێشمەرگە وادەڵێت.