عێراق پەردە لەسەر دۆسیەی كەمپەكان دادەداتەوە و سەرجەمیان دادەخات

20-12-2021 08:42

پەرەرگراف

حكومەتی عێراق ڕۆژی شەممە داخستنی سەرجەم كەمپی ئاوارەكانی لە شارەكانی عێراق جگە لەوانەی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند، ئەوەش دوای گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، بەپێی پرۆگرامێكی تایبەت كە مانگی ڕابردوو ڕاگەیەندرا. وەزیری كۆچ و كۆچبەران دەڵێت "حكومەتی هەرێم ئیرادەیەكی ڕاستەقینەی بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەكان نییە".

مستەفا كازمی لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، هەڵمەتێكی فراوانی دەست پێ كرد بۆ كۆتایهێنان بۆ دۆسیەی ئاوارەكان، ئەوەش لەڕێی ئامادەكاری و هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی خێزانەكان بۆ ماڵەكانیان لەسەر خواستی خۆیان.

ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەران، بە ئاژانسی فەرمیی عێراق (واع) ڕاگەیاندووە "وەزارەت سەرجەم كەمپی ئاوارەكانی لە تەواوی شارەكانی عێراق داخستووە، جگە لەوانەی هەرێمی كوردستان، لەم مانگەدا دواكەمپی ئاوارەكان لە مووسڵ دادەخرێت ئەویش كەمپی جەدعە".

"داخستنی كەمپەكەكانی هەرێمی كوردستان ئاسان نییە، چونكە ئەوە لە دەسەڵاتی وەزارەتدا نییە، سەر بە حكومەتی هەرێمن، بەڵام وەزارەت لە هەوڵی هەماهەنگیی تەواودایە بۆ ئەوەی كەمپەكانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی دابخرێن"، وەزیری كۆچ و كۆچبەران وای وتووە.

ئیڤان فایەق جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی ئەوان لەگەڵ گەڕانەوەدان بەپێی خواست، بەڵام حكومەتی هەرێمیش ئیرادەیەكی ڕاستەقینەی نییە بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەكان، بەتایبەت كە وەزارەتەكەیان ناتوانێت فشار بخاتە سەر حكومەتی هەرێم بۆ داخستنی كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بە پێویستی دەزانێت دەرگای گفتوگۆ هەبێت بۆ كاتیهێنان بەو دۆسیەیە.

لای خۆیەوە بەرپرسێكی وەزارەتی كۆچی عێراق دەڵێت "دۆسیەی ئاوارەكان چووەتە سەر ڕێچكەی ڕاستی خۆی، ئەوەش بۆ حكومەتی ئێستا زۆر گرنگە. لە ماوەی ڕابردوودا كۆمەڵێك ڕێخستنەوەمان بە هاوكاریی دیوانی وەقفی سونی ئەنجام دا بۆ تەواوكردنی ئەو بابەتە، لەگەڵ تێپەڕاندنی ئەو ساڵانەش، بەڵام هێشتا هەزاران خێزان هەن كە لە دەرەوەی ناوچەكانی خۆیانن، بەهۆی تیرۆرەوە ناتوانین بەوانە بڵێین ئاوارە، چونكە ناوچەكانیان پێویستیان بە ڕێكەوتنی سیاسی هەیە بۆ گەڕانەوەیان، بەتایبەت ناوچەی جەرف سەخر".

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەی بەوە كردووە وەزارەت لایەنی جێبەجێكارە و ناتوانێت هەموو شتێك بكات، چونكە دۆسیەكە پەیوەندیی بە وەزارەتەكانی دیكەشەوە هەیە، وەك دامەزراوە ئەمنییەكان، بەشێكیشیان پێویستی بە دەستێوەردانی سیاسی هەیە، ئەوەی تا ئێستاش بەدی هاتووە شتێكی گەورەیە، زۆر ڕێخراوی ناوخۆیی و وڵاتانی عەرەبیش بەشدارییان تێدا كردووە، ئەوەش لەڕێی پێشكەشكردنی یارمەتییەوە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا حكومەت سەرجەم كەمپەكانی پارێزگاكانی، ئەنبار، نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە، تەنانەت ئەوانەی بەغدادی پایتەختیشی داخست، بۆ ئەوە هەڵمەتێكی ڕاگەیاند و بڕێك پارەی دەدا بەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە، ئەوەش هۆكارێك بوو بۆ هاندانی خەڵكەكە بۆ گەڕانەوە.

دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر چەند پارێزگایەكی عێراقدا گرت، ملیۆنان خێزانی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون و چوونە شارە ئارامەكان، بەتایبەت شارەكانی هەرێمی كوردستان و بەغداد.

شەڕ و ململانێكان لەگەڵ داعشدا بووە هۆی ئاوارەبوونی شەش ملیۆن كەس لە ناوخۆی عێراق، ئەوەش بەپێی بەیاننامەی ڕێخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ كە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم بڵاوی كردەوە. ڕێكخراوەكە باسی لەوەش كرد دوای چوار ساڵ لە كۆتایی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكە، سەدان هەزار لەو خێزانانە گەڕاونەتەوە.

دەستوەردانی خێڵ و عەشرەتەكان

دەستوەردانی عەشائیری و گرفتی كۆمەڵایەتی، یەكێك بوو لەو كێشانەی ڕێگربوو لە گەڕانەوەی ئاوارەكان، دواتر ئەو دۆسیە بوو بە كارتێكی فشار بە دەستی گرووپە چەكدارەكانەوە، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بێ دانیشتوان بهێڵنەوە، بەڵام چارەسەری سیاسی و عەشائیری بووە هۆكارێك بۆ ئەوەی دۆسییەكە پێشكەوتن بە خۆیەوە ببینێت.

مونا عامری، چالاكی بواری مافەكانی مرۆڤ، دەڵێت "بابەتی ئاوارەیی ملیۆنان خێزانی ماندوو كرد، دوای ئەوەی لە ماڵەكانیان هاتنە دەرەوە، ئەوەش بەهۆی تیرۆرستان و خراپبوونی دۆخی ئەمنی، گەڕانەوەشیان بۆ ماڵەوە بە هەمان شێوە ماندووی كردن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پێویستی بە ڕێكەوتنی حكومی و عەشائیری هەبوو، دەبوو قەرەبوو بكرێنەوە، لەگەڵ چەندین ڕێكاری لۆجستیی دیكە".

عامری باسی لەوە كردووە ڕاگەیاندنی ئەوەی عێراق بێئاوارەی داعش بێت، مانای ئەوە نییە بەشێوەیەكی تەواو دۆسیەی ئاوارە تەواو بووە، بەڵكوو هەزاران خێزان هەیە تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، بەتایبەت بۆ ناوچەی جەرف سەخر، یەسرب، چەند ناوچەیەكی دیكە، ئەوەش پێویستی بە ڕێكەوتنی سیاسی و كۆمەڵێك ڕێكاری هونەری و ئیداری هەیە.