بافڵ تاڵەبانی گۆڕانكاریی لە دوو پۆستی باڵای سەربازیدا كرد

21-12-2021 04:24
سەردانی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی بۆ فەرماندەیی هێزەكانی 70 ‌و جێبەجێكردنی گۆڕانكارییەكان.

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، بەرپرسێكی نوێی بۆ سەرۆك ئەركانی هێزەكانی 70 دیاریكردو فەرماندەی هێزی ئاڵتوونیی گۆڕی. لێپرسراوی ڕاگەیاندنی هێزەكانی 70 دەڵێت، هێزەكان ڕێكدەخرێنەوەو ئامادە دەكرێن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی وەزارتی پێشمەرگەدا یەكبخرێن.

هاوسەرۆكی یەكێتی بە مەبەستی جێبەجێكردنی گۆڕانكارییەكان، ئەمڕۆ سەردانی بارەگای هێزەكانی 70ی كرد كە پێشمەرگەو هێزە تایبەتەكانی یەكێتی دەگرێتەوە.

عەمید ئەحمەد لەتیف، لێپرسراوی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی هێزەكانی 70، بۆ پەرەگراف وتی "لیوا ڕوكن عومەر ساڵح كرایە سەرۆكی ئەركانی هێزەكانی 70 و ئەمڕۆ دەستبەكار بوو، پێشتر ئەو پۆستە چۆڵ بوو".

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی هێزەكانی 70 وتیشی "فەرماندەی هێزی ئاڵتونیی گۆڕدراو عەمید پشتیوان لە شوێنی دەستبەكار بوو".

هێزی ئاڵتونیی لەلایەن بەرهەم شێخ محەمەد، خوشكەزای شێَخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەیی دەكراو ئەمڕۆ ناوبراو لەو پۆستە لادرا.

عەمید ئەحمەد لەتیف، ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمڕۆ هەر ئەو دوو گۆڕانكارییە كراون، بەڵام گۆڕانكاریی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بەردەوام دەبێت، "هێزەكان نوێدەكرێنەوەو مەشقیان پێدەكرێت‌و ڕێكدەخرێنەوەو ئامادە دەكرێن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی وەزارتی پێشمەرگەدا یەكبخرێن".