ڕاپۆرتێك تاوانەكانی سەدام حسێن لە كوەیت ئاشكرا دەكات؛ 30 ساڵە ئەو زانیارییانە بە نهێنی ماونەتەوە

21-12-2021 11:36

پەرەگراف

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ڕاپۆرتێك لەبارەی نهێنییەكانی سەدام حسێن سەرۆككۆماری سەردەمی ڕژێمی بەعس لە عێراق بڵاو دەكاتەوە كە ماوەی 30 ساڵە بەنهێنی ماوەتەوە، ئەویش تایبەتە بە چەند تاوانێك لە كاتی داگیركردنی كوەیت لە ساڵی 1990 كە بەرانبەر بەریتانییەكان ئەنجام دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، سەدام حسێن دوو هەزار تاوانی جەنگیی بەرامبەر بەریتانییەكان ئەنجام داوە لە كاتی داگیركردنی كوەیت، بەڵام لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا بە هیچ شێوەیەك باس لەو نهێنییانە نەكراوە.

ئەو دۆسیانەی كە لە ئرشیفی نیشتمانییەوە دەست دەیلی مەیل كەوتووە، دەریخستووە چەندین هاووڵاتیی بەریتانی كە لەو كاتەدا لە كوەیت بوون، ڕووبەڕووی كوشتن و ئەشكەنجەدان بوونەتەوە لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس.

ئەو زانیارییانەی لە ڕاپۆرتەكەدا باس كراوە، ساڵی 1992 دەست لێكۆڵەرەوە تایبەتەكانی پۆلیسی سەربازیی پاشایەتی كەوتووە، تێیدا هاتووە "بەڵگەی یەكلاكەرەوە هەیە لەسەر ئەو پێشێلكارییانە، كە دەرچوونە لە ڕێكەوتننامەی جنێف لەلایەن عێراقەوە. لەو كاتەدا 1373 هاووڵاتی بەریتانی بە بارمەتە گرتووە، 556یان وەك قەڵغانی مرۆیی بەكار هێنراون و 300 كەسیان سەرنشینی ئەو فڕۆكەیەی هێڵی بەریتانی بوون كە لە كاتی چوونە ناوەوەی سەربازە عێراقییەكان لە كوەیت نیشتەوە".

ڕۆژنامەكە باسی لە داوای لێبوردنەكەی لیز ستۆرس، وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی بەریتانیا كە مانگی ڕابردوو ئاراستەی بەریتانییەكانی كرد و تێیدا دانی بەوەدا نا "وەزیرەكانیان ئاگاداری داگیركردنی كوەیت بوون لەلایەن عێراقەوە، بەڵام ئەو هەواڵەیان نەداوە بە هێڵی ئاسمانیی بەریتانی بۆ ئەوەی ئاڕاستەی فڕۆكەكە بگۆڕن". ئاماژەی بەوەش كردووە "بەشێكی ئەوانەی لە فڕۆكەكەدا بوون، دەڵێن بۆیە فڕۆكەكە ئاگادار نەكراوەتەوە، چونكە گرووپێكی هەواڵگریی سەر بەهێزە تایبەتەكانی هەڵگرتووە، بەڵام وتەبێژی حكومەت ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردووەتەوە".

بەپێی زانیارییەكان، هەشت لەو كەسانەی وەك قەڵغانی مرۆیی بەكار هاتوون، دوای ئازادكردنیان لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە، كاریگەریی شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا لەسەریان ماوە و بەهۆی جەڵتەی دڵ یاخود حاڵەتی خۆكوشتنەوە گیانیان لەدەست داوە.

"لێكۆڵەرەكان چاوپێكەوتنیان لەگەڵ 1868 كەس ئەنجام داوە، 725 ئیفادەی دیكەیان وەرگرتووە، بەو شێوەیە بۆیان دەركەوتووە كە 1944 تاوان دژی بەریتانییەكان ئەنجام دراوە، هەروەها 1506 تاوانی دیكە بەرانبەر هاووڵاتیانی خاوەن ڕەگەزنامەی دیكە"، لە ڕاپۆرتەكەدا وا باس كراوە.

كۆتایی ڕاپۆرتەكە ئاشكرای كردووە، بەڵگەی تەواو و باوەڕپێكراو هەیە لەسەر ئەو پێشێلكارییە مەترسیدارانە، كە دەرچوونە لە بەندەكانی ڕێكەوتننامەی چوارەمی جنێف (تایبەت بە پاراستنی مەدەنییەكان لە كاتی جەنگدا) هەموو ئەوانەی بەرانبەر هاووڵاتییە بەریتانییەكان لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە ئەنجام دراوە.