بارزانی‌و مالكی دەرئەنجامی هەڵبژاردن‌و پێكهینانی حكومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ كرد

22-12-2021 02:13

پەرەگراف

مەسعود بارزانی‌و نوری مالكی كۆبوونەوەو دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەر‌و پێكهینانی حكومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ كرد.

مالكی بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای چوارچێوەی ھەماھەنگیی ئەمڕۆ سەردانی هەولێری كردو لە سەلاحەدین لەگەل مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆبووەوە.

بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا دەرئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دوا پێشھاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ كران.

لە كۆبوونەوەكەدا "ڕۆشنایی خرایە سەر پێویستی پێداچوونەوە بە حوكمڕانیی عێراق و، سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكانی رابردوو و ڕەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی شەراكەت و سازان و ھاوسەنگی لە پڕۆسەی حوكمڕانیدا".

بارەگای بارزانی دەشڵێت "لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لە بارەی تەحەدیاتی بەردەم ئایندەی عێراق و بابەتی خزمەتگوزاری و ھەڕەشەی تیرۆر و كێشەی ژینگە و كەمئاوی و داواكاریی ھاوڵاتیان ئاڵوگۆڕ كران و جەخت لەسەر بەردەوامبوونی ھەوڵەكان بۆ لەیەكتر نزیكردنەوەی بۆچوونی لایەنەكان و ئیستحقاقی پێكھاتەكان كرایەوە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قۆناغی داھاتوو و تێپەڕاندنی تەحەددیاتی بەردەم پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق".