بەلەمێكی كۆچبەران ژێرئاوكەوت و دەیان كۆچبەر بێسەروشوێنن؛ حەوت عێراقی ڕزگار كراون

22-12-2021 04:56

پەرەگراف

بەلەمێكی دیكەی كۆچبەران كە دەگوترێت "50 كۆچبەری تێدا بووە"، لە كەناراوەكانی یۆنان ژێر ئاو كەوت. 12 كۆچبەر ڕزگار كراون كە حەوتیان عێراقین، تەرمی كۆچبەرێك دۆزراوەتەوە و دەیانی تر بێسەروشوێنن.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاورە و پەنابەران بڵاوی كردەوە "درەنگانێكی شەوی سێشەممە ڕێكەوتی ٢١/١٢/٢٠٢١، لە ڕووداوێكی دیكەی دڵتەزێن لە كەناراوەكانی یۆنان، لە نزیك دوورگەی فۆلیگاندرۆس ئیجە، بەلەمێكی كۆچبەران نقوم بووە".

دەزگاكە دەڵێت "شێخ حسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لوتكە لە وڵاتی یۆنان، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری یۆنانی و باڵیۆزخانەی عێراق ئەوەی پشتڕاست كردەوە ١٢ لە كۆچبەرەكان ڕزگار كراون كە حەوتیان عێراقین و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی دوورگەی سانتۆرینی یۆنانن".

هەروەها دەزگای لوتكە دەڵێت "یەك تەرم و دۆزراوەتەوە و دەیانی دیكە بێسەروشوێنن".

ھاوکات فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی/كوردستانی، ژێرئاوكەوتنی ئەو بەلەمە و ڕزگاركردنی 12 كۆچبەری ڕاگەیاندووە و دەشڵێت "پاسەوانی كەناراوەكانی یۆنان ڕایانگەیاندووە: بەپێی لێدوانی دوو كۆچبەر لە ڕزگاركراوەكان، ژمارەیان 50 كۆچبەر بووە".

فیدراسیۆنەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە "بەرپرسانی دوورگەكە ڕایانگەیاند: هۆكاری ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكە لەكاركەوتنی بزوێنەری ئیشپێكەری بەلەمەكە بووە".

پاسەوانی كەناراوەكانی یۆنان ڕایانگەیاندووە كە گەڕان بەدوای بیسەروشوێنبووەكان بەردەوامە. چوار كەشتی پاسەوانی كەنارەكان و دوو هەلیكۆپتەر لە هێزی دەریایی و ئاسمانی و فڕۆكەیەكی گواستنەوەی سەربازی لەم ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگاركردنەدا بەشدارییان كردووە.