ئاسایشی سلێمانی بۆ پەرەگراف: ئەو چەکدارانەی ھێرشیانکردەسەر باوک و خوێندکارەکە دەستگیرکران

24-12-2021 01:33
دیمەنێک لە گرتە ڤیدیۆییەکە کە تێیدا تۆمەتباری سەرەکیی دەرکەوتووە - لۆگۆی ئاسایش

پەرەگراف

ئەو چەكدارانەی لە گرتە ڤیدیۆییەكدا دەردەكەون و هێرش دەكەنە سەر باوك و كوڕێك لەناو قوتابخانەیەك لە سلێمانی، دەستگیر كران، وتەبێژی ئاسایش بە پەرەگرافی وت. بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانییش "ئیدانە"ی ئەو كارەی چەكدارەكان دەكات و دەڵێت "ئەو قوتابخانەیە سەر بە حكومەتی ناوەندە و قوتابخانەیەكی ناحكومییە".

وتەبێژەكەی ئاسایش وتیشی "بابەتێكی یاساییە و لەسەر فەرمانی دادوەر ئەو كەسانە دەستگیر كراون و كەمێكی دیكەش ڕاگەیەندراوێكمان دەبێت".

وتەبێژەكەی ئاسایش ئامادە نەبوو قسە لەسەر وردەكاریی ڕووداوەكە بكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف ئەو پلەدارەی لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت ناوی "توانای سەگرمە"یە و چەكدارەكانیش پاسەوانی ئەون، توانا تۆمەتباری سەرەكیی ڕووداوەكەیە. پەرەگراف بەھۆی توندوتیژیی گرتە ڤیدیۆكە، بڵاوكردنەوەی بەپێویست نازانێت.

پاشان ئاسایشی سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە، "دەست بەجێ دەستمان كرد بە لێكۆڵینەوە و بە دواداچوون پاش دەستنیشان كردنی تۆمەتبارەكان لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر كران".

هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاشكرای كرد، ئەو قوتابخانەیەی ئەو حاڵەتە تێیدا ڕووی داوە "بە ناوی قوتابخانەكانی العالمیە المتحدە (مدارس العالمیە المتحدە)، سەر بە حكومەتی ناوەندە و قوتابخانەیەكی ناحكومییە، لە ڕووی دارایی و یاسایی و كارگێڕییەوە هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە".

پەروەردەی سلێمانی لەبارەی ڕووداوەكەوە دەڵێت "كێشەی دوو قوتابی ھەبووە لەو قوتابخانەیە، كارگێڕی قوتابخانەكە كەسوكاریان بانگ كردوون، یەكێك لە خوێندكارەكان دایكی لەگەڵیدا ھاتووە و وتویەتی چاوەڕێم براكەم بێت، بەداخەوە كاتێك براكانی ھاتوون ئەم حاڵەتە چەكدارانە بووە و ئەو دیمەنە ناشایستەو ناپەروەردەییانە ڕووی دا".

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی سلێمانی "لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی ماددەی ٤١٣ لە یاسای سزادان، (ئەو چەكدارانە) ڕاگیران و بەپێی تایبەتمەندی رەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی سێ‌ كران".

لای خۆیشیەوە پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، دەربارەی ئەو چەكدارانە دەڵێت "پێشتر سەرپەرشتیی باری قاچاخی پەروێزخانیان دەكرد و ئێستاش لە قوتابخانەكان خەڵك بەر شەق دەدەن. ئەوە ئاسایش ڕادەستی ھێزی ٧٠ی یەكێتیی كرد و دواتریش بە بێدەنگی بەردەدرێن".

هەر ئەو پەرلەمانتارە دواتر وتی "بۆ بەدواداچوون قسەم لەگەل مدیری ئاسایش كردەوە، حاكم بە ڕەبتی كەفیل بەری داون، بەڵام ھێشتا لای ئاسایشن و بەرنەدراون. حاكم سوبحی لە ھێزەكانی پێشمەرگە داوای كردووە ئازاد نەكرێن و ڕادەستی ئەوان بكرێن".\

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئیدانەی ئەو كارەی كردووە جەخت دەكاتەوە كە "هەموو ھاوكارییەك دەكەین بۆ بە سزادانی ئەوانەی كە دەستدرێژییان كردووەتە سەر ئەو ناوەندەی خوێندن". دەشڵێت "ھیوادارین ھەموو دام و دەزگاكان بە تایبەت فەرماندە سەربازییەكان، ڕێ لەم دیاردانە بگرن كە چەك بۆ بەرگریكردن لە خاك و ئەمن و ئاسایشە، نەك بۆ تۆڵەكردنەوەی كەسی".

"لە ئێستادا یاسای وەزارەتی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان لە ھەمواركردنەوەدایە. داواكارین لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەم جۆرە دیاردانە یاسای تایبەت دەربكات، بۆ پاراستنی ماف و گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران و پیرۆزیی ناوەندەكانی خوێندن، ھەر كەسێك و لایەنێك لە چ ئاستێكدا بێت، نابێ بەو شێوەیە ھەڵسوكەوت بكات. سزای دادپەروەرانە دابنێت بۆ ئەو كەسانەی لەو شێوەیەن"، پەروەردەی سلێمانی وا دەڵێت.