دادگای فیدراڵی عێراق ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەی ڕەتکردەوە

27-12-2021 02:41
جیاكردنەوەی دەستیی وێستگەیەكی دەنگدان لە سلێمانی/10-10-2021. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی عێراق تانەکانی لایەنە شیعەکانی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمان ڕەتکردەوە.

بڕیارەکەی دادگا لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا درا، ئەوەش لەکاتێکدا بوو لایەنگرانی ئەو لایەنانە کە دۆڕاوی ھەڵبژاردنەکەن خۆپیشاندانیان لەبەردەم دادگاکە ئەنجامدا.

ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، سکاڵاکاربوو لە دادگاکەو ئەو "بەڵگانەی" لایەنە دۆڕاوەکان ھەیانبوو لەبارەی ساختەکاریی لە ھەڵبژاردنەکە پێشکەشی دادگاکەی کرد، لە تانەکەدا داواکرابوو دەنگی تەواوی وێستگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە یاخود جارێکی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دووبارە بکرێتەوە، دوای چەند دانیشتنێک دادگا بڕیاریداو تانەکانی ڕەتکردنەوەو بەوەش تێچووی ماددی سکاڵاکە کەوتەسەر لایەنی سکاڵاکار.

بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە هاوپەیمانیی فەتح كە باڵی سیاسیی حەشدی شەعبی و چەتری کۆکەرەوەی گرووپە چەكدارەكانە، ١٨ كورسی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست هێناوە لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا بە بەدەستهێنانی ٤٧ كورسی بووە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەكە بوو.

عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نشتیمانی کە بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە لایەنە شیعە دۆڕاوەکانی ھەڵبژاردنەکەن، لە بەیاننامەیەکدا دوای بڕیارەکەی دادگا ڕایگەیاند، پابەندی بڕیارەکەی دادگاکە دەبن، ھەرچەند تێبینیی جدییان لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە ھەیە.

حەکیم پیرۆزبایی لە لایەنە سەرکەوتووەکان کردو داوا دەکات لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەبن کە پێیان دراوەو پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکومەت.

ھاوکات کازم حەیدەری سەرکردەی دەوڵەتی یاسا کە بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی، دوایبڕیارەکەی دادگاکە ڕایگەیاند، بێھیوابوون لەوەی تانەکەمان قبوڵبکرێت و بڕیارەکەی دادگا بۆ ئێمە چاوەڕوان کراو بوو، تەئکیدیش دەکاتەوەلەگەڵ ئەمری واقیعدا مامەڵەدەکەن و پابەندی بڕیارەکەی دادگا دەبن و لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێدا بەشداریی دەکەن.