ئەولەویەتەكانی ئێران گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە؛ دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق كارتەكانی ڕێكدەخاتەوە

27-12-2021 09:24

پەرەگراف

حكومەتی عێراق هێشتا ئەو زانیارییانەی ئاشكرا نەكردووە كە لەبارەی هێرشكردنە سەر ماڵی سەرۆكوەزیران دەستی كەوتووە، كە لە حەوتی تشرینی دووەمدا ئەنجام درا و ململانێكانی گەیاندە ئاستێكی مەترسیدار كە تائێستا عێراق بەخۆیەوە نەبینی بوو، تەنانەت لە ساڵانی نائارامی و كێشە گەورەكانیشدا.

هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمیی سەرۆكوەزیران، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و شكستی لایەنە نزیكەكانی لە ئێران هات كە زۆرینەیان لە گرووپە چەكدارەكانن، بۆیە زۆرینەی ئاماژەكان باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەوڵی تیرۆركردنەكە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكرد.

هەرچەندە هێشتا گرژییەكانی ئەو ڕووداوە تەواو نەبووە، بەڵام ئەو كوتلانەی پەرلەمان كە ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 10 تشرینی یەكەم و چەند ڕۆژێك خۆپیشاندانیان لە بەغداد ئەنجام دا، ئێستا زیاتر باوەڕیان بەوەیە ڕێڕەوی یاسایی و ڕاگەیاندن بگرنەبەر لەبری خۆپیشاندان و گرژی چەكداری.

ئاژانسی ڕۆیتەرز هۆكاری ئارامبوونەوەی دۆخەكە دەگێڕێتەوە بۆ سەردانەكەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، كە ڕۆژێك دوای هێرشەكە بۆ عێراق ئەنجامی دا. لە كۆبوونەوەكانیدا لۆمەی سەركردەی گرووپە چەكدارەكانی كردووە بۆ شێوازی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

ئاژانسەكە لە ڕاپۆرتێكیدا لێدوانی چەند بەرپرسێكی میلیشیا چەكدارەكان و چەند بەرپرسێكی نزیك لێیان هەروەها چەند دیبلۆماتكارێكی بیانیی لەسەر بابەتەكە وەرگرتووە، بەڵام باسی لەوە نەكردووە لۆمەكردنەكەی قائانی جەختكردنەوەیە لەسەر تێوەگلانی ئەو لایەنانە لە هەوڵی تیرۆركردنەكەدا.

ئەحمەد مەسعودی ڕۆژنامەنووسی عێراقی دەڵێت "كاتی ئەنجامدانی هێرشەكە دوای كوژرانی چەند خۆپیشاندەرێكی سەر بە گرووپە چەكدارەكان بوو لە ناوچەی سەوز، ئەوەش وای كرد پەنجەی تۆمەت بۆ ئەوان ڕابكێشرێت".

"ئەگەر زانیارییەكانی ڕۆیتەرز ڕاست بن، ئەوە بەڵگەیەكی زیاترە كە میلیشیا چەكدارەكان لایەنی جێبەجێكاری هێرشەكە بوون و ئێرانیش ڕێگەی بە ئەنجامدانی نەداوە"، مەسعودی وا دەڵێت.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، قائانی لە سەردانەكەیدا زۆر توڕە بووە و وتوویەتی "تەكتیكە سیاسییەكان هیچ بەهایەكی نەماوە، بووەتە هەڕەشە بۆ زۆرینەی شیعەی دەسەڵاتدار لە عێراق".

فەرماندەكەی سوپای پاسداران "سەرزەنشتی میلیشیاكانی كردووە، تۆمەتباری كردوون بەوەی بەشێوەیەكی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكە كردووە". بەپێی سەرچاوەكانی ڕۆیتەرز، داوایش لە سەركردەی میلیشیاكان كراوە كۆنترۆڵی لایەنگران و چەكدارەكانیان بكەن.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕۆیتەرز، ئەو سەركردەی میلیشیایانەی كە لەگەڵ قائانی دانیشتوون، بریتی بوون لە هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح، قەیس خەزعەلی سەركردەی میلیشیاكانی بەدر لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكانی عەسائبی ئەهلی حەق.

تا ئێستا نووسینگەكانی عامری و خەزعەلی وەڵامی ڕاپۆرتەكەی ڕۆیتەرزیان نەداوەتەوە، لە كاتی هێرشەكەشدا بە ئاشكرا ئیدانەی هەوڵی تیرۆركردنەكەیان كردبوو.

ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەكانیەوە باسی لەوە كردووە، بەرپرسێكی دیكەی ئێرانی ئامادەی كۆبوونەوەكە بووە و بە توانجەوە پرسیاری ئەوەی لە سەركردەی لایەنە چەكدارەكان كردووە "ئایا شەڕی شیعە و شیعەتان دەوێت؟".

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بە بردنەوەی ڕەوتی سەدر و شكسی ئەو لایەنە شیعییانەی هێزی چەكداریان هەیە، كۆتایی هات، ئەوەش بەپێی یاسا مانای ئەوەیە، حكومەت لەلایەن سەدرییەكانەوە پێك دەهێنرێت.

دەتوانرێت بوترێت ڕەوتی سەدر ئەو لایەنەیە كە تا ڕادەیەكی زۆر لەژێر ڕكێفی ئێراندا نییە و ڕكابەری لایەنە شیعە خاوەن میلیشیاكانە، لە ڕووی هێزیشەوە بەهێزتر و خاوەنی كاریگەرییەكی زیاترە.

حەسەن خەرسان، شیكەرەوەی سیاسی، باسی لەوە كردووە كە سەدرییەكان هێزێكی زۆریان هەیە، چونكە ئەوان تاكە لایەنن كە بنكەیەكی جەماوەریی فراوان و ڕێكخراویان هەیە، هەروەها خاوەنی باڵێكی چەكداری و ڕێخستنێكی سیاسیی بەهێزن، ئەمە جگە لەو پێگە ئایینییەی سەركردەكەیان هەیەتی.

"سەركردەی ڕەوتەكە بەشێوەیەك مامەڵە دەكات كە حكومەتی داهاتوو ئەو پێكی دەهێنێت. لەم ماوەیەدا وەك پشنكەر سەردانی فەرمانگە حكومییەكانی نەجەفی كردووە، بەڵێنی داوە هەر بەرپرسێكی شارەكە لە گەندەڵی تێوەگلابێت، دووربخرێتەوە، داوای لە هاووڵاتیانیش كردووە هەر دۆسییەكی گەندەڵییان لابێت، بۆی ببەن تاوەكو بەدواداچوونی بۆ بكات، لێپێچینەوەش لەو لایەنە حكومییانە دەكات ئەگەر وەڵامیان بۆ ئەو دۆسییانە نەبێت"، خەرسان وا دەڵێت.

ئایا ئێران سەقامگیریی عێراقی دەوێت؟

مستەفا ناسر كە شارەزای دۆسیەی ئێرانە، لەو بارەیەوە دەڵێت "ئاڕاستەیەك هەیە لە ناوخۆی ئێراندا كە تا ڕادەیەك پەیوەستە بە سیاقی گفتوگۆكان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمییەوە، كە ئێران دەیەوێت بەشێكی گەڕەكانی بۆ خۆی بباتەوە، لە بەرامبەردا سازشێكی كەم لە ناوچەكەدا بكات".

"باوەڕێك لای بەشێكی لایەنەكانی ئێران هەیە كە ئەوان بۆشاییەكەی ئەمریكا پڕ بكەنەوە كە دوای كشانەوەیان لە عێراق دروست دەبێت". لە بەرامبەردا بەشێكی دیكەیان پێیان وایە ئێران شكستی گەورەی هەبووە لە ناوچەكە، بەهۆی سیاسەتەكانییەوە، ئەوەش كاریگەریی لەسەر خودی ئێران و عێراق و لوبنان و كەنداو هەبووە.

لەگەڵ ئەوەشدا ناسر ئاماژە بەوە دەكات ، هێشتا جووڵەی كرداری بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە لە عێراق هەستی پێ نەكراوە، ڕەنگە ئەوەی لە پشت پەردەوە ڕوو دەدات، عێراق بەرەو سەقامگیری بەرێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەكان ڕوون نین، بەتایبەت دوای ئەو مەترسییانەی میلیشیا چەكدارەكان بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو دروستیان كردووە، كە جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی لەناو ئەوانیشدا یاخیبوونێك بەرامبەر بڕیارەكانی ئێران هەیە.

ڕۆز حسێن، چاودێری سیاسی، پێی وایە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ئێران لەناو دۆخێكی سەختدایە، بەهۆی دۆخە ئابوورییەكەیەوە، ئێستا نایەوێت كێشەی زیاتر هەبێت.

"ئێران هەناردەیەكی زۆری بۆ عێراق هەیە، ئەوەش بەشێكی گەورەی ئابووریی ئێرانی لەسەر بەندە، تاڕادەیەكی زۆر هەژموونێك بەسەر حكومەتی عێراقەوە هەیە و بەردەوامیشە، بۆیە پێویستی بە ڕێگایەكی سەلامەتە كە لەنێوان سنوورەكانی خۆی و سووریادا بێت، ئەو شوێنەش عێراقە"، چاودێرە سیاسییەكە وا دەڵێت.

ڕۆز جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی هەر هەڕەشەیەك لەسەر ئەو شتانە دروست بێت، واتە ئێران هەموو شتێك لەدەست دەدات، بۆیە دەبێت پشتگیریی زیاتری هاوپەیمانەكانی بكات، بەتایبەت ئەگەر هەیە ململانێكان درێژە بكێشن، هاوكات تێچوویەكی زیاتریان هەبێت، بەتایبەت بەهۆی خراپیی دۆخی ناوخۆییەوە.

ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتەكەدا ئاشكرای كردووە، گرژییەكیانی نێوان شیعە و شیعە لەلایەن تارانەوە پێشوازیی لێ ناكرێت، چونكە ئەو ئێستا دەیەوێت سەرقاڵی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكانی بێت لەگەڵ واشنتۆن لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی.

لەئێستادا حیزبە سیاسییە سەرەكییەكانی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆكانیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی، ئاماژەكانیش دەڵێن سەدر دەیەوێت لایەنە شیعییەكانی نزیك لە ئێران لە پێكهێنانی حكومەت بەدوور بگرێت، لە بەرامبەردا ئەوان كە بە "چوارچێوەی هەماهەنگی" دەناسرێن، بەجیا گفتوگۆ لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان و لایەنە جیاوازەكان دەكەن، بۆ ئەوەی بتوانن گەورەترین هاوپەیمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دروست بكەن و ئەوان حكومەت پێك بهێنن.