ئاماری قوربانیانی سێ‌ بەلەمە نوقمبووەكەی ڕۆژانی ڕابردوو؛ چەند كۆچبەری كورد بێسەروشوێنن؟

28-12-2021 08:28

پەرەگراف

بەپێی زانیارییەكانی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران، لە ڕووداوی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەی كۆچبەران لە 21ی ئەم مانگە، 23 كۆچبەری كورد بێسەروشوێن بوون و حەوت كۆچبەریش ڕزگار كراون.

ئەو ڕووداوەكە كە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە یەختە 70 نەفەرییەكە ناو دەبرێت، شەوی 21 لەسەر 22ی ئەم مانگە لە نزیك دوورگەی سانتۆرینی یۆنان ژێرئاو كەوت. دەزگای لوتكە دەڵێت "لەو ڕووداوەدا ٢٣ كۆچبەر كە هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن، بیسەروشوێنن و حەوت كۆچبەریش ڕزگاربووی ڕووداوەكەن".

چوار لەو كۆچبەرانە لە بنكەی پۆلیس ماونەتەوە منداڵێكیش لەژێر سەرپەرشتیاریی خێزانیكی یۆنانیدایە، دوو كەسیش ئازاد كراون.

‎هەندێك لە ڕزگاربووانی ناو ئەو بەلەمە دەڵێن "60 بۆ 70 كۆچبەر لەناو بەلەمەكەدا بوون". ئەمڕۆیش ئەو چوار كۆچبەرەی كە لە لای پۆلیسی یۆنانن، لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا وتیان "72 كەس لە بەلەمەكەدا بووین". ئەو كۆچبەرانە وتیشیان كە لە زیندانێكدان و شوێنەكەسان زۆر ناخۆشە.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بەداخەوە لە چەند ڕووداوێكی جیاوازی كارەساتبار و ژێرئاوكەوتنی یەختی كۆچبەران لە نزیك كەناراوەكانی یۆنان، ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆچبەرانی كورد بوونەتە قوربانی و ژمارەیەكی تریشیان تا ئێستا بیسەروشوێنن".

لە 23ی ئەم مانگەیش بەلەمێكی دیكەی كۆچبەران لە نزیك دوورگەی ئاتیكیپیرای یۆنان ژێرئاو كەوت. دەربارەی ئەو ڕووداوە دەزگای لوتكە دەڵێت "نۆ كۆچبەر كە هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانن، تەرمەكانیان دۆزراوەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ ئەسینا. ٥٧ كۆچبەریش ڕزگاربووی ڕووداوەكەن كە لەئێستادا لە كەمپی (ئەمێك دەلێدەن) لە ئەسینای پایتەختی یۆنان".

‎نوێترین ڕووداوی ژێرئاوكەوتنی بەلەمی كۆچبەران 24ی ئەم مانگە بوو لە نزیك دوورگەی پارۆسی یۆنان، دەربارەی ئەوەش دەزگای لوتكە ڕایگەیاندووە كە "١٦ تەرم دۆزراوەتەوە كە هیچ كەسیان هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان و عێراق نین".

‎بەمەبەستی هاوكاری و كارئاسانی بۆ گەڕانەوەی تەرمی قوربانییەكانیش، دەزگای لوتكە دەڵێت كە لە پەیوەندیدایە "تا سەرجەم زانیارییەكان ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە یۆنان بكات، لەپێناو ئەوەی تەرمی هیچ كۆچبەرێكی كورد بە خاك نەسپێردرێت و بگەڕێندرێتەوە زێدی باوباپیرانیان".

‎سەبارەت بە ڕزگاربووانی ڕووداوەكانیش، "لەسەر داوای نوێنەرایەتی دەزگای لوتكە، لیژنەیەك لە سفارەتی عێراقی سەردانی ئەو (٥٧) كۆچبەرە دەكەن كە لە كەمپی (ئەمێك دەلێدەن) لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە".

بەمەبەستی ھێنانەوەی تەرمی قوربانیانیەكانیش، ئـاری جـەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، پەیوەندییەكی تەلەفونیی لەگەڵ دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە.

لەوبارەیەوە دەزگای لوتكە دەڵێت "هەردوولا هاوڕا بوون و ڕێككەوتن لەسەر یەكخستنی هەوڵەكانیان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانەكان و گەڕان و بەدواداچوونی زیاتر لەسەر بێسەروشوێنبووانی ڕووداوەكان، لە ھەوڵی تەواودا دەبن بە ھەماھەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامی دەدەین".