دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم: 2021 دووەم ساڵی پڕ لە وەبەرهێنان بووە

29-12-2021 03:04

پەرەگراف

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم دەڵێت "2021 ساڵێكی پڕ لە وەبەرهێنان بووە لە هەرێمی كوردستان و بە دووەم ساڵ دێت لە ڕووی قەبارەی پارەی وەبەرهێنراو لە دوای 2013ـەوە. 68 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێ‌ دراوە بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار".

محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری كار و چالاكییەكانی دەستەكەی خستە ڕوو و تێیدا وتیشی "لە ساڵی 2021دا 902 پڕۆژە پەسەند كراوە كە گوژمەی وەبەرهێنانیان زیاترە لە 20 ملیار دۆلار، هیوادارین لە داهاتوودا بتوانین مۆڵەتیا پێ‌ بدەین".

هەر لە ساڵی 2021دا "سێ‌ لە گەورەترین كێشەكانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە هەولێر، دهۆك و سلێمانی چارەسەر كراون، كە زیاتر لە 4500 خێزان لێی سوودمەند دەبن".

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت "هەوڵكانمان بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی كێشەی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون، تا ئەو هاووڵاتیانەی كە یەكەی نیشتەجێبوونیان كڕیوە، بگەنە مافەكانی خۆیان".

محەمەد شوكری بۆ پلانی وەبەرهێنان لە ساڵی 2022یشدا وتی "لە قۆناغی یەكەمدا 50 پڕۆژەی باش ئامادە كراون بۆ سەرتاسەری هەرێم‌، لەنێویاندا نۆ ناوچەی پیشەسازیی گەورە دروست دەكرێن".

سەبارەت بە پلانەكانیان بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە ساڵی 2021دا، سرۆكی دەستی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە كرد كە "لە مانگی 8دا سەرجەم دەسەڵاتەكانی وەبەرهێنان شۆڕكرانەوە لە پەسەندكردنی پرۆژە و پێدانی مۆڵەت، وەرگرتنی ڕەزامەندی كە ئێستا لە دەسەڵاتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانە، ئەمەش بۆ ئەوەیە ئەو ڕۆتینەی لە كاری وەبەرهێناندا هەبووە، كەم بكرێتەوە".

هەروەها جەختی كردەوە كە "مەرجێكی سەرەكی لەناو مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەران دانراوە، كە پێویستە لەسەدا 75ی دەستی كار لە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بن".

"لە ساڵی 2021دا 11 ئامادەیی و پەیمانگای پیشەیی لە هەرێمی كوردستان پەسەند كراون، بۆ ئەوەی بتوانن خەڵكی دروست بۆ بازاڕی هەرێمی كوردستان پێبگەیەنن"، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وا دەڵێت.

هەر لە چوارچێوەی پلانەكانی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەبەرهێنان، ڕێبەری وەبەرهێنان بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چاپ و بڵاو كراوەتەوە كە "زیاتر لە 1500 دەرفەتی وەبەرهێنانی تێدا نمایش كراوە".

محەمەد شوكری وتیشی، بۆ ساڵی 2022 دوو كۆنفرانسی گەورەی ژینگەیی ‌و كشتوكاڵی لە هەرێم دەبەسترێن، تێیاندا دەرفەتی وەبەرهێنان لەو بوارانەدا نمایش دەكرین.