كازمی كۆتاییهاتنی ئەركی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانانی لە عێراق ڕاگەیاند

29-12-2021 06:15

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆتاییهاتنی ئەركی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانانی لە عێراق ڕاگەیاند و دەڵێت "لەمەولا ئەركی ئەوان دەبێتە ڕاوێژكاریی و پاڵپشتی".

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە تویتێكدا دەڵێت "ئەركە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق كۆتایی هات و سەرجەم كەرەستەكانیشیان بردە دەرەوەی وڵات".

"لەمەولا ئەركی ئەوان دەبێتە ڕاوێژكاری و پاڵپشتی بە گوێرەی دەرەنجامەكانی دیالۆگی ستراتیژی. سوپاس بۆ هاوبەشەكانمان لە شەڕی دژی داعش و هێزەكانمان ئامادەن بۆ بەرگریكردن لە گەلەكەمان"، مستەفا كازمی وا دەڵێت.

ئەمە لە كاتێكدا دوێنێ‌ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، وتی "پێویستە بە هاتنی 31/12، سەرجەم هێزە شەڕكەرە بیانییەكان بە هەموو جۆرەكانیانەوە، لە عێراق بچنە دەرەوە و مانەوەیان لەژێر هیچ ناونیشان و پاساوێكدا قبووڵ ناكەین".

عامری جەختیشی كردەوە كە "پێویستە هەموو بنكەكانی هێزە بیانییەكان ڕادەستی هێزە عێراقییەكان بكرێن، بەتایبەتی هەردوو بنكەی عەین ئەسەد و هەریر".

"پێویستبوونی ڕاوێژكار یان مەشقكار یان تەكنیككار، دەبێت لەلایەن فەرماندە سەربازییەكانەوە بخەمڵێنرێت و ژمارە و پسپۆڕی و شوێنەكانیان و هۆكاری بوونیان بە ڕوونی و بە ڕێككەوتنێكی نووسراوی نێوان حكومەتی عێراق و ئەمریكا دیاری بكرێت"، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح وای وت.

بەپێی ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریكا، سەرجەم هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە كۆتایی ئەمساڵدا دەبێت عێراقیان جێهێشتبێت.

كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان لە كاتێكدا نزیكین لە ساڵڕۆژی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەلایەن ئەمریكاوە لە ڕۆژی 3ی مانگی یەك.

لەدوای ئەو ڕووداوە كشانەوەی هێزە بیانییەكان بە تایبەتیش هێزەكانی ئەمریكا، بووە ئەولەویەت لای هێزە شیعەكانی عێراق و لە پەرلەمانیش بڕیارێكیان لەوبایەوە پەسەند كرد.