ھەڵوێستی سەدر لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق

30-12-2021 03:49

پەرەگراف

موقتەدا سەدر هەڵوێستی خۆی لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراق راگەیاندو دەڵێت: بوونی سەربازیی لەناو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد قەدەغەیەو هێزە عێراقییەکان باڵیۆزخانەکە دەپارێزن.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە ھەڵوێستەکەیدا ١٢ خاڵی بڵاوکردووەتەوەو پێیوایە دەبێت ئەو خاڵانە جێبەجێ بکرێن ئەوکات بە مانای كۆتایی هاتنی ئەركی جەنگیی هێزە سەربازییە نێودەوڵەتییەكانە لە عێراق.

"داوایەكی یاسایی رەسمی رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش بكرێت بۆئەوەی پەسەندی بكات. دیاریكردنی بنكەكان و چۆڵكردنی بنكە سەربازییەكان و رادەستكردنەوەیان تەنها بە سوپای عێراق. دیاریكردنی ئەركەكان بە لیستێك و پێویستە پابەندبن پێوەیو پێشێل نەكرێت" ئەمانە بەشێکن لە داواکارییەکانی سەدر.

ھەروەھا دەڵێت "دیاریكردنی ژمارەی ئەوانەی دەمێننەوە لەسەر خاكی عێراق و بەپێی پێویست بۆ هەر بوارێك. جموجوڵی ئەوانەی دەمێننەوە لەناو عێراق و بۆ دەرەوە دەبێت بەگوێرەی یاسا كارپێكراوەكانی عێراق بێت. حكومەتی عێراق بە تەنها ئەركی پشتگیری لۆجیستی و ئەمنیی لەئەستۆ دەگرێت‌و هیچ لایەنێكی دەرەكی مافی ئەوەی نیە دەستوەردان بكات. رێزگرتن لە بواری ئاسمانی عێراق‌و بەكارنەهێنانی بەبێ‌ رەزامەندی حكومەتی عێراق".

ھەڵوێستەکەی سەدر دوای ئەوەدێت، دوێنێ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆتاییهاتنی ئەركی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانانی لە عێراق ڕاگەیاندو وتی "لەمەولا ئەركی ئەوان دەبێتە ڕاوێژكاریی و پاڵپشتی".

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە تویتێكدا دەڵێت "ئەركە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق كۆتایی هات و سەرجەم كەرەستەكانیشیان بردە دەرەوەی وڵات".

سەدر کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق بوو، لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "عێراق دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی تەواوەتییەو هەر رێككەوتنێك ئەوە تێپەڕێنێت بە هەڵوەشاوە دادەنرێت. ئەم هەنگاوە پێشەكییەك دەبێت بۆ كۆتاییهێنان بە بونی بیانی لە داهاتوودا لە نێوشیاندا راوێژكاران‌و ئەوانی تر".

سەدر دەشڵێت "بوونی هەر هێزێكی سەربازی‌و ئەمنیی لەناو باڵیۆزخانەی ئەمریكادا قەدەغەیەو هێزە عێراقییە رەسمییەكان ئەو كارە لەئەستۆ دەگرن. نوێنەرایەتی دیپلۆماتی نێوان هەردوو وڵات دەبێت هاوسەنگ بێت‌و بە گوێرەی بنەما دیپلۆماتییەكان بێت كە لە وڵاتان كاری پێدەكرێت. پێویستە لەسەر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەوە جێبەجێ بكات بۆئەوەی  ببێتە كۆتاییهاتنی پراكتیكی داگیركار".

بەپێی ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریكا، سەرجەم هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە كۆتایی ئەمساڵدا دەبێت عێراقیان جێهێشتبێت.

كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان لە كاتێكدا نزیكین لە ساڵڕۆژی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپایپاسداران لەلایەن ئەمریكاوە لە ڕۆژی 3ی مانگی یەك.

لەدوای ئەو ڕووداوە كشانەوەی هێزە بیانییەكان بە تایبەتیش هێزەكانی ئەمریكا، بووە ئەولەویەت لای هێزە شیعەكانی عێراق و لە پەرلەمانیشبڕیارێكیان لەوبایەوە پەسەند كرد.