لە هەوڵی دەستگیركردنی دوو تۆمەتبار لە بابل 20 كەس كوژران؛ زۆرینەیان ئەندامی یەك خێزانن

31-12-2021 02:55

پەرەگراف

لە هەوڵی هێزە ئەمنییەكان بۆ دەستگیركردنی دوو تۆمەتبار لە قەزای جەبلەی سەر بە پارێزگای بابل، لە ماڵێكدا "20" كەس كوژراون كە بەپێی زانیارییەكان زۆرینەیان ئەندامی یەك خێزانن. هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە كێ‌ ئەو كەسانەی كوشتووە.

لەبارەی ڕووداوەكەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بابل دەڵێت "كاتژمێر سێی ئێوارەی 30-12-2021، پاش ئەوەی زانیاری بە هەواڵگریی قەزای جەبلە دەگات كە دوو داواكراو لە ناوچەی ڕەشاید لە ماڵی ڕەحیم كازم عەیادە غورەیریدان. پاش گەیشتنی تیمێكی هەواڵگری بە شوێنەكە، خاوەن ماڵەكە تەقەی لە ئەفسەرانی هەواڵگری كردووە".

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بابل دەڵێت، دواتر پەیوەندی بە دادوەری قەزاكەوە كراوە و پاش وەرگرتنی مۆڵەت، هێزێكی ئەمنی چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و گەمارۆی ماڵەكەیان داوە.

"ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكە و خاوەن ماڵەكەدا دروست بووە، خاوەنی ماڵەكە ئامادە نەبووە خۆی ڕادەست بكات و دوو ئەندامی هێزەكە بریندار بوون"، هەواڵگریی قەزای جەبلە وا دەڵێت.

پێكدادان لە كاتژمێر حەوتی شەو كۆتایی هاتووە و بەپێی ڕاگەیەدراوەكەی هەواڵگریی جەبلە، كاتێك هێزە ئەمنییەكە چوونەتە ناو ماڵەكەوە "دەركەوتووە كە هەموو خێزانەكە كوژراون".

لەو ڕووداوەدا 20 كەس كوژراون كە ناوی 13یان ئاشكرا كراوە، شەشیان منداڵی خاوەن ماڵەكە (ڕەحیم كازم)ن و چواریان کوڕەزای ئەون، دوانیشیان هاوسەری خۆی و کوڕەکەیەتی. بەشێک لە کوژراوەکان منداڵن

تیمی بەڵگەی تاوان چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوەیان دەست پێ‌ كردووە.

هەر لەبارەی ڕووداوەكەوە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دەڵێت "هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەی جەبلەی باكووری پارێزگای بابل، دوو تۆمەتباری تیرۆریان گەمارۆ داوە، پاش بچووكردنەوەی بازنەی گەمارۆكە، تەقەی هەڕەمەكییانەیان لە هێزە ئەمنییەكان كردووە و ژمارەیەك لە ئەندامانی هێزەكە بریندار بوون".

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایشیگەیاندووە كە لێكۆڵینەوە لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی ژمارەیەك هاووڵاتی لە ماڵەكەدا، دەستی پێ‌ كردووە.