ئاسایشی دھۆک ھەڵدەکوتێتەسەر مەکۆی گۆڕان و ڕێگریی لە خەڵاتکردنی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوان دەکات

31-12-2021 05:15
دیمەنێک لە مەراسیمەکە. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف- دھۆک

ئاسایشی دھۆک ڕێگریی لە چالاکییەک کرد کە تێیدا خەڵات دەدرا بە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، ھێزەکانی ئاسایش ھەڵیانکوتایەسەر مەکۆی گۆڕان بۆ ڕێگریی لە مەراسیمەکەو ئەو کەسانەی بۆ مەراسیمەکە چوونەتە دھۆک لەوشارە دەرکران.

پەیامنێری پەرەگراف کە لە مەراسیمەکەدا ئامادەبووە، وتی: بڕیاربوو مەراسیمەکە لە ھۆڵی کریستاڵ ئەنجام بدرێت بە ئامادەبوونی ئەیاد فەتلاوی سەرۆکی چەتری پارێزەرانی ئاشتی و دەیان پارێزەر کە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە ھاتبوونە دھۆک، بەڵام ئاسایش ڕێگریی لێ کردن.

پاشان ڕۆژنامەنووس و چالاکان بە ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان، بڕیاردەدەن مەراسیمەکە بگوازنەوە بۆ مەکۆی گۆڕان لە دھۆک کە تێیدا ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکانە خەڵات دەکران کە ڕۆڵیان ھەبووە لە ڕووماڵ و بایەخدان بە دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان.

لەکاتی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە مەکۆی گۆڕان، "ھێزەکانی ئاسایش ھەڵیانکوتایەسەر مەکۆی گۆڕان و سەرەتا دەستیانگرت بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان و ڕێگریی لە ڕووماڵی مەراسیمەکە، دواتر ڕۆژنامەنووسانیان دەرکردە دەرەوە".

"ئەندامێکی گۆڕان ڕوبەڕوی ھێزەکان بووەو پێی گوتن ئێرە ماڵی خۆمانەو بۆتان نییە ڕێگریی بکەن، ئەوان وتیان چۆن لە ھۆڵی کریستاڵ ڕێگەیان پێنەدراوە لێرەش ڕێگە نادرێت. بەوشێوەیە مەراسیمەکە تێکدرا".

پەیامنێری پەرەگراف وتیشی "سەرۆکی چەتری پارێزەرانی ئاشتی و ئەو پارێزەرانەی بۆ ئەو مەراسیمە ھاتبوون دھۆک، لە ھۆتێل دەستبەسەربوون تا ئەوکاتەی لە شارەکە دەرکران و ئۆتۆمبێلێکی ھێزە ئەمنییەکان لەگەڵیان بوو تا لە سنوری ئەوشارە برانە دەرەوە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەیشی لە ھەولێرەوە ھاتبوون پێیان گوترا دھۆک بەجێبھێڵن و لەژێر چاودێریدان تا دەچنە دەرەوەی دھۆک".