شوێنەواری سلێمانی بەدواداچوون بۆ ئێسكەپەیكەرەكەی چەمچەماڵ دەكات؛ مێژووەكەی بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

04-01-2022 11:48

پەرەگراف

لە قەزای چەمچەماڵی لانكەی شارستانیەتی مرۆڤ، باران سیمای شوێنەوارێكی دیكە دەردەخات كە بەپێی هەندێك لە پێشبینییەكان مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەویش دۆزینەوەی ئێسكەپەیكەری ئاژەڵە كە لە گوندێكی سنوورەكە. شوێنەواری سلێمانی دیاریكردنی مێژووی ئەو ئێسكەپەیكەرە دەبەستێتەوە بە ئەنجامدانی پشكنین لە داهاتوودا.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە گوندی تەژگا كە دەكەوێتە سنووری ناحیەی تەكیە لە قەزای چەمچەماڵ، لەلایەن هاووڵاتییەكەوە ژمارەیەك ئێسكی ئاژەڵ لەناو بەردی ڕێڕەوێكی ئاویدا بینراوە كە بەهۆی بارانەوە دەركەوتووە. ئەو هاووڵاتییە خێرا لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار دەكاتەوە كە بەدواداچوون بۆ ئەو شوێنەوارە بكەن.

دوێنێ‌ دووشەممە ٣-١-٢٠٢٢، تیمێكی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی سەردانی شوێنەوارەكەیان كردووە و وێنەیان گرتووە، هەروەها نموونەیان لێ وەرگرتووە بۆ پشكنین.

كەمال ڕەشید، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی، بۆ پەرەگراف دەڵێت "داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار كردووە پارەمان بۆ دابین بكات بۆ ئەوەی ئیشی كنە و پشكنین لەو شوێنەوارەدا بكەین، تا ئێسكەكان هەڵبگرینەوە و بزانین مێژووەكەی چەندە".

بەپێی بەدواداچوونی سەرەتایی شوێنەواری سلێمانی، ئەوەی دۆزراوەتەوە ژمارەیەك ئێسكە لە چەند شوێنێكی نزیك لە یەكدی، كە پێدەچێت ئێسكەپەیكەری زیاتر لە ئاژەڵێك بێت، یان ئێسكەپەیكەری ئاژەڵێكی گەورە بێت.

بەوتەی ئەو كەسانەی سەردانی شوێنەكەیان كردووە، ئێسكەكان چەند پارچەیەكن و نێوانیان نزیكەی چوار مەتر دەبێت.

د. هەڵەت ڕەشید، پسپۆری جوگرافیای سروشی و یەكێك لەو كەسانەی كە سەردانی شوێنەكەی كردووە، لەوباریەوە بۆ پەرەگراف دوا. ئەو پێی وایە شوێنەوارەكە ئێسكەپەیكەری ئاژەڵی ماڵی بێت و ژمارەیان چەند ئاژەڵێك بێت.

بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی جەخت دەكاتەوە "تا ئەو كاتەی شكنینی DNA بۆ شوێنەوارەكە نەكرێت، نازانرێت مێژووەكەی چەندە". بەڵام د. ئومێد خەتاب، پسپۆری بواری مێژوو، سەردانی ئەو شوێنەی كردووە كە شوێنەوارەكەی لێیە، بۆ پەرەگراف و دوا و پێی وایە "لەبەر ئەوەی ئێسكەكان بەبەرد نەبوون، مێژووەكەیان زۆر كۆن نییە و دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ‌".

چاخی بەردینی نوێ‌ یان سەردەمی نیۆلیسیك (٩٠٠٠ - ٤٥٠٠ ساڵ پێش زایین)، دوایین دابەشكاریی چاخی بەردینە. لەم چاخەدا شارستانیەتی مرۆڤ پێشكەوتنی گەورەی بەخۆوە بینی و كشتوكاڵی دۆزییەوە.

بەو پێیە مێژووی ئەو ئێسكەپەیكەرەی دۆزراوەتەوە زیاتر لە شەش هەزار ساڵە، ڕەنگە تەمەنی بگاتە ١٠ هەزار ساڵیش، بەڵام بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی ڕەتی كردەوە هیچ پێشبینییەك لەوبارەیەوە بكات و جەختی كردەوە كە دیاریكردنی تەمەنی شوێنەوارەكە پەیوەستە بە پشكنینی وردەوە.

د. هەڵەت ڕەشید، پسپۆڕی جوگرافیای سروشتی، بۆ پەرەگراف ئاماژە بەوە دەكات كە "جۆری ئەو بەردەی ئێسكەپەیكەرەكەی تێدا ماوەتەوە، بەردی نیشتووە و هەر ئەوەش وای كردووە ئێسكەكە لە باران پارێزراو بێت".

هەروەها د. ئومێد خەتاب، پسپۆری بواری مێژوو، باس لەوە دەكات كە ئەو ناوچەیەی شوێنەوارەكەی تێدا دۆزراوەتەوە، لە پێش زایین و دوای زایین و هەتا چەند سەد ساڵێك پێش ئێستایش، دارستان بووە و جۆرەها ئاژەڵی تێدا ژیاوە، بۆیە ئەگەری ئەوە بەهێزە كە مێژووی شوێنەوارەكە زۆر كۆن نەبێت.

بەوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی، سنووری قەزای چەمچەماڵ زیاتر لە ٢٠٠ شوێنەواری تێدایە و بەشێكیان دیارن، وەك گوندی چەرمووی كشتوكاڵی و بەردە بەلەكە، كە دێرینترین ناوچەی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و كشتوكاڵكردن بوون. دۆزینەوە شوێنەوارییەكانی ئەو ناوچەیە سەلماندوویەتی كە مرۆڤ حەوت هەزار ساڵ بەر لە زایین لە گوندی چەرمۆدا كشتوكاڵی كردووە، كۆنترین پارچە بەردیش كە مێژووەكەی ١٠٠ هەزار ساڵە و لە بەردە بەلەكە دۆزراوەتەوە، لە مۆزەخانەی سلێمانی پارێزراوە.